کارل لەڕۆژێکی بەفریندا!

ليست هناك تعليقات


سه‌ردار عه‌زیز

لەدەرەوە بەووردی بەفر دەبارێت، بەفر بەدەگمەن لەم دورگەیە دەبارێت. لەژورەکەی سەرەوە، بەتەنها گوێ لەدەنگێکی نەرم دەگرم، مانیفێست دەخوێنێتەوە. ئەم رۆژانە مارکس زۆر دەخوێنرێتەوە. لەهەر جێگایەک، هەر ناوچەیەک، مارکس بەئامانجی تایبەت و جیاواز دەخوێنرێتەوە. لەدوای قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ لەئەمریکاو ئەوروپا مارکس وەک رەخنەگری سیستەمی سەرمایەداریی دەخوێنرێتەوە.

ئەمە بنەمای یەکێک لەترسەو پڕوپاگەندەکانی هێزە نەیارەکانی چەپەکانن، زۆرجار گوێبیستی هاواری ئەوە دەبین کە نەیارەکانیان نایانەوێت لەسایەی دەسەڵاتێکی کۆمیدا بژین کە یانی دەسەڵاتی کۆمیونیستی، دەتوانین بڵێین خوێندنەوەی مارکس لەئەمریکا ئابورییانەیە. لەئەمریکای لاتین مارکس وەک رێگاچارەیەکی سیاسی دەخوێنرێتەوە، چۆن بتوانرێت ببێتە بنەمای رێگایەکی تری سیاسی.


لەدوای قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨ لەئەمریکاو ئەوروپا مارکس وەک رەخنەگری سیستەمی سەرمایەداریی دەخوێنرێتەوە ئەمە بنەمای یەکێک لەترسەو پڕوپاگەندەکانی هێزە نەیارەکانی چەپەکانن

تەنها لەبەرازیل زیاتر لەسەد ناوەندی خوێندەوەی مارکس بوونی هەیە. لەچین دیسانەوە مارکس دەخوێنرێتەوە، بەڵام مارکسی جیاواز لەمارکسی فەرمی دەوڵەتی، یان دەتوانین بڵێین مارکسی رۆژئاوایی. ئەوەی گرنگە لەبیرمان نەچێت، خوێندنەوەیە. مارکس دەخوێندرێتەوە، یان دیسانەوە دەخوێندرێتەوە. ئەم خوێندنەوانە لەسایەی قەیران و کێشەی جیاوازدان، لەژینگەیەکی جیاوازدا، جارێکی تر خوێندنەوە، بۆ مانای نوێیە، چونکە مانا کۆنەکان وەڵامی پرسیارەکانی ئەمڕۆ نادەنەوە. چۆن چەمکەکان دیسانەوە مانا دەبەخشن؟ ئەم ناکۆتاییەی مانا، دوو رەهەندی هەیە، رەهەندێکی ئێستایی و رەهەندێکی جینالۆجی، بەو مانایە دۆخی دەقەکە. مارکس وەک هەر بیرمەندێکی تر لەمیانەی پرۆسەی بیرکردنەوەدا، ژیاویشە. پێکەوە گرێدانی ژیان و بیرکردنەوە تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە.

ژیان چ رەهەندە بایلۆجییەکەی و هەروەها چ رەهەندە ئابوریی و کۆمەڵایەتییەکەی. بینینی مارکس وەک مرۆڤ و کەسێکی ژیاو، ئەوەمان پێدەڵێت کەئەو لەمیانەی بیرکردنەوەیدا پچڕان و تەواونەکردن و پیاداچوونەوە و زۆر شتی تری کردووە، بۆیە زۆبەی دەقەکان دەقی تەواونەبوون، یانی دەربڕی بیرێکن لەبەرامبەر قەیرانێکدا، لەساتێکی تایبەتدا. لەهەمانکاتدا مارکس بەچەند ژانرە نووسیویەتی، چەندین ساڵ رۆژنامەنووس بووە، زۆر جار لەوەڵامی کەسێکدا نووسیویەتی، نامەی گۆڕیوەتەوە، هەندێک نووسینی تەنها بۆ خۆی نووسیوە بۆ ئەوەی تێبگات. کەواتە کراوەیی و ناتەواوبوونێک لە دەقەکاندا هەیە. 

ئەمەش دەرگای راڤەو تێگەیشتنی نوێ دەکاتەوە. مارکس لەڕێگای سۆڤیەت و وەرگێڕانی عەرەبی دەقەکانەوە هاتووەتە دونیای ئێمە. هەتا ئەمڕۆ نەک هەر ئەو بەڵکو بەگشتی پرۆژەی خوێندنەوەمان بۆ هیچ بیرمەندێک نیە، مارکسی نەخوێندراوە، مارکسێکی ئاینییە. وەها دەبینرێت کەپێغەمبەرە، نەگۆرە، زانستییە، بۆ هەموو ساتێکە، بێهەڵەیە. کەواتە ئێمە بۆ وەڵامی قەیران ناخوێنینەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ئێمە لەهەناوی چەندین قەیرانی گەورەدا دەژین. هەست نەکردنی ئێمە بەئەوەی کە دەبێت چۆن لەقەیرانەکانمان تێبگەین، وەهای کردووە کەخوێندنەوە بەمانا سەرەتاییەکەی و هەروەها بەمانای مەعریفیەکەی کارێکی پیویست نەبێت. هەر کاتێک قەیرانێک روودەدات لەدونیای ئێمەدا، هەر زوو هەر گروپێک کەسێک یان گروپێکیان هەیە هەتا بەرپرسیارو تاوانباری بکەن و بکەونە وێزەی، بەو جۆرە قەیرانی نوێ تەنها جنێوی نوێ لەدونیای ئێمەدا بەرهەمدەهێنێت، جنێو وەک باڵاترین ئاستی تێگەیشتن، دەتوانین بڵێین کەتێگەیشتنێکی گەڕەکیانەیە. تێگەیشتنی گەڕەکی بەمانای ئەوەیە کەوەها بزانیت کەدونیا بریتیە لەچەند کەس و گروپێک.

ئەمە قەتیسمانێکە نەک هەر هەڵەیە، بەڵکو بەرهەمهێنی تێگەیشتن و هەڵوێستی هەڵەیە. مانیفێست دەقێکی حەماسی شاعیرانەیە. بەتارماییەک دەستپێدەکات، تارماییەک کەڕاوەدوی ئەوروپا دەنێت. پاڵەوانەکەی کەسێکە، بوونەوەرێکە، گروپێکە کەناوی بۆرژوایە. ئەم خەڵکانە نیشتەجێی شارن، بەپێچەوانەی دەسەڵاتدارەکانی سەردەمی فیودالی کەنیشتەجێی گوند بوون. ململانێی گوندو شار، بەهاکانی گوندو شار، بەشێکی زۆری جەمسەرەکانی دونیای ئێمە پێکدەهێنێت. ئەم ڕۆژانە خەریکی خوێندنەوەی کتێبێکی تایبەت بووم دەربارەی عەدنان موندەریس. هاتنی ئەم پیاوە لادێیە ئاینییە لە یەکەم کرانەوەی دیموکراسی تورکیادا، ئاماژەیەکی ڕون بو، کە چەندێک بەها کۆنەکان ئامادەن و بە دوای دەرفەتدا دەگەڕێن بۆ گەڕانەوە. ئەمە لە سەرەتای دووهەزارەکان بە تەواوی دەگەڕێتەوە و تورکیا دەکاتە جەنگەڵ و بەندیخانەیەکی گەورە. شار پانتاییەکی فرە ئاستی سەیرە لە دونیای ئێمەدا. شار پانتایی بەرجەستەبوونی بەهاکانی گوندو مۆدێرنەیە. ئەم بەریەککەوتنانە لەناونیشانی کۆگاو شوێنەکاندا دەبینێت، لەزمان و دەربڕینی کەسەکاندا، لەجلوبەرگ و شمەکەکاندا. بەڵام وەک مارکس لەمانیفێستدا دەیڵێت ئێمە لەبەردەم توانەوەو بەهەڵمبوونی بەها رەقەکاندا نین. بەڵکو ئەوەی دروست دەبێت تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی گوندو شارە بەبێ مەعریفە. ئەمە بەزەقی لەزەوقی دەوڵەمەندە نوێکاندا دەبینرێت. بەڵام بورژوای کوردی یان شارنشینی کوردی، بەرجەستەی زانست و پیشەسازیی و گۆڕینی شێوازەکانی بەرهەم و داهێنان نیە. بەڵکو لەپەراوێزی دونیای مۆدێرندا لەڕێگای کۆمپانیاکانی نەوت و گازو ئینتەرنێت و سیستەمی جەنگ و پاراستن و شەڕی هێزەکاندا دونیایەکی حازریان بۆ دروستکردوە. دونیایەک کە نە لەڕێساکانی تێدەگات و نە دەزانێت چۆن لەگەڵ بەهاکانیدا خۆی تەبا بکات. کۆمەڵگای کوردی لەهیچ ئاستێکدا لەگەڵ دونیادا تەبانیە. دژبوونی توند و پەرستنی بێسنور دوو خەسڵەتی هەرە سەرەکی هەموو تووێژەکانیەتی. کاتێک پاش جەنگی سارد ئەمریکا دەیەوێت کوردستان بکاتە پنتێک بۆ دەستپێکی دیموکراتیزەیشن یان بە دیموکراسیکردنی ناوچەکە، هیچ کام لەسیاسییەکانی ئێمە، بەئێستاشەوە لەپرۆسەکە تێناگەن.

ئەم بەریەککەوتنی تێگەیشتنی لۆکاڵیی و خواست و تێگەیشتنی جیهانی، ئەمڕۆ لەهەموو ئاستەکانی حوکمڕانیدا بەریەککەوتنی دروستکردوە. دونیا دەیەوێت ئێمە مۆدرێن بین، هێزی سەربازیی رێکخراومان هەبێت، ئابورییەکی خۆژێنی لەسایەی سیستەمێکی دیموکراتیدا. بەڵام بەها لۆکاڵییەکانی ئێمە لەگەڵ ئەمانەدا تەبانیە، ئێمە هێشتا شەڕەکانمان تەواو نەکردووە، سەروەرییە فیوداڵەکانمان زیاتر بەلاوە باڵاترە لەبەها سەردەمیەکان. ئێمە هێشتا عەشقی قارەمانەکانین، بەردەوام دروستیان دەکەین و دەیانڕوخێنین. قارەمانەکان بەشێکن لەسیستەمی تەمەڵی بەرخۆریی. پاشماوەکانی سەردەمی ئاینییە کەفریادڕەسێک دێت و هەموان لەنەهامەتییەکان رزگار دەکات. مارکس لەدڵی سەرمایەداریدا لەسەردەمی کۆلۆنیالیزمدا دەینووسی، چاودێری دەکردو بیری دەکردەوە. زۆرجار گەشبین دەبوو کە شۆڕش بەڕێوەیەو زۆرجار دڵتەنگ. بەڵام لەئەوە بەئاگابوو کەکرۆکی سیستەمی نوێ قەیرانە. ئەمەش کرۆکی قەیرانی ئێمەیە. مرۆڤایەتی لەهەناو قەیراندا بەردەوام خەون بەسەقامگیریی و هێمنی و ئاشتییەوە دەبینێت. بەڵام هێمنی هەمیشە کورتەو قەیران بەدوایدا دێت. مارکس خەونی ئەوەبوو کە قەیران کۆتایی پێبهێنێت، یان بڕوای وەهابوو سیستەمی سەرمایەداری لەمیانەی دووبارەبوونەوەی قەیرانەکاندا، لەئەنجامدا کۆتایی بەخۆی دەهێنێت. ئایا دووبارەبوونەوەی قەیرانەکانی سیستەمی ژیارو حوکمداریی ئێمە بەرەو کۆتاییەکمان دەبات؟ قەیرانەکان بێ ئەکتەرو هێز نامێننەوە کە بیانەوێت سودیان لێببینێت.

هەرکاتێک قەیرانێک روودەدات هەموو ئەوانەی لەناوچەکەن، یان بەرژەوەندییان لەناوچەکە هەیە، وەها بیردەکەنەوە، چیم دەستدەکەوێت یان چ مەترسییەکم تووش دەبێت؟ ئەم فۆرمیولای سودو مەترسی داڕێژەری هەموو سیاسەتەکانی ناوچەکەیە. دونیای ئێمە شل نابێتەوە، بەڵکو دادەڕزێت. لەکۆنەوە ناگوێزێتەوە بۆ نوێ، بەڵکو کۆنە بەبەرگی نوێ دروستدەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق