ڕووخان لە ناوەوە

ليست هناك تعليقات

عومەر گوڵپی

ڕۆژی شەممە، ٦ی٢ی٢٠٢١، پلاتفۆڕمی کوردستان بۆ پرسە نیشتیمانییەکان گفتوگۆیەکی کراوەیان سازکرد سەبارەت بە پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی عێراق. لە سەرەتای گفتوگۆکەدا ئەنحامی ڕاپرسییەکیان خستەڕوو کە نزیکەی سێ هەزار کەس بەشداری تێدا کردبوو.
لە ڕاپرسییەکەدا نائومێدی و ڕەشبینی باڵی بەسەر ئەنجامەکاندا کێشابوو سەبارەت بە ئایندەی چارەسەریی کێشەکانی هەرێم و بەغدا، و ئایندەی هەرێمی کوردستان و دۆخی گەندەڵی و خراپی بژێوی ژیان و ئاستی خزمەتگوزارییەکان.
ئەوەی هەموو لێی دەترسین ڕووخان و لەدەست دەرچوونە، ڕووخان لە دەرەوە نا، چونکە هەر زام و ڕووخانێک لە دەرەوە چارەسەری قورس نابێت، چونکە هیواکوژو نائومێدکار نییە، بەڵکو هەرەس و ڕووخان لە ناوخۆ مرۆڤ بێهیوا دەکات و ئایندەی چارەسەریی و ڕزگارییەکان لێڵ دەکات.
نەبوونی دادگەریی، دروست نەکردنی دامەزراوەکان، گەندەڵی و قۆرخکاریی و بازرگانی بەسەروەت و سامانی ئەم وڵاتەو بەردەوام دەوڵەمەندبوونی بەرپرسانی دەسەڵات و هەژاربوونی خەڵک، پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان، ئەمانە ئەو هۆکارانەن کە ئەگەر بەردەوام بن هەر کیان و قەوارەیەکی سیاسی تا ئاستی ڕووخان دەبەن، ڕووخانێکی بە ئازار، ڕووخان لە ناوەوە، کە تیایدا هەموو زیانی گەورە دەکەین.
هەربۆیە ئەرکی دژایەتی گەندەڵی و گەندەڵکاران، ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمکاریی، کۆتاییهێنان بە بازرگانی هێزەکانی دەسەڵات بە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەو سنوردانان بۆ لاوازکردنی دامەزراوەکان، ئەرکێکی شەرەفمەندانەیە کە کاری سەرەکی ئێمەو هەر هاووڵاتییەکی وڵاتدۆستی نیشتیمانپەروەری ئەم کوردستانەیە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif