زمانی کوردی

ليست هناك تعليقات


عومەر گوڵپی
-
چالاکییەکی کوردییە، لە ھەولێرە، زۆرینەی ڕەھای ئامادەبووان کوردن، بەڵام بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش دەکرێت و پاشان دەکرێتەوە بەکوردی.

فەرامۆشکردن و ھێندێکجار بێڕێزی بە زمانی کوردی گەیشتووەتە لوتکە، لە ھەموو ئاستێک و لە ھەموو بوارێکدایە. بەشێکی زۆری سەرچاوەکەی فەرامۆشکردن و بێڕێزییەکەش خۆ بە بچوک زانین و لاوازییە کە لە دەروونەوە سەرچاوەی گرتووە، لای کەسانێک کە بە تەواوەی ڕووخاون بەرانبەر بەو داگیرکارییە ڕۆشنبیرییەی کە رۆژئاوا ڕووبەڕووی گەلانی دونیای کردووەتەوە. خراپی سیستم ‌و حکومڕانیش تەواوکاری ئەو ڕووخانە دەروونییەیە.

لە ھەرێمی کوردستان یاسای زمانە فەرمییەکانمان ھەیە، بە پێی ئەو یاسایە دەبێت ھەموو چالاکییەک، نووسینێک، نووسراوێک، تابلۆیەک، ڕیکلامێک، قسەکردنێک، یاسایەک، ڕێنماییەک، بڕیارێک، پەروەردەیەک، بە زمانی کوردی بێت، پاشان ڕێگە دراوە بە زمانەکانی تریش بێت.

زۆرجار پیشێلکارییەکان بە ئامادەبوونی کەسی یەکەمی حکومەتن، کە خۆی دەبێت پارێزەری زمانی کوردی بێت ‌و وەزارەتەکانی پلان و بەرنامەیان ھەبێت بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەم بێڕێزییە بە زمانی کوردی ‌و ھاووڵاتی کوردستانی، کە تەنھا لە سنوری بێڕێزیدا ناوەستێتەوە، بەڵکو دەگاتە ئاستی پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنی زمانەکە لەلایەن دامەزراوە جۆراو جۆرە حکومی و ناحکومییەکانەوە لە (ھەرێمی کوردستان).

بە نووسراوی ژمارە (١٧) لە ٨ی ١١ی ٢٠٢٠، داوامکردووە، لە ڕێگەی لیژنەی ڕۆشنبیرییەوە، پەرلەمانی کوردستان ئەم بابەتە گفتوگۆ بکات ‌و سنورێک بۆ ئەم پیشێلکارییانە دابنێت، سەرۆکایەتی پەرلەمانیش بە نووسراوی ژمارە (ک/ ١٨٧٥) لە بەرواری (١٠ی ١١ی ٢٠٢٠) نووسراوەکەی ئاراستەی لیژنەی ڕۆشنبیریی کردووە، ئەوەی بزانم لیژنەکە لیژنەی لاوەکی پێکھێناوە بۆ ئەم بابەتە، بەڵام نازانم کارەکانی لیژنە لاوەکییەکە بە کوێ گەیشتووە.

ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت، ھاوشێوەی خۆپیشاندان بۆ باشکردنی دۆخ و گوزەران، ماوەیەکی تر دەبینین پەرۆشانی زمانی کوردی و ھەڵگرانی خەمی نیشتیمان، خۆپیشاندان ساز دەکەن بۆ ئەو پەراوێزخستنەی کە ئێستە ھەیە و ڕاگرتنی ئەو پیشێلکارییانەی دەرھەق بە زمانە جوانەکەمان دەکرێت لەلایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە.

دەقی ناوەڕۆکی یاداشتەکە:
بە پێی بەدواداچوونەکانم، بە پێچەوانەی دەق و حوکمەکانی یاسای زمانە فەرمییەکان لە ھەرێمی کوردستان، ژمارە(٦)ی ساڵی(٢٠١٤)، دام و دەزگاکانی حکومەت کەمتەرخەمن لە پابەندبوون بە پاراستن و کارکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ زمانی کوردی وەک زمانی سەرەکی لە ھەرێمی کوردستان، بەردەوام چەندین پێشێلکاری بەرانبەر زمانەکەمان ئەنجام دەدرێت، بەمجۆرە:

١ـ دەرکردنی (پەیڕەو) و (بڕیار) و (ڕێنمایی) بە تەنھا بە زمانی عەرەبی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەکان و دەستەکانەوە، نمونەی ئەم سەرپێچییەش ھاوپێچ کراون کە پێشێلکردنی ماددەکانی (٤ و٥)ی یاسای زمانە فەرمییەکانە.

٢ـ نووسینەوە و دەرکردنی زۆرێک لە دەقی بڕیارەکان لە دادگاکان تەنھا بە زمانی عەرەبی، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی (٦)ی یاسا زمانە فەرمییەکانە.

٣ـ فەرامۆشکردنی زمانی کوردی لەسەر تابلۆی بازاڕ و شوێنەکانی کار (بچوک و گەورە) و شوێنە گەشت و گوزارییەکان، ئەم سەرپێچییەش زیاتر لە شارە گەورەکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک بەدیدەکرێت. لە ھاوپێچدا ژمارەیەک وێنە ھەن کە ئەم ڕاستییە ڕووندەکەنەوە، ئەمەش پێچەوانەی بڕگەی (یەکەم) لە ماددەی (١٠)یەمی یاساکەیە.

٤ـ ھەڵەی زمانەوانی و چاپ لە (پەیڕەو، ڕێنمایی، بڕیار، نووسراو)ەوەکانی وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکومەت.

٥ـ خراپی لە قسەکردن و دەربڕین و ئاخاوتنی ھێندێک لە وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و کاربەدەستان، بەجۆرێک کە ھەریەکە لەو بەڕێزانە وەک ئەوەی زمانی کوردی لایان زمانی دووەم بێت نەوەک یەکەم.

٦ـ بەکارنەھێنان و فەرامۆشکردنی زمانی کوردی لەلایەن بەشێکی زۆر لە خوێندنگەو قوتابخانە و زانکۆو پەیمانگا ناحکومییەکانەوە، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی (١٣)ی یاساکەیە.

٧ـ لە کاتی ڕیکلام بۆ ھەلی کارو پڕکردنەوەی پۆستەکان، لە بری گرنگیدان و پێشخستنی باشتر بۆ ئەوانەی زمانی کوردی باشتر دەزانن، بە پێچەوانەوە ھەلی پێشینەی کار بۆ ئەوانەیە کە زمانی بیانی دەزانن، ئەمەش پێچەوانەی ماددەی (١٥)ی یاسای زمانە فەرمییەکانە.

ھەربۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەم لیژنەی (ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان) ڕاسپێرن بۆ بەدواداچوونی ئەم کێشە و سەرپێچیانە و لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتی چارەسەر و پابەندکردنی حکومەت و دامەزراوەکانی بە جێ بەجێکردنی دەق و حوکمەکانی یاسای زمانە فەرمییەکان لە ھەرێمی کوردستان و پاراستنی زمانی کوردی لە ھەرێمەکەماندا.

* ئەندامى پەرلەمانى کوردستان

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif