لە پەراوێزی پەیامەکەی سەرۆکدا کێشەکان بەئایدیۆلۆژی مەکەن

ليست هناك تعليقات



فارس نەورۆڵی

لەو ڕۆژانەدا، لەسەر بڕیارێکی دادگا لەسەر ڕاگرتنی چەند چالاکوانێک، هەڵایەکی لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەتەک خۆیدا دروستکرد. تا ئەو شوێنەی ئەو هەرایە پەیوەندی بەفشاری مەدەنییەوە هەبێت، لە چواچێوەی یاسادا کەس لاری لێی نیە، بەڵام ئەوکاتەی ئەو مەسەلە یاسایی و مەدەنییانە دەگۆڕێت بۆ ئایدۆلۆژی و شەڕی کۆنەقین، ئیتر دەبێ جیاواز تر لێی بڕوانین. چونکە کێشەی ئایدۆلۆجیاکان لەوەدایە هەمیشە چارەسەر لای خۆی دەبینێت و جیهان بۆ دوو ڕەنگی ڕەش وسپی دابەش دەکەن و ڕەنگی دیکە لەنێوان ئەو دوو ڕەنگەدا نابینن و بۆ ڕێگاچارەی دیکە ناگەڕێن. ئەو کاتەی ئەم ئایدۆلۆجییە تێکەڵ بەشەڕی کۆنەقین دەکرێ، ئیتر دەبێتە تراژیدیا.
جارێ، یەکەم قسەی ئەو مەخلوقەی کە ناوی ڕۆشنبیر و میدیاکار و چالاکوانە بەوە دەستیان پێکرد گیراوەکانی بادینان. بەکارهێنانی وشەی بادینان یان سۆران هەموومان دەزانین چ ئەدەبیاتێکە ئەم بەکارهێنانە لە بچوکی بیرکردنەوەدایە ئەگینا ئێمە شار و شارۆچکەمان هەیە ئیتر چی پێویست دەکات، بەکارهێنانی بادینان یان سۆران ، کاتێک ڕۆژنامەنوسێک لەسلێمانی تیرۆردەکرێ ئەوە لەسلێمانی ئەو حاڵەتە ڕوویداوە چی پێویست دەکات بڵێی لەسۆران تیرۆرکراوە، یاخود یاخود چالاکوانێک لەدهۆک دەگیرێ چی پێویستە بڵێی لەبادینان کاتێک حاڵەتەکەلە دهۆک ڕویداوە ئەمە ئەگەر ئەم بەکارهێنانە بۆ بچوککردنەوەو دابەشکردنی کوردستان نەبێ بۆدوناوچەی مۆدیلی میرنشینی و غەرەزی سیاسی وئەقڵی ناوچەگەری لەپشتەوە نەبێت چی دەگەیەنێت

 لەم چەند ڕۆژەدا بەپێی کات هەوڵمدا زۆربەی ئەو بابەتانە، کە لەسەر ئەو بەڕێزانە، کە هاوڵاتی و هاو زمانی یەکین و لە دادگا ڕاگیراون بخوێنمەوە، کە هیوادارم دادگای تەمیز لە چوارچێوەی یاسادا ئاسانکارییان بۆ بکات، بەڵام دەکرێ ئەو قسەو باس و وتار و سێڵفییانەی کە لەسەر ئەو بڕیارەی دادگا دروستبوو پۆلێن بکەین بۆ چوار بەش.

 ١. بەشێکی لەژێر فشاری سۆزداری دا بوو، کە ئەو فەزا بۆی دروستکردووە ئەم بەشە هیچ قسەم لەسەری نییە.

 ٢. بەشێکی لەپشت کۆمپیوتەرەکەیەوە دانیشتووە و سەیرێکی فەزای فەیسبوک دەکات و ئەمیش دوای دەکەوێت و بۆ خۆبەتاڵکردنەوە پۆستێک دەهاوێت بێ هیچ زانیارییەک بۆ ئەمەش (وَلَا تَقْفُ مَا لَيْسَ لَكَ بِهِ عِلْمٌ).

٣. بەشێکی لەڕوانگەی یاساوە قسەیان کرد، لەبەر ئەوەی شارەزایم لەیاسا نییە و پسۆڕنیم تێیدا، قسەی لەسەر ناکەم، بەڵام ئەوانەی لەڕوانگەی یاساوە قسەیان هەیە دەکرێ بڕۆن لەڕێگای یاساوە بەرگری لەو مەسەلەیە بکەن و کاریگەرییان هەبێ.

 ٤. ئەو بەشەی کە پێیدەڵێن ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس و چالاکوان هەرچەندە زۆربەی ئەمانەش دەسەکەیان کەشفە، چونکە دەمێکە بوون بە کارتی دەستی سیاسییەکان بۆ شکاندنی یەکتری ئیتر ئەم شکاندنە بۆ باڵەکانی ناو حزبەکان بێت یاخود بۆ شکاندنی حزبی دیکە، ئەم مەخلوقە وەک ئەو گروپەیان لێهاتووە حسێن یان شەهید کردبوو، بەڵام پرسیاریان دەکرد ئایا پێبنێیت بە مێرولەدا گوناحە؟ لەکاتێکدا پایتەختی وڵاتەکەت لەلایەن دوژمنانەوە موشەک باران بکرێ وشەیەک نەڵێیت، کەچی بۆهەندێ شتی لاوەکی دەیان وتارو پۆست وخۆنواندن ئەنجام دەی (مەبەست لەلاوەکی کەیسی ئەوڕاگیراوانە نیە). ئەوەی جێگای سەرسوڕمانیشە پەرلەمانتارو میدیا و کەسایەتی ئەو دوو هێزەی دیکەیە، کە لەتەک پارتی حکومەتیان پێکهێناوە، کەچی ختوکەی سۆزی خەڵک دەدەن و دژی بڕیارەکە دەوەستن. ئاخر کاکە ئێوە لەهەموو خێری حکومەت شەریک، لە بزنس شەریک، کەچی لە ڕوداوێکی وادا تەریک؟! خۆ دەکرێ سەرۆکی حکومەت ببینن و پێیبڵێن دەمانەوێ حەقیقەتی ئەم دادگاییە ببینین، بۆیە دەکرێ ئەم بەشە بە ئایدیۆلۆژیکردنی بابەتەکە ببینن.

 لێرەوە ڕکەبەرەکانی پارتی کە هێزی بیرکردنەوەیان ئەوەندە نییە، پارتی تێپەڕێنن، دێن لەم ڕێگایانەوە دەیانەوێ ببنە پارتی یا خود نزیک ببنەوە لەپارتی، ئەمەش تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیانە وەک ئەوانەی دوێنێ قوربانیانی خۆپیشاندانەکانیان کرد بە پەیژەو پێی سەرکەوتن بۆ پۆست و پارەو پلە، ئەمڕۆش دەیانەوێ گریان و فرمێسکی ئەو منداڵە نازدارە بێ گوناحە بکەنە دەریاچەو بەلەمی بەرژەوەندییەکانی خۆیانی پێبپەڕێننەوە، دوای ئەم مزایەدە سیاسییە لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وئیستیغلال کردنی کێشەکەبۆ مزایەدەی سیاسی، وەک هەمیشە سەرۆکی هەرێم بۆ بەئاگا هێنانەوەی هەموو لایەک بۆ تێگەیاندنی سیاسی و میدیاو ڕۆشنبیر و بۆ بەرچاوڕوونی ڕای گشتی پەیامێکی بڵاوکردەوە، لە پەیامەکەیدا بە هەموو لایەک دەڵێ تێگەیشتنی حەرفی لەتەک واقیعدا ناگونجێ و توندڕەوی لێدەکەوێتەوە، بۆیە ئازادی مەدەن بە دوژمنانی ئازادی بۆ لەباربردنی ئازادی، هەروەها داواشیکرد لە ڕەخنەکانتان بەردەوامبن بۆ بنیاتنان بە ئەرگۆمێنتی بەهێز، نەک بەسوکایەتی و بێمتمانەکردنی خەڵک.

وتیشی لەم هەرێمە ئازادی سیاسی تاک پارێزراوە وەک چۆن ئازادی سیاسی تاک بەپێی ڕاگەیاندنی مافی مرۆڤی فەرەنسی پارێزراوە، کە بریتییە لە توانایی ئەنجامدانی هەرکارێک کە ئازار و زیان بە کەسێکی دیکە نەگەیەنێت و سنورەکانی ئەو ئازادییەش، تەنها یاسا دیاریدەکات. ئەم پەیامە سیحرەکەی ئەو هەڵایەی بەتاڵکردەوە و پێیوتن وەرنەوە سەر ڕێگای ڕاست، ئیستیغلالی سۆزی خەڵک مەکەن بۆ بەرژەوەندی حزبی و کێشەکان بە ئایدیۆلۆجی مەکەن، چونکە یاسا دوا بڕیاری نەداوە و داواشیکرد یاسا بێلایەنگیری بڕیار بدات، کەچی دوای ئەو پەیامە لۆژیکییەی سەرۆکی هەرێم نەمدی کەسێک لەو کەسانەی کە ئەو هەرایەیان دروستکرد، بڵێن ئەم پەیامە دادوەرییەکی باشە لەنێوان ڕا جیاوازەکاندا، ئەمەش ئەوەمان پێ دەڵێ شینی زۆرێک لەم بەڕێزانەي بۆ هەریسەکەیە بۆ حسێن نییە و بە ئایدۆلۆژیکردنی بابەتەکانە بۆ چنینەوەی دەنگ .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif