بۆچی ڕێکەوتننامەی ناوەکی لەگەڵ ئێران بۆ بایدن ئاسان نابێت؟

ليست هناك تعليقات


گۆڤاری (The National Interest)ی ئه‌مریكی ئاشكرایكردوه‌، لاوازی ئەگەری بردنەوەی حەسەن ڕۆحانی سەرۆکی ئێران لەهەڵبژاردنەکانی مانگی حوزەیرانی داهاتوی ئەو وڵاتەو بردنەوەی کاندیدێکی توندڕەوی نزیک لەسوپای پاسداران، پلانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئه‌مریكا بۆ زیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکی لەگەڵ ئێران سەختتر دەکات.
گۆڤارەکە لەڕاپۆرتێکیدا کە دۆڤ زاکهیم بەرپرسێکی پێشوی پنتاگۆن بڵاویکردوەتەوە دەڵێت:"گەڕانەوەی واشنتۆن بۆ ئەو ڕێکەوتنەی لەساڵی 2018دا لەژێر سایەی ئیدارەی دۆناڵد تره‌مپی سەرۆکی پێشودا لێی کشایەوە، دەبێتە بابەتێکی "تەواو جیاواز".

گریمانه‌ دەکرێت لەگەڵ سەرکەوتنی کەسێکی توندڕەو بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لەئێران کە بەکرداری سەلماندویەتی ئاستی پیتاندن بۆ لە20% بەرزبکاتەوەو لەڕوی تیۆرییەوە توانای ئەوەی پێدەدات لەماوەی شەش مانگدا چەکی ناوەکی دروستبکات، وادەکات تاران زۆر پابەندنەکات بەڕێککەوتنە ناوەکییەکە تەنها لەبەرئەوەی واشنتۆن هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە، هەروەک چۆن سەرکردایەتیی ئێران لەماوەی رابردودا سەلماندویەتی تەنانەت لەژێر سایەی گەمارۆ توندەکانیش کە کاریگەرییەکی گەورەی کردۆتەسەر ئابوری ئەو وڵاتە، خۆی بەدەستەوە نادات.

لەپاڵ ئەوەدا، سوپای پاسدارانی ئێران کاری لەپێشینەی بریتی دەبێت لەزاڵکردنی بابەتی "ئاسایشی نەتەوەیی" بەسەر بابەتەکانی تردا کە مۆرکێکی ئابوریانەیان هەیە، هەروەک چۆن لەڕێگای دەستگرتن بەسەر سەرچاوە ئابورییەکانی وڵاتدا وادەکات گەمارۆکان کاریگەییەکی سنورداریان بۆسەر ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە هەبێت ئەگەر بەراورد بکرێت بەدانیشتوانی تری ئەو وڵاتە.

لەبەرئەو هۆکارانە، گۆڤارەکە جەختی لەوەکردۆتەوە، ڕژێمی ئێران لەدانوستانەکانی پەیوەست بەپرسە هەرێمییەکان‌و بەرنامە ناوەکی‌و موشەکە بالیستیەکانی لەگەڵ واشنتۆن، دەستدەگرێت بەو بەندانەوە کە خۆی بەگونجاویان دەزانێت، لانیکەم دەبێت وەک ئەوانە بێت کە لەساڵی ٢٠١٥ دانوستانی لەبارەوە دەکردن.

لەلایەکی ترەوە، ناشیۆناڵ ئینترێست پێیوایە، دەبێت ئیدارەی بایدن هۆشیاربێت‌و لەو بڕیارانەی دەیدات یان لەو هەنگاوانەی دەینێت لەلایەن ئێرانییەکانەوە نەقۆزرێتەوە بێئەوەی لەبەرامبەر ئەوەدا هیچ شتێک پێشکەش بکات.

گۆڤارەکە دەڵێت:"نابێت واشنتۆن هیچ کام لەو سزایانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بەسەر ئێراندا سەپێنراوە مادام تاران هەنگاوی هاوشێوە نەنێت، وەک دەستبەرداربون لەپشتیوانیکردنی حوسییەکانی یەمەن، کە ئەوە هەنگاوێکی کەم خەرجییە لەلای تاران ئەگەر بەراورد بکرێت لەدەستهەڵگەتن لەپشتیوانیکردنی حزبوڵڵای لوبنانی".

دەشڵێت:"تاران دەتوانێت پشتیوانییەکانی بۆ گروپە چەکدارییە عێراقییەکانی کەمبکاتەوە کە توانای حکومەتیان بۆ باشکردنەوەی دۆخی سیاسیی‌و ئابوری لاوازکردووە، بەتایبەت کە عێراق چیتر هیچ مەترسییەکی ڕاستەقینە نییە لەسەر ئێران، بەوپێیەی دانیشتوانە شیعییەکەی جڵەوی دەسەڵاتی ئەو وڵاتەیان بەدەستەوەیە".

لەکۆتاییدا گۆڤارە ئه‌مریكییەکە دەڵێت لیستی ئەو سزایانەی بەسەر تاراندا سەپێنراون دوردرێژن‌و دەکرێت پێ بەپێ هەڵبگیرێن ئەگەربێت‌و تاران هەنگاوی هاوشێوە بنێت، بەشێوەیەک لەکۆتاییدا هەردوو لایەنی ئێرانی‌و ئه‌مریكی بگەنە لەیەکتێگەیشتنێک کە لەسەر بنەمای ئەوە ڕێککەوتننامەیەکی نوێی ناوەکی بونیادبنێن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی
شارپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif