قه‌ره‌بووی قوربانیانی جینۆساید و نه‌گبه‌تیی پارتی و یه‌كێتی

ليست هناك تعليقات


عارف قوربانی

له‌ دوسندكردنی پرۆژه‌یاسای تایبه‌ت به‌ ژنانی رزگاربووی ئێزدی له‌ په‌رله‌مانی عێراق، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی كۆمار ئاماده‌ی كردبوو، ده‌مویست بۆ ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وتاره‌كه‌م ته‌رخان بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی پاكیزه‌كانی شنگال، پرۆژه‌یاسایه‌ك بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی جینۆساید ئاماده‌ بكرێت، به‌ڵام گه‌رمبوونه‌وه‌ی خولێكی دیکەی شه‌ڕی میدیایی پارتی و یه‌كێتی له‌م هه‌لومه‌رجه‌ هه‌ستیاره‌دا رایكێشام بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ‌ سه‌رنج له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ش بده‌م، بۆیه‌ به‌ناچاری هه‌ردوو بابه‌ته‌كه‌م تێكه‌ڵكرد.

قه‌ره‌بووی قوربانیانی جینۆساید

زۆرجار له‌ باسی به‌ند و بڕگه‌كانی ده‌ستوور و ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ عێراق ده‌رده‌كرێن، ئاماژه‌م به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ عه‌ره‌به‌كان زۆر له‌ كورد شاره‌زاتر و وریاترن، ئه‌گه‌ر له‌ژێر گوشاری هه‌ر بارودۆخێكدا ده‌ستووریان نووسیبێته‌وه‌ یا هه‌ر بڕیار و یاسایه‌ك ده‌رچووبێت، به‌چاوێكی دوورمه‌وداوه‌ لێیان روانیوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر بۆ هه‌لومه‌رج و دۆخێكی كاتی كورد لێشی سوودمه‌ند بووبێت، له‌ كۆتاییدا بۆ كورد بووه‌ به‌ سه‌راب و عه‌ره‌ب به‌ره‌كه‌ی چنیوه‌ته‌وه‌.

ته‌ماشای ئه‌و رۆژگارانه‌ بكه‌ین كه‌ دادگەی باڵای تاوانه‌كانی عێراق كه‌یسی تاوانه‌كانی ته‌عریب و فه‌یلیی و بارزانییه‌كان، ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ی به‌ جینۆساید ناساند، وه‌ك رێكار و عورفێكی یاسایی كه‌ ده‌بوو بڕیار له‌سه‌ر قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی ئه‌و تاوانانه‌ بدرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق به‌رپرس بووه‌ له‌ ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌ و له‌ 68 تا 2003 وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی به‌رده‌وام ئه‌و تاوانكارییانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌كانی عێراقه‌وه‌ ئه‌نجامدراون، پێویست بوو ئه‌ركی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌ش بخرێته‌ ئه‌ستۆی عێراق وه‌ك لایه‌نی ئه‌نجامده‌ری تاوان، وه‌ك چۆن تاوەکو ئێستاش پابه‌نده‌ به‌ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ كوێت كردی، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ ره‌هه‌ندێكی ستراتیژیی نه‌ته‌وه‌یی هه‌یه‌، عه‌ره‌به‌كان له‌ بڕیاری دادگەی باڵادا ئه‌ركی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌كه‌یان كرد به‌ ئه‌ركێكی شه‌خسی له‌سه‌ر تاوانبار، واتا ده‌بێت كه‌سی تاوانكار قه‌ره‌بووی تاوانلێكراو بكاته‌وه‌.

ئه‌مه‌ تاوانێكی كه‌سی نه‌بوو كه‌ كه‌سێك به‌رانبه‌ر به‌ كه‌سێكی دیکە تاوانێكی ئه‌نجام داوه ‌و دادگە بڕیار ده‌دات ده‌بێت تاوانبار قه‌ره‌بووی قوربانییه‌كه‌ بكاته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌ست به‌سه‌ر موڵك و ماڵیدا ده‌گرێت و به‌هاكه‌ی ده‌به‌خشێته‌ تاوانلێكراو. ئه‌وه‌ی روویدابوو جینۆسایدی میلله‌تێك بوو له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌، به‌پێی یاسای نێوده‌وڵه‌تی و هه‌موو رێسا و یاسایه‌ك كه‌ دان به‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژییه‌كه‌دا نرا، پێویست بوو ده‌وڵه‌ت بخرێته‌ژێر باری قه‌ره‌بووی قوربانییه‌كان، به‌ڵام عێراق ئه‌مه‌ی نه‌كرد و وه‌ك تاوانێكی شه‌خسی باجه‌كه‌ی خسته‌سه‌ر تاوانباره‌كان.

كورد له‌به‌رئه‌وه‌ی وردنین له‌ هه‌ڵسه‌نگاندن و توانا و تاقه‌تی به‌دواداچوونی ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌مان نییه‌، ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵ تێپه‌ڕی و هه‌وڵی راستكردنه‌وه‌ی ئه‌و زوڵمه‌مان نه‌داوه‌. له‌ كاتێكدا له‌ چه‌ند خولی رابردووی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی كۆماردا، چی سه‌رۆككۆمار و چی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كان ده‌یانتوانی پرۆژه‌یاسایه‌ك بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی قوربانیانی جینۆساید به‌رنه‌ په‌رله‌مان و له‌ هه‌ندێ‌ هه‌لومه‌رجدا به‌ئاسانی ده‌توانرا بچه‌سپێندرێت، به‌ڵام كه‌س بیری بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌چوو، له‌كاتێكدا ئه‌ركی سه‌ره‌كی سه‌رشانی نوێنه‌رانی كورد بوو. هه‌رچه‌ند ماوه‌یه‌كی زۆر به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیوه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ قوربانیانی جینۆساید له‌ كوردستان به‌چاوی چاوه‌ڕوانییه‌وه‌ سه‌ریان نایه‌وه‌، به‌ڵام هێشتا كات ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كورد بیر له‌م رێگەیه‌ بكاته‌وه‌، چونكه‌ نه‌ باجی تاوانه‌كه‌ له‌سه‌ر عێراق ته‌نیا سزادانی شه‌ش بۆ حه‌وت كه‌سه‌ و نه‌ قه‌ره‌بووی قوربانییه‌كانیش ته‌نیا داننانه‌ به‌ ئه‌نجامدانی تاوانه‌كه‌، ده‌بێت عێراق بخرێته‌ژێر باج و سزای تاوانه‌كه‌ و كوردیش قه‌ره‌بووی قوربانییه‌كانی وه‌ربگرێته‌وه‌.

نه‌گبه‌تیی پارتی و یه‌كێتی

ماوه‌یه‌كی زۆره‌ پرسیارێك مێشكی پڕكردووم، ئایا ئه‌مه‌ی پارتی و یه‌كێتی ده‌یكه‌ن وه‌ك درێژه‌ی شه‌ڕێكی سارد و ناوه‌ناوه‌ له ‌میدیا گه‌رمی ده‌كه‌نه‌وه‌، دابه‌شكردنی رۆڵه‌ له‌نێوان خۆیان یاخود به‌ڕاستیانه‌؟ ئه‌گه‌ر دابه‌شكردنی رۆڵه ‌و بۆ گۆڕینی ئاراسته‌ی سه‌رنجی خه‌ڵك و له‌بیربردنه‌وه‌ی كێشه‌كان واده‌كه‌ن، هیچ پێویست به‌وه‌ ناكات، چونكه‌ خه‌ڵك نه‌ سه‌رنجی هه‌یه‌ و نه‌ زاكیره‌، ئیتر بۆچی له‌پێشچاوی دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆتان، خۆتان ناشرین ده‌كه‌ن؟ له‌خۆم ده‌پرسم ئه‌گه‌ر نه‌گبه‌تییان نه‌بێت چییانداوه‌ له‌م شه‌ڕه‌ ده‌نووكه‌؟ خوا میلله‌تێكی پێداون چۆنتان بووێ‌ ئاوا ئاراسته‌ی ده‌كه‌ن، نه‌ك نایه‌كی نییه‌ به‌ ڕووتاندا، ته‌نانه‌ت پرسیاریش رووبه‌ڕووتان ناكاته‌وه‌، ئیتر بۆ له‌خۆتانی تێكدە‌ده‌ن؟

له ‌كام وڵات و كام سه‌ركرده‌ و سیاسی دونیا ئه‌و شانسه‌ی هه‌بووه‌ میلـله‌تێكی له ‌شێوه‌ی كوردی هه‌بێت، هیچ میلله‌تێك نییه‌ له‌ دونیادا هاوشێوه‌ی كورد موتیعی حیزب و سه‌ركرده‌كانی بێت. سه‌ركرده ‌و سیاسییه‌كانی چۆنیان بوێ‌ و چیان بوێ‌ میلله‌ت ئه‌وه‌ بكات. ته‌ماشا بكه‌ن رۆژێك حه‌زیان لێبووه‌ كورد ده‌ست بداته‌ چه‌ك و شۆڕش به‌رپا بكات نیوه‌ی ئه‌و میلله‌ته‌ داوێتی به‌شاخدا، خاوه‌ن ده‌یان هه‌زار چه‌كدار بووه‌ سه‌ركرده‌كان گوتوویانه‌ بچن ته‌سلیم ببنه‌وه‌، هه‌موو رێگه‌ی ته‌سلیمبوونیان گرتووەته‌به‌ر و چه‌كه‌كانیان داوه‌ته‌وه‌ به‌ دووژمن.

سه‌یری ئه‌م هاوكێشه‌یه‌ بكه‌ن دوای چه‌ند مانگێك به‌ خه‌ڵك ده‌ڵێن وه‌رنه‌وه‌ به ‌چوار تفه‌نگی ژه‌نگاوییه‌وه‌ شۆڕش ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ جارێكی دیکە دێته‌وه‌ شاخ، پێیان ده‌ڵێن بچن براكانی خۆتان بكوژن، شۆڕشگێڕه‌كان بێئه‌وه‌ی یه‌كدی بناسن ده‌ست ده‌خه‌نه‌ خوێنی یه‌كدییه‌وه‌. پێیان ده‌ڵێن ئاشتبووینه‌وه‌ شایی بكه‌ن، شۆڕشگێڕه‌كان هه‌ڵده‌په‌ڕن.

زۆرێك له‌ سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ‌ له‌ فه‌رمانده‌ ئازاكانی شۆڕشیشیان كرد به‌ جاش، پێیان گوتن بچن فه‌وج بكەنە‌وه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ چه‌كی بۆ رژێم هه‌ڵگرت، پێیان گوتن له‌ رژێمه‌كه‌ هه‌ڵگه‌ڕێنه‌وه‌، كردیان. گوتیان راپه‌ڕن و شاره‌كان رزگاربكه‌ن و دێیینه‌وه‌ شاره‌كان، گوتیان راكه‌نه‌وه‌ بۆ شاخ، میلله‌ت هه‌موو كه‌وته‌ڕێ‌. گوتیان رێگه‌ی دیموكراسی ده‌گرینه‌به‌ر و بچنه‌ سه‌ر سندووقی ده‌نگدان، میلله‌ت هه‌موو ریزی به‌ست، گوتیان به‌رببنه‌ گیانی یه‌كدی، كۆمه‌ڵگە هه‌مووی به‌ریه‌ككه‌وت، گوتیان ئاشتببنه‌وه‌، ئاشت بووینه‌وه‌. گوتیان بچن ده‌نگبده‌ن به‌ ده‌ستووری عێراق و ده‌بینه‌وه‌ به‌ عێراقی، میلله‌ت ده‌نگی بۆ دان. گوتیان نامانه‌وێ‌ له‌گه‌ڵ عێراق بژین و جیاده‌بینه‌وه‌ ده‌نگبده‌ن، میلله‌ت وایكرد. چیتان ویستووه‌ خه‌ڵك ئه‌وه‌ی بۆ كردوون.

ئه‌مه‌ی له‌نێوان خه‌ڵك و حیزب و سه‌ركرده‌كانی كورد رووده‌دات ته‌نانه‌ت له‌یاری منداڵانیش ناچێت، ئیدی بۆ له‌ خۆتانی تێك ده‌ده‌ن؟ تێناگه‌م بۆچی ئه‌م دوو حیزبه‌ قه‌دری ئه‌وه‌ ناگرن كه‌ هه‌یانه‌، بۆچی قه‌دری ئه‌و پۆست و پله ‌و پێگانه‌ ناگرن كه‌ ده‌ستیان كه‌وتووه‌. ئایا هیچ كات له‌خۆتان پرسیوه‌ ئه‌گه‌ر له‌ناو كورد نه‌بووان ئێستا چی ده‌بوون؟ یان ئه‌و پرسیاره‌ به‌مێشكتاندا هاتووه‌ ئه‌گه‌ر كوردیش هاوشێوه‌ی گه‌لانی دونیا بووایا، ئێوه‌ له‌ناو ئه‌و میلـله‌ته‌ زیندووه‌دا چی ده‌بوون؟ كام وڵات له ‌دونیادا زۆر به‌هێزه‌ و خاوه‌ن زۆرترین ته‌كنه‌لۆجیای سه‌ربازیی و توانای سیاسی و ئابوورییه‌، ئه‌مریكا، رووسیا و وڵاتانی ئه‌وروپا كه‌ ته‌حه‌كوم به‌ گۆی زه‌ویی و ئاسمان و هه‌ساره‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ژیانی پڕ به‌ ره‌فاهیه‌تیان بۆ میلـله‌ته‌كانیان دروستكردووه‌ ئه‌گه‌ر شه‌ش مانگ مووچه‌ نه‌ده‌نه‌ فه‌رمانبه‌ره‌كانیان، میلله‌ته‌كانیان ده‌یانڕووخێنن. ئه‌وه‌ حه‌وت ساڵه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست قه‌یرانی دارایی و بێ مووچه‌ییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ‌، كێ‌ یه‌خه‌ی پێگرتوون؟ بۆ له‌ خۆتانی تێكده‌ده‌ن؟

هه‌ر به‌ڕاستی پێم سه‌یره‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ بۆ واده‌كه‌ن، بۆ خه‌ریكه‌ ئه‌و ناز و نیعمه‌ته‌ له‌ خۆیان تێكده‌ده‌ن، خه‌ریكه‌ ده‌گه‌مه‌ قه‌ناعه‌ته‌كه‌ی مام رۆسته‌م کە ده‌یگوت من هیچ پابەندییەكی ئایینیم نییه‌، به‌ڵام ده‌زانم خودایه‌ك هه‌یه‌ ناهێڵێت زووڵم هه‌تا سه‌ر بڕوات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مه‌زڵوومیش خۆی رازی بێت به‌وه‌ی به‌سه‌ریادێت، خوا سه‌ر له‌ زاڵمه‌كه‌ ده‌شێوێنێت.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق