کۆتا دیداری موفەتیش بەرلە کۆچی دوایی

ليست هناك تعليقات



مه‌لا حه‌سه‌نی موفه‌تتیش "زانای ئایینی" كە رۆژی 16/2/2021 بە نەخۆشی كۆچی دوایی كرد، ده‌مه‌ته‌قێی شه‌ست و نۆهه‌مینی گرووپی گوڵنار تایبەت كرابوو بە دەمەتەقێ لەگەڵ ئەو زانابەناوبانگەی شاری سلێمانی لەبەر گرنگی چاوپێكەوتنەكە - پەیسەر- دەقەكەی وەك خۆی بڵاودەكاتەوە .

* مامۆستا مه‌لا مارفی خاوێیی ده‌یگوت: ئه‌و ته‌فسیره‌ی مه‌لا موسته‌فای بارزانی بۆ سووره‌تی فاتیحه‌ی ده‌كرد، هیچ مه‌لایه‌ك نه‌یده‌زانی.
* ئەگەر عەقڵم هەبێت له‌باره‌ی سه‌یدقوتبه‌وه‌ هیچ ناڵێم، چونكه‌ زۆر به‌لامه‌وه‌ گه‌وره‌یه.‌
* یه‌كه‌م كه‌سێك كه‌ له‌ شاری كۆیه‌ ده‌رسی حوجره‌ی پێگوتم دكتۆر فوئاد مه‌عسووم بوو.
* مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس بۆ هه‌موو كوردێك به‌بێ جیاوازی وه‌ك باوك وابوو له‌و غه‌ریبییه‌ی به‌غدادا.
* مەلا موسته‌فا پارتی نەبوو سەرۆکی کورد بوو، مەلا موسته‌فا دەیگوت من پارتی نابم من سەرۆکی کوردم.
* به‌خوا ده‌توانم بڵێم ته‌فسیری سه‌یدقوتب له‌ ناخی حەزرەتی جوبرائیلەوە وەحیەکەی پێدەگات و له‌لایه‌ن جوبرائیله‌وه‌ خراوه‌ته‌ سنگی سه‌یدقوتبه‌وه‌.
* شێخ موحه‌ممه‌دی خاڵ له‌ ته‌فسیره‌كه‌ی دا زۆر حه‌زی له‌ ڕیفۆرم و نوێكاریی بووه‌، به‌ڵام هه‌سته‌كه‌م نه‌یوێراوه‌ بیدركێنێت.
* ئەمرۆ کە جومعەیە فەقێکان چوون بۆ جومعانەی هێلکە لە سەفرە، بیست و سێیان هێنایه‌وه‌ بۆ حوجرە لە ساڵی 1959، هەر بیست و سێیه‌كه‌مان خوارد.
* خوا هیدایه‌تی قورئانییه‌كان بدات و فه‌رمووده‌كانی پێغه‌مبه‌ری خوا لای من هێڵی سوورن.
* دوژمنه‌كانی حه‌زیانده‌كرد مه‌لا موسته‌فا بڕواته‌ كۆبوونه‌وه‌كانییانه‌وه‌ و له‌ ئوتێله‌ پێنج ئه‌ستێره‌ییه‌كان له‌گه‌ڵیان دانیشێ وه‌ك شه‌ره‌فكه‌ندی و قاسملوو و ئۆجه‌لان تا بیكوژن یا ده‌ستگیری بكه‌ن.
* باوه‌ڕم به‌ فره‌ژنی نییه‌.

گوڵنار: مامۆستا گیان وێستگەیەکی تری ژیانت بریتیە لە فەقێ بوونت لە مزگەوتەکەی مەلای گەورەی کۆیە، پێموابێت دەبیت بە فەقێی مەلا نوورەدین یان مەلا مەعسوومی هەورامی؟ باسی ئه‌وه‌مان بۆ بكه‌.


موفه‌تتیش: بووم به‌ فه‌قێی مامۆستا مەلا مەعسوومی هه‌ورامی، من لە ئاخجەلەر دەمخوێند مامۆستاکانمان لەگەڵمان دا زۆر خراپبوون، منیش هەڵسام ڕۆیشتم بۆ دەوركردنه‌وه‌ی ده‌رس، پەنجەرەکە لەسەر باخێک بوو لە پەنجەرەی مزگەوتەکەوە بازم دایە ناو باخەکە لەوێوە نیەتم وابوو بچم بۆ کۆیە یەک شتم لەگەڵ خۆم دا نەبرد. پێشتریش ناوبانگی کۆیەم بیستبوو، چونکە مامۆستاکە بیزانیایە دەیکوشتم، گوندێك هەیە پێی دەڵێن شێخ پاڵەوان، لەوێوە ڕۆیشتم چوومە کۆزەبۆرە، لەوێوە ڕۆیشتم چووم بە گوێی چەمی زێ دا بۆ تێبینی و ئاگاداری جووتێک کالەم لە پێدابوو، لە یادەوەریەکەشم دا نووسیومە، لە وەرددا دامەکەند، پێشم پەتی بوو چونكه‌ گۆرەویم لە پێ دا نه‌بوو، دامەکەند لەبەر ئەوەی وەردەکە نەرم بوو دڵم نەدەهات لە پێی بکەم بۆ ئەوەی نەدڕێ، كه‌ دەچوومەوه‌ ناو دڕک و داڵ لە پێم دەکردنه‌وه‌. كه‌ ڕۆیشتم بە گوێی زێ دا ئێستەش لە یادمە زۆر ترسام، ئاو هەبوو، ئاوەکە لەوەدا نەبوو، لوولی ئەدا هەر لە خۆمەوە سامم لێ دەکرد، دوور دەکەوتمەوە لە زێیەکە هەتا گەیشتمە شوێنێک دارتوویەکی لێ بوو، چوومە ئەوێ دارتووه‌كه‌ش کانیەکی له‌ژێردا بوو، چوومە سەر دارتووەکە تۆزێک تووم خوارد و هاتمە خوارەوە، ڕووم کردە ده‌ورووبه‌ر زانیم دێ نییە، بەس گوتم ئەمە یان هاتوون ئاژەڵ بە خێو دەکەن یان باخ و شتی وایان هەیە، کاتێکم زانی دوو ئافرەت ڕایان دوکرد به‌ره‌و من، منیش گوتم خوایە دەبێ من چیم کردبێت ئەم ئافرەتانە ڕادەکەن بۆلام؟!

وەڵا کاتێک هاتن گوتیان ئەوە کوڕەکە بۆ بانگت نەکردین، وەڵا سەگ بیزانیایە ئەیانخواردیت و پاشتر بردیانم بۆ مالی خۆیان، ئەو شەوە لەوێ بووم بەیانی ڕەوانەیان کردم بۆ تەق تەق، چوومە تەق تەق پارەشم پێ نەبوو بچم سواری سەیارە ببم، لەوێ عەسکەرێکی عه‌ره‌ب ڕاوەستا جێبێکی پێبوو، گوتم سوارم بکە هەتا دەچینە کۆیە گوتی لە دواوە سواربە، کەسیشی لەگەڵ دا نەبوو هەر خۆی بوو، بەس ئیتر نازانم بۆچی له‌ پێشه‌وه‌ سواری نه‌كردم، له‌وه‌چێ نەیوێرابێت!

هەرچەند خۆ من مناڵێک بووم، وەڵا ڕۆیشتین و چوومە کۆیە و کەسیش ناناسم، نە باوک نە دایک نە مام نە خاڵ نە خزم نە دۆست، هیچ کەسێک ناناسم ئیلا ئەو خوایە خۆی نەبێ و مزگەوت و فەقێ نەبێ، پارەشم پێ نییە، ڕوومکردە مزگەوتی گەورە و چووم لەوێ من تەسریفی مەلا عەلیم دەخوێند، لەوێ تەسریفی مەلا عەلی مادەیەکی باش بوو، هه‌ندێكم خوێندبوو، وه‌ هەموویشم لەبەر بوو، وەڵا چوومە ئەوێ بە فەقێیان نەزانیم، کاتێک کە گوتیان کاکە چیت دەوێت؟ گوتم: وەڵا فەقێم! گوتیان: لە کوێوە هاتوویت؟ گوتم: لە سلێمانییەوە؟ گوتیان: چی دەخوێنیت؟

گوتم: وەڵا تەسریفی مەلا عەلی. گوتیان: باشە با مامۆستا بانگ بکەین، مامۆستایان بانگ کرد، مامۆستاكه‌ ئەم دکتۆر فوئادە بوو، مامۆستا مەلا مەعسوومی باوكی خۆی مامۆستای گەورە بوو، دەرسی دەگوت بە مامۆستا مەلا فوئاد و چەند مامۆستای تریش ئێمە وەکو سوختە وابووین لەوێ.

دكتۆر فوئاد هات و گوتی: چی دەخوێنیت؟

گوتم: تەسریفی مەلا عەلی.

گوتی: کوێی لێ دەخوێنیت؟

گوتم: موعتەلا، پرسیارێکی لێکردم و زانیم.

گوتی: وەڵا ڕاستە، گوتی: دوای چی دەستت پێ کردووە؟

گوتم: دوای ئیزهار، گوتی: پرسیارێکی لێکردم لە مەنسوبات، ئەویشم زانی،

گوتی: وەڵا ڕاستەکەی! گوتی: کاکە فەقێ ناوت چییه‌؟

گوتم: فەقێ حەسەن،

گوتی: خەڵکی سلێمانیت؟ گوتم: بەڵێ خەڵکی سلێمانیم،

ئیتر هه‌ندێ پرسیاری لێكردم له‌كوێوه‌ و بۆچی و له‌گه‌ڵ كێ هاتووم و كوڕی كێم؟ منیش وه‌ڵامم دایه‌وه‌.

گوتی: ئەی کوا ئەسبابه‌كانت؟ کتێبت و حیسابت كوا؟

گوتم: وه‌ڵا هیچم پێ نییە، گوتی: بڕۆن لە ماڵی ئێمە لبادێک و بالیفێک و جاجمێکی بۆ بێنن (له‌ زاری ئه‌وه‌وه‌ گوێم له‌ وشه‌ی بالیف بوو)، ئه‌وانیش چوون ئەم سێ شتەیان بۆ هێنام و دكتۆر فوئادیش دینارێکی دامێ، پاشتر گوتی:

دەتنێرم بۆ مزگەوتی منارە وەک کوڕی خۆمان، خوا هه‌ڵناگرێ زۆری حورمەت لێگرتم، وەڵا ئیتر ناردمی بۆ مزگەوتی منارە و لە مزگەوتی منارەوە چوومە مزگەوتی حەتک لە مزگەوتی حەتک لەوێ لای مامۆستا مەلا موحەممەدی عەواڵانی بووین و لە خزمەتی ئەودا بووین، دوایی لەگەڵ مامۆستا مەلا حوسێن ناوێك دا ڕۆیشتین بۆ کانی دەربەن، لە کانی دەربەنەوە چووم بۆ گۆمەتاڵ له‌سەر ڕێگەی هەولێر بوو. هەر خۆم چوومە گۆمەتاڵ کاتێک کە چوومه‌ ئەوێ هاوین بوو، چوومە سەر جادەکە، جادەکە خۆڵ بوو، سەیارە دەهات لەوێوە لە هەولێرەوە بۆ کۆیە، دەستم لێڕاگرت و گوتم: ئاو،

گوتی: وه‌ڵا ئاوم پێ نییە، ئەگەر دێی بۆ کۆیە دەتبەم

گوتم: نەوەڵا نایەم بۆ کۆیە، وەڵا چووم لەسەر قەبرستانەکە داری لێ بوو، داربەڕووی گەورە پاڵم دا بە دارێکەوە، تومەز خەوم لێدەکەوێت هێنده‌ هیلاکبووم، ئەشیاکانم بە کۆڵمەوە بوو چونكه‌ کتێب و شتی وام کڕیبوو، وەڵا لەوێ کاتێكم زانی گوێم لە دەنگە دەنگ و ورتە ورت بوو،

یەکێک گوتی: ماوە، یەکێک ده‌یگوت: مردووە!

گوتیان ئەها هەناسە دەدا، وەڵا ئیتر به‌ هاواری کاکە فەقێ، کاکە فەقێ، زانیان فەقێم چونکە کتێب و شتەکانم پێبوو، خەبەرم بوویەوە،

گوتم ئاوتان پێیە؟!

چوون جەوەنە ئاویان هێنا، چونكه‌ لە داركردن دەهاتنەوە و بارەداریان پێبوو، ئەو وەختە دار دەکرا نەوت و شتی وانەبوو، لەوێ جەوەنەیان هەڵواسی بوو بە بارە دارەکەوە هێنایان بێ ئێوە ناخۆش تێر ئاوم خواردەوە.
ئیتر چوومە گۆمەتاڵ لەوێ لە گۆمەتاڵ خەفەتی ئەوە دەخۆم کە بە داخەوە ئا لەو وەختەدا قورئان لەبەر نەدەکرا، دەستوور نەبوو قورئان لەبەر بکرێت، ئەگینا بە شەش مانگ قورئانم لەبەر دەکرد، هەرچییەکەم بخوێندایە دەهاتە بەرم، بڕوات ببێت ده‌بووم بە زانا و خوێنەوارێکی باش.

ئه‌مه‌ لەکوێ؟ لە گۆمەتاڵ دا.

لە پاش ئەویش ئیتر بە شێوەیەکی ڕێکوپێک من لە گۆمەتاڵ مامەوە، دوایی هاتمەوە چووم بۆ گەڵاڵەی شینکایەتی، لە گەڵاڵە چوومە سەفرە لای مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا، ئەویش هەر گەڵاڵەیی بوو بەس ئەو هەر لە سەفرەدا مەلا بوو. ئه‌مه‌ش یاده‌وه‌ریی ئه‌وكاته‌یه‌ بیخوێنه‌وه‌: (ئەمرۆ کە ڕۆژی جومعەیە فەقێکان چوون بۆ جومعانەی هێلکە لە سەفرە بیست و سێیان هاوردەوە بۆ حوجرەی سەفرە لە ساڵی 1959، هەر بیست و سێیەكەمان خوارد).

گوڵنار: مامۆستا گیان جەنابت ساڵی 1942 لە دایکدەبیت، مەلا موحەممەدی جەلیزادە (مەلای گەورەی کۆیە) له‌ 1943دا وەفات دەكات، لە دواییش دا جەنابت دەچیتە مزگەوتەکەی ئەو، لەبارەی مەلای گەورەی کۆیەوە چی دەڵێیت؟


موفه‌تتیش: لەبارەی مەلای گەورەی کۆیەوە ده‌ڵێم: مەلای گەورەی کۆیە بەخەبەر بوو لەو سەردەمە، مەلایەکی هۆشیار بوو، به‌ڵام ئه‌ویش مرۆڤبووه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ندێ شتی دا نیم، مەسەلەن دەڵێت:

ڕەواهـــو دارەقـــوتنی، حەدەسەنا ترمیزی
هەمووی لە کیـــس ئێمەدا لە تەیارە تا دەرزی

دەڵێن گوایه‌ ئه‌مه‌ هی مەلای گەورەی کۆیە بووە، من تەشبیهی ئیسلامم کردووە بە سپیدار، سپیدار کە چنارە ئەو چنارە توێکڵەکەت لێ گرتەوە ڕوویه‌كی سپی بێگەردی جوان دەردەکەوێت، منیش دەڵێم ئەگەر ئیسلامیش ئاوا پاکبکرێت تەنها قورئان و فەرموودە دەمێنێت، کە قورئان و فەرموودە مانه‌وه‌ ئیتر نەجاتمان دەبێت لە هەموو شتێکی داهێنراو، تەبعەن کە ئێمە باسی فەرموودەی پێغەمبەر دەکەین (سه‌لامی خوای له‌سه‌ربێت) فەرموودەی پێغەمبەر لەگەڵ قورئان دا بەلای مەلا حەسەنەوە فەرقی نییە، بەس فەرموودەیەکی سەحیح بێت و وما ینطق عن الهوی بێت.

گوڵنار: مامۆستا ئێستا کۆمەڵێک پەیدابوون پێیان دەڵێن قورئانییەکان، فەرموودەی پێغەمبەر ڕەد دەکەنەوە و پێیان وایە ئێمە تەنها بە قورئان دەتوانین دینداری بکەین دەربارەی ئەوانە چی دەڵێیت؟

موفه‌تتیش: وه‌ڵا لەگەڵ ڕێز و ئیحترامم دت بۆیان، جیاوازی ئەوان و کاکەییەکان و جیاوازی ئەوان و هەندێک لەو ئایینە ده‌ستكردانه‌ نییه‌، ناڵێم ئێزیدی ان شاءالله ئەوان وه‌ك ئێزیدی نین، حەزدەکەم لە کەسایەتی پێغەمبەر (سڵاوی خوای لێبێت) تێبگەن، حەزدەکەم یادی ئەو فەرموودەیە بکەنەوە کە پێغەمبەر (د.خ) لە ئەشکەوتی حراء کاتێک کە هاتەوە قسەکەی گێرایەوە بۆ حەزرەتی خەدیجە، حەزرەتی خەدیجە لەوپەڕی ئیحراجی دا بوو، با هەموو عالەمی ئیسلامیی گوێی لێبێت حەزرەتی خەدیجە هیچی بۆ نەمایەوە و تەسلیمبوو، تەسلیمی ئەوەبوو و ئیمانی هێنا بە پێغەمبەر بەس فەرمووی: ان شاءالله خوا تۆ شەرمەزار ناکات، پێمخۆشە ئەو برایانە بیر لەو لەحزە بکەنەوە پێغەمبەر (د.خ) هەموو شتێکیان داپێی ڕازی نەبوو، هەموو شتێکیان داپێی بەڵام ڕێبازەکەی خوای هەڵبژارد، دەبێت ڕیسالەکە بگەیەنێت، پێغەمبەر (د.خ) سەیری ژیانەکەی بکەیت لە حەقیقەتی تێبگەیت دەزانیت ئەو ئینسانە بەڵێ ئینسان بووە، خۆی دەفەرمووێت: من ئینسانێکم وەکو ئێوە کوڕی پیرەژنێکم کە كه‌ گۆشتی له‌سه‌ر به‌رد وشكده‌كرده‌وه‌ و دەمانخوارد ئیتر چ فەرقێکم هەیە لەگەڵ ئێوەدا؟ بەڵام حەزناکەم ئەو برایانەی ئیمانیان هەیە بە خوا و ئیمانیان هەیە بە قورئان وا بیر بكه‌نه‌وه‌ ده‌رحه‌ق به‌ پێغه‌مبه‌ر، ان شاءالله خوا هیدایەتیان دەدات، بەس کەسایەتی پێغەمبەری خوا بەلای منەوە نەک خەتی سوور هیچ خەتێک نییە لە بەین دا و له‌ خه‌تی سووریش سوورتره‌!

گوڵنار: لەبارەی شۆڕشی عەبدولکه‌ریم قاسمەوە چ ئه‌زموونێكت هه‌یه‌، بێگومان بە بیرت دێت، ئەو بیرەوەرییەت چۆن بینی؟ چۆن بیستت؟ سەرنجت چییە لەسەری؟

موفه‌تتیش:من لە گوندێك بووم پێیان دەگوت ئیلینجاخ لە مەنتیقەی کۆیە، ئەو ڕۆژەی شۆڕشه‌كه‌ کرا 14ی ته‌مموزی 1958 لە ئیلینجاخ بووم لای مامۆستا مەلا صدیق و هات گوتی مەلایینە هەڵسن دونیا بووە بە شامی شەریف، ئیتر عەبدولسه‌لام عارف دەهات بۆ ئەوێ بۆ ئەو مەنتیقانە، عەبدولسه‌لام عارف بە تەیارە هات و چوو بۆ ئەو مەنتیقانە، چووە هەولێر و چووە کوێ و چەند شوێنک گه‌ڕاو ئیتر لە دوایی دا ئەوەبوو تێکچوو لەگەڵ عەبدولکه‌ریم قاسم دا و حاڵەکە ئاوهای لێ هات. بەڵام شۆڕشی ۱٤ی تەمموز بەڕاستی بازێکی باشی دا بە نەتەوەی کورد و مەسەلەی نەتەوایەتی و كێشه‌ی كوردی برده‌پێشه‌وه‌، ئیعترافی کرد بە ماددەی سێی ده‌ستوور كه‌ عەرەب و کورد پێکەوە هاوبەشن، دووهەم شتی گرنگی شۆڕشه‌كه‌ ئەوەبوو کە موستەفا بارزانی هێنایەوە بۆ عێراق (ڕەحمەتی خوای لێبێت)، ئیتر ئەو وەختە بە ڕاستییەکەی ئێمە هەموومان وه‌ك فه‌قێی سلێمانی لێرەوە هەڵساین وەفدێکی گەورەمان چوو بۆ خزمەتی بارزانی، کە چوو بۆ ئەوێ و لەوێ بینیمان، کە چووین بۆ ئەوێ زۆربووین هەندێکیان هەڵبژارد گوتیان با ئەمانە بچن، من لەوەدا بەرنەکەوتم بە خزمەتی بگەم، بەس لێرەوە چووین بۆلای ئەو چووبووین، لە دوایی دا ئەو خۆی هات بۆ ناو قاعەکە و ته‌وقەی کرد لەگەڵمان دا. به‌ڕاستی ئه‌وه‌ش بۆ كورد زۆر باشبوو.

گوڵنار: بۆچی گوتت بارزانی ڕەحمەتی خوای لێبت؟

موفه‌تتیش: لەبەر ئەوەی بارزانی موسڵمان بوو.

گوڵنار: بەڵام مامۆستا بەشێک لە خەڵکی پێی وایە بارزانی نوێژی نەکردووە و مه‌شرووبی خواردۆته‌وه‌؟

موفه‌تتیش: نا وانییە.

گوڵنار: تۆ چۆن ده‌زانی وا نییه‌؟
موفه‌تتیش: وانییە، من مامۆستا مەلا مارف بۆی گێڕامەوە گوتی: تەفسیری سوورەی فاتیحە ئەو بارزانیە کە کردوویەتی بەخوا هیچ مەلایەک به‌وشێوه‌یه‌ نەیکردووە، ئەمە قسەی مامۆستا مەلا مارفی خاوێیە بە منی گوتووە و بە مەجمووعەیەک، مەلا موسته‌فا پارتی نەبوو مەلا موسته‌فا سەرۆکی کورد بوو مەلا موسته‌فا دەیگوت من پارتی نابم من سەرۆکی کوردم.

واقیعی قسە بکەین باشه‌، ئەگینا خۆ من هیچ عیلاقە و په‌یوەندییەکم نییە بەوانەوە و پارتیش نیم، له‌م ساڵانه‌ی ڕابوردووش دا پارتییه‌كان هاتوونه‌ته‌ ماڵمه‌وه‌ من زۆر به‌ ساده‌یی و ئاسایی قسه‌م له‌گه‌ڵكردوون، بەڵام بارزانی شەخسیەتێکی گه‌وره‌بوو، بڕواناکەم لە کورددا کەم سه‌ركرده‌ی وا هەڵکەوتبێت.

گوڵنار: له‌باره‌ی پێشه‌وا قازی موحه‌ممه‌ده‌وه‌ چی ده‌ڵێیت؟

موفه‌تتیش: دەربارەی قازی موحەممەدی ڕه‌حمه‌تی نەک من، به‌ڵكو کەس ناتوانێ ئینکاری گه‌وره‌یی ئەو پیاوە بکات، بەس بەداخەوە یەک گلەییم لێی هەیە ئەویش دەبێت داوای لێبەکەم لێم قبووڵ بکات وەکو مناڵێکی خۆی، ئێستە ئەگەر باوکی من بووایە هەر ئەو وەختە دەمگوت: بابەگیان! هەڵسە برۆ لەگەڵ بارزانی دا خۆت تەسلیم مەکە، به‌داخه‌وه‌ قازی موحەممەد خۆی تەسلیمکرد، قازی موحەممەد وەعدی وەرگرت کە بەیانی بچێت بۆ تاران و لەوێ گفتووکۆ بکەن و ئەمە بکەن و ئەوە بکەن، کەچی ئەوەبوو گرتیان و کردیانن بە پەتی سێداره‌دا، بەس مەلا موسته‌فا بڕوای بەو وەعدە نەبوو، یەکێک له‌و شتانه‌ی كه‌ من پێی سه‌رسامم بریتیه‌ لە کارێزمایی و شۆڕشگێڕی مەلا موسته‌فای بارزانی، ئەوەبوو شاخەکانی کوردستانی بەرنەدا، هەرچەندە تەعنیان لێدەدا و هەرچەند دەیانگوت خەریکی دارسه‌بیل درووستکردنە، دوژمنه‌كانی حەزیان دەکرد مەلا موسته‌فا بڕواتە دەرەوە بۆ ئوتێلە پێنج ئه‌ستێره‌ییه‌كان و وەکو شەره‌فکەندی و قاسملۆ و وەکو عەبدوڵڵا ئۆجەلان یان بیگرن یان بیکوژن، بەڵام مەلا موسته‌فا ئەشکەوتەکەی هەڵبژارد ئەمە مێژووه‌ و به‌ دڵی من و تۆ نییه‌. به‌ڵام ئه‌و گله‌ییه‌م هەیە لەمامی بەڕێزم قازی موحەممەد کە پیاوێکی ئەوەندە دڵساف بوو بڕوای کرد بە عەجەم.

گوڵنار: لە بارەی جاشەکانی 66ەوە برایم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی كه‌ دوایی ناویان لێنرا جاشەکانی 66 بیڕەوەریت چییە لەوەدا؟
موفه‌تتیش: من خۆم لە قەڵادزێ بووم كۆنگره‌یه‌ك گیرا لە قەڵادزێ هی پارتی بوو، من پارتی نەبووم بەڵام لە ماڵی کاکم بووم، کاکم مامۆستا بوو لە قەڵادزێ و منیش لە ماڵ ئه‌وان بووم، وەفدێک پێکهات بۆ ئه‌وه‌ ئەم وەفدە بچن بۆ لای مام جەلال و برایم ئەحمەد، لە دەرەوە بوون، منیش چوومە ناو ئەو خەڵکە من گەنجێ بووم ئەوە نەبێت بڵێم ئیهتمامێکی وایان پێدابم، شێخ موحەممەدی هەرسینیان تێدابوو، من گوتم کاک شێخ موحەممەد ئێوە دەچن بۆ شەڕ، ئایا ئه‌م شەڕە کە دەیکەن براکوژی نییە؟ گوتی: با براکوژی بێت! ئەوە بوو نه‌یانهێشت ئه‌و شه‌ڕه‌ بكرێت و وەفدێکیان پێکهێنا بچن، دوایی نەیانهێشت، ئیتر نازانم وەفدەکە چوو یان نەچوو، ئەوان لە ماوەت بوون ئەو وەختە، به‌ڵام پاشتر ئەوە بوو شەڕەکەش هه‌ر قه‌وما.

گوڵنار: باسی مامۆستای مودەڕیسمان بۆ بکە به‌تایبه‌ت بیرەوەرییەکانت لە خزمەتی دا، چەند لای مایتەوە؟ چەندجار بینیت؟
موفه‌تتیش: من کاغەزێکم نووسیوە بۆ مامۆستا مەلا کەریم بە بۆنەی وەفاتی فاتیحی کوڕیەوە، ئەویش وەڵامی داومەتەوە دەڵێت: کاکە حەسەن گیان نامەکەت دڵی ئاوپڕژێن کردم، منیش ئەو شیعرەم بۆ نووسیوە:

قـــوربانی دڵێـــک بــــم کە ئاوپـــڕژێـن کراوە
مـن بە فــــیدای زاتێــــکم کە بە نامی ناسراوە
باڵا گەردانی هەستێکم لە پاش مردنیش ماوە
تاقە ڕووناکیم بەس چاوە لە ژێر پێت دانراوە

مامۆستا مەلا کەریم بە حەقیقەت نەک بۆ من بۆ هەموو کوردێک چ نێر چ مێ باوک بوو، جارێکیان خزمێکی ئێمە خزمێکی ئەوی کوشتبوو، منیش هەڵسام لەگەڵ جەماعەتێک دا گوتمان ده‌چین بۆ خزمه‌تی مامۆستا، لەوێ لە حەوشه‌ی مزگەوت دا حاجییەکی خۆمان شێخ سمایلی بوو، گوتی: ئەوە بۆ کوێ دەچن؟ تۆزێ قسەی ده‌رده‌په‌ڕاند، گوتمان: دەچین بۆ خزمەتی مامۆستا. گوتی: وەڵا منیش دێم، کە چووینە ئەوێ و من دەستی مامۆستام زیارەت کرد و دانیشتین و دەستمان کرد بە قسەکردن، ئینجا فه‌رمووی:

کاکە حەسەن حاڵتان چۆنە؟ گوتم: باشین شکور، بەس لە كۆمه‌ڵگه‌كه‌وه‌ تەقەمان لێدەکەن (ئەو وەختە من ماڵم لە شانەدەری بوو).

گوتی: کێ تەقەتان لێدەکات؟

گوتم وه‌ڵا فورسان و شتی وای لێیە.

ئەو حاجییە ده‌مشڕه‌ی كه‌ باسمكرد گوتی: قوربان قەومەکانی تۆن و جاشن! ئیتر من هەر مردم له‌ ته‌ریقی دا، مامۆستا زەردەخەنەیەک گرتی و دەستی کردە پێکەنین، گوتی: کاکە حەسەن ئەم پیاوە کێیە؟

گوتم: قوربان ئەوە شاتریە نەوەکو شاسمایلی.

هاتینە دەرەوە کابرا گوتی: مامۆستا مەلا حەسەن من شاتریم شاسمایلی نیم؟!

گوتم: ئاخر تۆ حەیای ئێمەت برد

گوتی بۆ حەیام بردن؟

من شێخ سمایلی نەبم ئێوە هیچتان شێخ سمایلی نین!

گوتم دەبڕۆ هەر شێخ سمایلی بە، مامۆستا مەلا کەریم بە عەتف و بە لوتف بوو، زۆر میهره‌بان بوو، مامۆستا مەلا کەریم کە لە دوایەوە نوێژمان دەکرد بە ڕەحمەت بێت بڕوابکە ئینسان هەستی بە بەرەکەت دەکرد.

گوڵنار: کورد خاوەنی کۆمەڵێک موفەسسیری گەورەی قورئانه‌، کامیان زۆر لە ڕووحی قورئانەوە نزیکە یا كامیان تۆ پێت گەورەیە وەکو خۆت؟

موفه‌تتیش: هەرچەندە کە ناتوانم تەحدیدیان بکەم چونکە من لەوە کەمترم کە لە خزمەتی ئەوان دا قسە بکەم و بڵێم، بەڵام بە حەقیقەت مامۆستا شێخ موحەممەدی خاڵ حەزی لە نوێکاریی بووە، ئیتر نازانم نەیوێراوە بە ئاماژە هەندێک ئاماژە دەکات بۆ نوێكارییه‌كانی، به‌ڵام ئاشكرایان ناكات. مه‌لای گه‌وره‌ی کۆیە لەو چەند فەقەرەیەدا کە ئاگام لێبووە لە تەفسیر و لە قورئان و کتاب و ئەمانەدا دەمی کوتاوە عەینەن وەک مامۆستای خاڵ وابووە لە سەردەمی خۆی دا، بەڵام بە ڕاستی نەڵێم جەنابت دانیشتووی (وه‌ك برازای مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی كاكه‌ مه‌حموود)، ته‌فسیره‌كه‌ی مامۆستا مەلا ئەحمەد هەرچەند پێیناگوترێت تەفسیر، چونکە کورتە بەڵام ڕەنجێکی زۆری لەگەڵ دا کێشاوە، خولاسه‌یه‌کی چاکی هێناوە، ئینجا دەمیشی کوتاوە لە ئەحکامەکان، ئەوە شتێکی جوانە. مامۆستا مەلا عوسمان تەفسیرەکەی چاکە، بەڵام تەفسیرەکەی هەر لەسەر نەهجی به‌یزاوی و ئیبن كه‌سیر و ئەمانە ڕۆیشتووە، جەلالەین و تەفسیرەکەی مامۆستا مەلا ئەحمەد وێنەی یەکن، بەڵێ تەفسیرن بەڵام کورتن.

گوڵنار: لە بارەی سەید قوتب و تەفسیرەکەیەوە چی دەڵێیت؟

موفه‌تتیش: ئەگەر عەقڵم هەبێت له‌باره‌ی سه‌یدقوتبه‌وه‌ هیچ ناڵێم، چونكه‌ زۆر به‌لامه‌وه‌ گه‌وره‌یه‌. ئێمە وەک کورد تەعەسوبمان هەیە، تەعەسوبێکی دینیمان هەیە، بەڵام بەداخەوە نە فارس و نە تورک و نە عەرەب ئێمە بە برای خۆیان نازانن، سەرەڕای ئەوە کە ئێمە بە برای خۆیان نازانن، ئێمە ئەوان بە برای خۆمان دەزانین و وە تەشبیهات نەبێت بە شێخەکە و دەروێشەکەی ده‌شووبهێنم، شێخێک لە دەروێشەکەی عاجز دەبێت دەڵێت بڕۆ تۆ دەروێشی من نیت، ئەویش دێت بە بەردەم تەکییه‌کەدا هەر سۆز دەکات، هۆ بابە شێخ و هۆ فڵان و هۆ فیسار، شێخیش هه‌ر ده‌ڵێت: بڕۆ تۆ دەروێشی من نیت، ده‌روێشیش ده‌ڵێت: ناماقوڵییت کرد بەخوا تۆ هەر شێخی منیت، بەڵام برام هەر چەند ئەوان ئێمە بە موسڵمان و بە ئیسلام نازانن، كه‌چی بەخوا زۆربەی زاناکانیشیان وان! بەخوا کەمالەدین طائییەک هەبوو لە بەغداد خوێنی کوردی بخواردایەتەوە ئۆخەی نەدەکرد. جا لەگەڵ ئەوەش دا ئێمە گوێ نادەینە ئەوە، ئەوان دوور لە هەندێکیان نامەعقوڵیان کرد، ئێمە عەرەب بە برای خۆمان دەزانین، ئەویش خۆتان دەزانن لەبەر چییە ئەگینا لەبەر چاوی کاڵییان نییە.

سەیدقوتب وەکو عەرزم کردی تەفسیرەکەی وتەبێژی خۆیەتی و بە باشی ڕاڤه‌ی کردووە، بەڵام من وا بە باش دەزانم (بەس مه‌لای تازه‌ی كورد ڕەخنەم لێ نەگرن) چونكه‌ یەکێکی وەک من تازە نیم، من کابرایەکی کۆنم، ئەگەر خوا بکات حەقە جارێ تەفسیری (فی ضلال) به‌ ته‌واوی بخوێنمەوە، ئینجا تەفسیری (فی ضلال) بکەم هەر بە شەرح و مەتنەوە، ڕەئییەکەی ئەو چۆنە من هەندێک شتی خۆمی دەتوانم بۆ زیاد بکەم یان بۆ کەم بکەم، زۆر زۆر موهیمتر دەردەچێت. به‌خوا ده‌توانم بڵێم ته‌فسیری سه‌یدقوتب له‌ ناخی حەزرەتی جوبرائیلەوە وەحیەکەی پێدەگات و له‌لایه‌ن جوبرائیله‌وه‌ خراوه‌ته‌ سنگی سه‌یدقوتبه‌وه‌! تەفسیرێکە بە حەقیقەت ئەو ڕۆژانە و ئەو کاتانە و ئەو زەمانە دەهێنێتە بەرچاوی ئینسان کە پێغەمبەر (د.خ) تیای دا ده‌ژیا و وه‌حیی بۆ ده‌هاته‌ خواره‌وه‌ و ئاڕاسته‌ی شوێنكه‌وتووه‌كانی خۆی ده‌كرد! مامۆستای سەید (خوا لە گوناهی خۆشبێت) لە ئایاتی قورئان به‌گشتی و لەو ئایەتانەی کەوا مەکكین شۆڕشێکی بەرپا کردووە، بەڵام چەکهەڵگرەکەی نییە، تۆ هەتا ئێوارە شۆڕش بکەیت هەتا ئێوارە فکرەت هەبێت بەڵام سه‌رباز و چه‌كهه‌ڵگرت نه‌بێ چیت پێده‌كرێ؟

گوڵنار: باوەڕت بە فرە ژنی هەیە؟
موفه‌تتیش: نەخێر.

گوڵنار: داهاتووی ئیسلام چۆن ده‌بینیت؟

موفه‌تتیش: له‌باره‌ی داهاتووی ئیسلامه‌وه‌، من ئیمانم وایە عەقیدە و بیروڕوام وایە هەتا ئەم قورئانە تەتبیق نەکرێت له‌ ئه‌رزی واقیع دا خوا دونیا ئاخر ناکات، هەر ڕۆژێک ئەم قورئانە تەتبیق کرا لە عالەم دا، ئیتر ئه‌ركی بوونه‌وه‌ر و دونیاش ته‌واو ده‌بێت!

گوڵنار: له‌باره‌ی عه‌بدوڵا ئۆچئالانه‌وه‌ چی ده‌ڵێیت؟
موفه‌تتیش:عەبدوڵڵا ئۆجەلان پیاوێکی بیرمەندە، بەڵام من دەڵێم بە شەڕ و کوشتار ئامانجەکەی ئەو نایه‌ته‌دی، وە غەدریشی کرد کە چوویە دەرەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif