وهزارهتی بازرگانی عیراق خهرجكردنی 429 ملیاری دیناری دیكهی بۆ جووتیاران راگهیاند
وەزارەتی بازرگانیی عیراق خەرجکردنی 429 ملیار دیناری دیکەی پارەی گەنمی جووتیارانی راگەیاند و دەڵێت، ئەمە قۆناخی هەشتەم و نۆیەمی پارەی گەنمی جووتیارانە و رەوانەی بانکەکان کراوە، پارەکەش شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانە بۆ ساڵی 2020.
وەزارەتی بازرگانی عیراق له راگەیهندراوێکی لەبارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی عیراق بڵاوکردووەتەوە، كه تیایدا عەبدولڕەحمان جویبراوی، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵەی عیراق ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر راسپاردەی وەزیری بازرگانی داوایان لە تەواوی لق و شوێنەکانی کۆمپانیای دانەوێڵە کردووە چەکی پارەی تایبەت بە جووتیاران رێکبخەن وەک قۆناخی هەشت و نۆ تایبەت بە گەنمی ساڵی 2020.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووه، "بە دڵنیایەوە لەو بڕە پارەیە بەشێکیان بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستانە، بەڵام بڕەکەی بە دیاریکراوی نازانین".
ئەمە لەکاتێکدایە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 9ی ئازاری 2021، چەکی پارەی قۆناغی حەوتەمی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵی 2020 گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان.
نەوزاد شێخ کامل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، چەکی قۆناغی حەوتەمی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2020 گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، کە کۆی گشتییەکەی دەکاتە 22 ملیار و 260 ملیۆن دینار.
سەبارەت بەوەی کە جووتیارانی سنووری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک لەو بڕە پارەیە چەندیان بەردەکەوێت؟ بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەولێر ههشت ملیار و 56 ملیۆن دینار، سلێمانی حهوت ملیار و 176 ملیۆن دینار و دهۆک حهوت ملیار و 28 ملیۆن دینار. بەڵام تا ئێستا جووتیاران پارەکەیان وەرنەگرتووە.
بە وتەی نەوزاد شێخ کامل، ئەو چەکانە پێویستیان بە راساندنە و بەمەبەستی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیەش لە هەفتەی داهاتووە دەست بە رێکارەکان دەکەن.
هەروەها چەکی پارەی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 گەیشتووەتە هەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا پارەکەی نەگەیشتووە.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق