پێنتاگۆن: ‌هێزەکانی نزیک لە ئێران کێشە بۆ شەڕی ئەمریکا دژی داعش دروستدەکەن

ليست هناك تعليقات



لەگەڵ زیادبوونی جموجووڵەکانی داعش لە عێراق و سووریا، چاودێری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت "هێزەکانی نزیکی ئێران لە سووریا و عێراق و حکومەتی بەشار ئەسەد رێگرن لە کارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش".

ئەمڕۆ چوارشەممە 02-10-2021 لە دوایین راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا -پێنتاگۆن- هاتووە، "ئەو گرووپە میلیشیایانەی هەوڵدەدەن ئەمریکا لە ناوچەکە دەربکەن، گەورەترین هەڕەشەن بۆ سەر هێزەکانی هاوپەیمانی"، هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە "چەند گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێران کە بەشێکیان سەر بە حەشدی شەعبین دژایەتیی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن".

ماوەی چەند ساڵێکە بەشێک لە لایەنە شیعەکانی عێراق داوای کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەکەن لە عێراق، دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمریکاوە، لایەنە شیعەکان هەوڵەکانیان چڕتر کردەوە بۆ دەرکردنی سوپای ئەمریکا.

لەبارەی حەشدی شەعبی و کاریگەرییان لە شەڕی داعش رزگار محەممەد نەگڕەیی، بڕیارده‌ری لیژنەی كاروبارى پێشمه‌رگه لە پەرلەمانی کوردستان به‌ رادیۆی رووداوی راگه‌یاند، "باره‌گاکانی حه‌شدی شه‌عبی له‌و ناوچانه‌ بوونەته‌ مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ بۆ سه‌ر ژیانی هاونیشتمانیان، چونكه‌ ئه‌وان مه‌به‌ستیان نییه‌ پارێزگاری له‌و ناوچانه‌ بكه‌ن و ڤیدیۆمان لایه‌ كه‌ به ‌به‌رچاوی پێگەکانی ئه‌وانه‌وه‌ چه‌كدارانی داعش له‌ گوندی ده‌كا به‌سه‌ر سەنگەرەکانی پێشمه‌رگه‌ داده‌ده‌ن و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ك شه‌هید ده‌كه‌ن و به ‌به‌رچاوی ئه‌وانیشه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆیه‌ گومان ده‌كەین كه‌ ئه‌وان هاوكاری ئه‌و چه‌كدارانه‌ی داعش ده‌كه‌ن رێگایان پێده‌ده‌ن بێنه‌سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ده‌خڵودانی هاونیشتمانیان دەسووتێنن".

بەهۆی هەڕەشەی هێزەکانی نزیک لە ئێران دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە چەند مانگی کۆتایی سەرۆکایەتییەکەی بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکای لە عێراق دا و بەپێی بڕیارەکە ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە پێنج هەزارەوە بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز کەمدەکرێتەوە. لە راپۆرتەکەی پێنتاگۆنیشدا هاتووە: ئێستا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوو هەزار و 500 بۆ سێ هەزار سەربازی لە عێراق هەیە.

لەبارەی دۆخی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیێنێت: "هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان لەو ژینگە ئاڵۆزەی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا"، پێنتاگۆن هۆکاری ئاڵۆزی دۆخەکە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە لەو ناوچانەی سووریا هاوپەیمانان لەڕووی جوگرافییەوە نزیکن لە هێزەکانی رووسیا، حکومەتی سووریا و هێزەکانی نزیک لە حکومەتی سووریا.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا لە زاری ئاژانسی هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا راگەیێندراوە: "ئێران و هێزە نزیکەکانی بەردەوامن لە پشتگیریکردنی رژێمی ئەسەد و کەمکردنەوەی رۆڵی هێزەکانی ئەمریکا"، ئەوە لە کاتێکدایە بەپێی راپۆرتەکە هێزەکانی رووسیا لە سووریا کەمتر دژایەتیی هێزەکانی هاوپەیمانی دەکەن.



کاروانی هێزەکانی ئەمریکا و رووسیا لە دێرک لە حوزەیرانی 2020. وێنە: Delil Souleiman/AFP


لەبارەی ژمارەی چەکدارانی داعش راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە "جموجووڵەکانی چەکدارانی داعش لە ئاستێکی نزمدا دەمێنێتەوە، بەپێی خەمڵاندنێک بۆ ژمارەی چەکدارانی داعش لە سووریا و عێراق پێشبینیدەکرێت ژمارەیان لەنێوان هەشت هەزار بۆ 16 هەزار بێت لە کاتێکدا لە کانوونی دووەمی 2020 ژمارەیان لەنێوان 14 هەزار بۆ 16 هەزار بوو".

دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی هۆکاری کەمبوونەوەی ژمارەی چەکدارانی داعش بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا و تووند کردنی سنوورەکانی وڵاتەکە دەگەڕێنێتەوە، هەروەها راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات پێکدادانەکانی تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات -هەسەدە- نزیک لە سەرێکانی دەبێتە لەمپەر لەبەردەم هەسەدە لە شەڕکردن لەگەڵ داعش.

بەپێی ئەو راپۆرتەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا: "هەسەدە ئێستا تواناییەکی زیاتری هەیە لە پاراستنی ناوچەکانی و هێزەکانی هاوپەیمان بەردەوام پشتگیری لە هەسەدە دەکەن بۆ سەربەخۆ بوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش، هەرچەندە تاوەکو ئێستاش هێزەکانی سووریای دیموکرات هێزی ئاسمانیان نییە و پێویستیان بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی، چاودێریکردن و زانیاریی هەواڵگریی هێزی هاوپەیمانە".

هێزەکانی هاوپەیمانان لە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان هاوکاری هەسەدە دەکەن و و راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات ئێستا "هەسەدە زیاتر هەست بە سەرکەوتن و سەربەخۆبوون دەکات لە رووی سەربازییەوە بەراورد بە رابردوو".

دوێنێ سێشەممە جۆن کێربی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی هێزەکانی ئەمریکا زیاتر شەڕکردنە دژی داعش لە سووریا نەک پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان.

جێسیکا مکنەڵتی، گوتەبێژێک بە ناوی پێنتاگۆن لەڕێگەی ئیمەیڵەوە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو قسەکانی کێربی دووپاتکردەوە و رایگەیاند: "ئەمریکا بە تەواوەتی پابەندە بە شەڕی دژی داعش، لەگەڵ وڵاتانی دیکەی هاوپەیمان بەردەوام دەبین لە کارکردن، بەهاوبەشی لەگەڵ هاوبەشە سوورییەکانمان رێگە لە داعش دەگرین دەستی بگاتە نەوتی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا". گوتیشی: "هێزەکانی سووریای دیموکرات بە پشتیوانی هێزە ئەمریکییەکان پارێزگاری لە بیرە نەوتەکان دەکەن بۆ ئەوەی نەبنە سەرچاوە و داهات بۆ داعش".

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif