سعودیە دەستپێشخەری کۆتاییهێنان بە شەڕی لە یەمەن راگەیاند

ليست هناك تعليقات

سعودیە پێشنیازێکی نوێی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی یەمەن پێشکەشکرد و تێیدا ئامادەیی بۆ دانوستاندن لەگەڵ حوسییەکان دەربڕی. بەڵام حوسییەکان دەڵێن "پێویستە پێش هەموو شتێک، گەمارۆی ئاوی و ئاسمانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان هەڵبگرێت".

فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودیە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رۆژی دووشەممە، پلانەکەی سعودیەی وەک دەستپێشخەرییەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی دۆخی یەمەن ئاشکرا کرد، کە تێیدا گرنگییەکی زۆر بە کردنەوەی بەندەری حودەیدە لە رۆژئاوای یەمەن دراوە.

ئەو بەندەرە یەکێکە لە دەروازە سەرەکییەکانی یەمەن بەڕووی دەرەوەدا، کە هاوکات رێگایەکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ یەمەن. بەڵام بەندەرەکە لە 2018ەوە بەهۆی شەڕی حوسییەکان و هاوپەیمانێتی عەرەبییەوە بە سەرۆکایەتیی سعودیە، گەمارۆی بەسەردا سەپێندراوە.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش پێشتر ئاماژەی بەوە کردووە، پێش 2018 ئەم بەندەرە رێگەی گەیاندنی ٪80ی هاوکارییە مرۆییەکان بووە بە یەمەن.

فەیسەڵ بن فەرحان سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی وڵاتەکەی گوتی: "سعودیە دەستپێشخەرییەکی نوێ رادەگەیێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی یەمەن و گەیشتن بە چارەسەرێکی گشتگیری سیاسی، کە ئاگربەست لە تەواوی وڵاتدا لەخۆی دەگرێت بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان. سعودیە داوا دەکات داهات و گومرگی هەموو بەرهەمە نەوتییەکانی بەندەری حودەیدە بخرێتە ناو ئەژمارێکی هاوبەش لە بانکی ناوەندیی یەمەن. هەروەها کردنەوەی فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتیی سەنعاش بگرێتەوە کە بتوانێت گەشت بۆ ژمارەیەک شوێنی نێودەوڵەتی و هەرێمی بکات".

لەو پێشنیازەی سعودیەدا، باس لەوە کراوە، کە سعودیە ئامادەیە هاوکاری گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکانیش لەو بەندەرەوە بکات و تەنانەت داهاتەکەشی لەو ئەژمارە هاوبەشەدا بپارێزرێت و بۆ خەڵکی یەمەن خەرج بکرێت.

بەڵام حوسییەکان هێشتا ئەم پێشنیازەی سعودییەیان قبوڵ نەکردووە. محەممەد عەبدولسەلام گوتەبێژی حوسییەکان بە میدیای حوسییەکانی راگەیاند: "پێشنیازەکەی سعودیە هیچ شتێکی نوێی تێدا نییە و ئەگەر سعودیە نیازی چارەسەریی هەیە پێویستە پێش هەموو شتێک، گەمارۆی ئاوی و ئاسمانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان هەڵبگرێت".

گوتەبێژی حوسییەکان ئاماژەی بەوەش کردووە "لەکاتێکدا سعودیە ئەو دەستپێشخەرییەی راگەیاندووە، کەچی 16 کەشتی کە بەرەو ئەو بەندەرە هاتوون لەلایەن هاوپەیمانێتی عەرەبییەوە لە دەریای سوور دەستیان بەسەردا گیراوە". بەڵام رەتیشی نەکرووە کە ئەوان هێشتا ئامادەن لەو بارەیەوە قسە لەگەڵ سعودیە و ئەمریکا بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش وەک نێوەندگیرێک لەگەڵ سەڵتەنەی عومان لەپەیوەندیدا دەبن.

چونکە بە گوتەی ئەوان، بەهۆی گەمارۆکانەوە، بەتایبەت لەسەر بەندەری حودەیدە، لە ئەمساڵدا "هیچ هاوکارییەک نەگەیشتووەتە بەندەرەکە و رێگەش نەدراوە هیچ بارێکی سوتەمەنی و نەوت بگاتە ئەو بەندەرەی یەمەن". دەشڵێن گەمارۆی سەر بەندەرەکە وایکردووە، "گەورەترین کارەسات لە یەمەن دروست بێت".

عیسام موتەوەکل، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی حکومەتی حوسییەکان لەو بارەویەوە رایگەیاندووە "گەمارۆکانی سەر یەمەن، کارەساتێکی مرۆیی دروستکردووە کە زۆر لەوە گەورەترە کە لە راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبینرێت".

سعودیە لە دەستپێشخەرییەکەی رۆژی دووشەممەدا داواشی لە حوسییەکان کرد پێشنیازی ئاگربەست قبوڵ بکەن و بچنە سەر مێزی دانوستاندن. هەر بۆیە نەتەوە یەکەگرتووەکان هەر زوو پێشوازی لەو پێشنیازە کرد و پێشیوایە هەوڵەکانی سعودیە هاوتەریبە لەگەڵ هەوڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و نێردەی تایبەتی رێکخراوەکە بۆ یەمەن لەپێناو چارەسەری سیاسی و گەیاندنی هاریکارییە مرۆییەکاندا.

فەرحان حەق، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت؛ "ئێمە پێشوازی لە راگەیێندراوی ئەمڕۆی شانشینی سعودیە دەکەین بەوەی نیازی خۆی نیشان دا بۆ کارکردن بە کۆمەڵێک پێوەر لەپێناو هاوکاریکردنی کۆتاییهێنان بە ململانێی یەمەن، کە هاوتەریبە لەگەڵ دستپێشخەرییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەروەها پێشوازی لە پشتیوانییەکانی سعودیەش دەکەین بۆ هەوڵەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان".

گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها دەڵێت: "مارتن گریفس نێردەی تایبەتی ئێمە سەرقاڵی کارکردنە بۆ ئاگربەستی هەمەلایەنە، کردنەوەی فڕۆکەخانەی سەنعا، رێگەدان بە گەیاندنی سووتەمەنی و هاوکاریی بۆ بەندەری حودەیدە و هەروەها دەستپێکردنەوەی پرۆسەی سیاسی".

فەرهان حەق بەپێویستی دەزانێت: "کۆتایی بەو ململانێیە بهێنرێت و چیدی خەڵکی یەمەن ئازار نەچێژن. نەتەوەیەکگرتووەکان بەپەرۆشە بۆ بەرەوپێشچوون لەو کارانەدا و کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکان لەپێناو بەدستهێنانی ئەم ئامانجەدا".

جگە لە پێشنیازی ئاگربەست و کردنەوەی بەندەری حودەیدە، سعودیە ئامادەییشی نیشانداوە بۆ هاوکاریکردنی کردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سەنعای پایتەخت کە لەژێر کۆنترۆڵی حوسییەکاندایە، کەچی حوسییەکان هێشتا داوای لابردنی گەمارۆی ئاوی و ئاسمانی دەکەن، لەکاتێکدا سعودیە دوو پێشنیازی کردووە بۆ لابردنی گەمارۆی ئاوی لەسەر حودەیدە و گەمارۆی ئاسمانی لەسەر فڕۆکەخانەی یەمەن.

شەڕی یەمەن لە 2014ەوە دەستیپێکردووە، حوسییەکان دەستیان گرتووە بەسەر سەنعای پایتەخت و ناوچەیەکی فراوانی ئەو وڵاتەدا، لە 2015ـەشەوە هاوپەیمانێتی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودیە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دژ بە حوسییەکان دەستپێکرد کە سعودیە پێیوایە لەلایەن ئێرانەوە هاوکارییان دەکرێت و چەک و هاوکاریی داراییان بۆ دەنێردرێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لە 2018ەوە گەمارۆی لەسەر بەندەری حودەیدە داناوە، چونکە بە بۆچوونی سعودیە حوسییەکان ئەو بەندەرە بۆ گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی بەکاردەهێنن.

ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی بە سەرۆکایەتیی جۆ بایدن، هەر لەسەرەتای کابینەکەیەوە گوشارێکی زیاتری لەسەر سعودیە دەستپیکرد و نیازی خۆی بۆ کارکردن لەپێناو کۆتاییهێنان بەو قەیرانە نیشان دا. لەو چوارچێوەیەشدا وەک گوشارێک بۆ سەر سعودیە و گەڕانەوە بۆ چارەسەریی سیاسی، فەرمانی وەستاندنی فرۆشتنی چەکی پێشکەوتووی ئەمریکی بە سعودیە دەرکرد. هەروەها لە هەنگاوێکی دیکەشدا، کە بەگوتەی کۆشکی سپی لەپێناو کردنەوەی رێگای هاریکارییە مرۆییەکانە بۆ یەمەن، ئیدارەی کۆشکی سپی حوسییەکانی لە لیستی تیرۆر دەکرد، بەڵام سزای چەند بەرپرسێکی ئەو گرووپەی دا.

سەرباری نەبوونی کاردانەوەیەکی ئەرێنی حوسییەکان بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی سعودیە، بەڵام ریاز سوورە لەسەر ئەو پێشنیازانەی کە کردوونی و دەڵێت لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکاش کار بۆ ئەو پێشنیازە دەکەن بۆ ئەوەی گوشاری زیاتر لەسەر حوسییەکان دروست بکرێت بۆ رازیبوون بە ئاگربەست.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif