سەردانی پاپای ڤاتیکان بۆ عێڕاق، خەونی پاپاکانی پێشوو

ليست هناك تعليقات


فرمێسك عوسمان
-
بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئازار و بە تایبەتی لە ڕۆژانی ٥-٨ پاپا فڕانسیس سەردانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکات. ئاشتی و پێکەوەژیان ناونیشانی یەکەم سەردانی مێژوویی پاپای ڤاتیکانە بۆ عێراق، سەرەڕای قەیرانە سیاسی و ئەمنییە ھەنوکەییەکان و دەرکەوتنی چەندین حاڵەتی پەتای کۆرۆنای گۆڕاو. بۆ ئەم مەبەستەش ئامادەکاری تەواوکراوە لە هەموو ئەو شوێنانەی وابڕیارە پاپا سەردانی بکات، وەک چاوەڕێش دەکرێت ئەم سەردانە مێژووییە دەنگدانەوەی گەورەی لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیهان هەبێت بۆیە لەسەر ئاستی نیشتیمانی بە مەراسیمی گەورە و تایبەت لەژێر چاودێری توندی ئەمنیدا پێشوازی لە پاپای ڤاتیکان دەکرێت.

ئەم سەردانەی پاپای ڤاتیکان لەسەر داوای فەرمی سەرۆک کۆماری عێراق بەرهەم ساڵح دێت کە لە یەکەم سەردانی بۆ ڤاتیکان لە ساڵی ٢٠١٨ داوای لە پاپا کرد سەردانی عێراق بکات و پاشان بانگھێشتنامەیەکی فەرمیشی بۆ ئەم مەبەستە ئاڕاستە کرد و پاپاش دوای قبوڵکردنی داوەتنامەکە و دواکەوتنی بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە، دواجار بڕیاریدا سەردانەکەی بۆ عێراق ئەنجام بدات. بەم پێیەش دکتۆر بەرهەم وەک یەکەم سەرۆک کۆماری عێراق لە مێژوودا پێشوازی لە کەسایەتییەکی ئایینی دیاری جیهانی وەک پاپای ڤاتیکان دەکات کە سەردانی ووڵاتەکەی بکات. ئەمەش دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی سەرۆک کۆمار لەسەرەتای دەستبەکاربوونییەوە کاری لەسەر کردووە بۆ گێڕانەوەی پێگەی بەهێزی عێراق لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و سەکۆی دیبلۆماسی لە ناوچەکە و جیهان بەگشتی.

بەپێی ئەو بەرنامەیەی دانراوە لە میانی سەردانەکەی بۆ عێڕاق، وابڕیارە پاپا سەردانی بەغدادی پایتەخت و شاری ئوور و نەجەف و هەولێر و موسڵ و ناوچە مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا و قەرەقووش بکات. ئەگەر سەردانەکەی پاپا بۆ ناوچە مەسیحییەکان وەك پاڵپشتی و سەردانیشی بۆ نەجەف و هەولێر وەک پەیامی پێکەوەژیان لێکبدرێتەوە، ئەوا سەردانی پاپا بۆ شاری ئوور کە شارێکی دێرینی و مێژووییە و بە شوێنی لەدایکبوونی پێغەمبەر ئیبراهیم دەناسرێت، پەیامێکی ئاشتی و پێکەوەژیانی گرنگ لەخۆ دەگرێت لەسەر ئاستی جیهان کە خەونی پاپای ئێستا و هەموو پاپاکانی پێشووتر بووە سەردانی ئەم شارە بکەن، بەڵام پێشتر ئەو هەڵەیان بۆ نەڕەخساوە بەهۆی ئەو بارودۆخە سیاسی و ئەمنییەی لە عێراق هەبووە. 

وێڕای چاوکەوتنی بە بەرپرسانی باڵای عێراق و گەورە قەشە و مەترانی کڵێسەکانی عێراق و کەسایەتی و نوێنەری پێکهاتە مەسیحییەکان، وابڕیارە پاپا چاوی بە عەلی سیستانی مەرجعی باڵای شیعەکانیش لە نەجەف بکەوێت. ئەم چاوپێکەوتنەش لە نێوان دوو کەسایەتی ئایینی گرنگ لە ئاستی عێراق و جیھان ھەوڵێکە بۆ لێک نزیکبوونەوەی ئایینەکان و بەدیهێنانی ئاشتی و پاراستنی ئاسایشی پێکھاتە ئاینییە جیاوازەکان لە جیهاندا بەتایبەتیش بۆ مەسیحییەکان و کەمینە ئاینییەکانیتر لە عێراق.

بێگومان لە مێژووی سیاسی عێراقدا، گشت پێکھاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەبێ جیاوازی ڕووبەرووی کۆمەڵکوژی و سوکایەتی و ترس و تۆقین بوونەتەوە و ھەمووان لەسەر شانۆی عێراق بێ بەش نەبوون لە چیرۆکی تراژیدی و لە لاپەڕەکانی مێژوودا نەهامەتییەکانیان تۆمارکراوە. بە تایبەتی لەم ساڵانەی دوایدا، کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان و ڕاگواستنی مەسیحییەکان و سوکایەتیکردن بە موسوڵمانەکان لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە لە عێراقدا لە ھەر ئان و ساتێکدا دەستێک بۆ تێکدانی ئارامی و ئاشتی نێوان ئەم پێکھاتانە ھەیە و دەیانەوێت لەو ڕێگەیەوە مەرامە ناشرینەکانیان بگەن بە دروستکردنی ناکۆکی و ململانێ و دروستکردنی جیاوازی لە نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراقدا. 

ھەرچەندە ئێستاش جموجوڵەکانی داعش لە ناوچە جیاوازەکان ھەستی پێدەکرێت و دەرکەوتنی چەندین گروپ و میلیشیای نوێ لە ژێر ناوی ئیسلام بۆ تێکدانی ئاسایشی عێراق، بەڵام زۆرینەی نوێنەری پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق ئەوەیان نیشانداوە کە ئیرادەیان لەو مەرامانە گەورەترە، ھاتنی پاپای ڤاتیکان و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق و سەردان کردنی موسڵ و ھەولێر پەیامێکی گرنگە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئاشتەوایی نیشتمانی و دووپاتکردنەوەی پەیامی پێکەوەژیان و دەستپێکی بنیاتنانەوەی ووڵات لەسەر بنەمای هاوبەشبوون لە خۆشگوزەرانی و خێروبێری ووڵات دوور لە ململانێی تائیفی و ئایینی و نەتەوەیی.

ئەم سەردانەی پاپا بۆ عێراق هەڵێکی زێڕینە و یەکجار گرنگە بۆ مەسیحییەکانی عێراق کە جارێکیتر بتوانن کۆببنەوە و کۆتایی بە جیاوازییەکانیان بهێنن تاوەکو بتوانن نوێنەرایەتییەکی کاریگەر و ڕاستەقینەی مەسیحییەکان بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا سەردانی پاپا بۆ ناوچە مێژوویی و مەسیحییەکانی ئێستای عێراق بایەخدانە بە مێژوو و بوونی مەسیحییەکانی لە گۆڕەپانی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق و بەتایبەتی کە ئێستا کەمینەیەک سەڕەرای ترس و تۆقاندنیان لە خاکی باوباپیرانیان ماونەتەوە یاخود ئاوارە بوون بەڵام کۆچیان نەکردووە بۆ دەرەوەی ووڵات.

لەسەر ئاستی ناوچەییش، سەردانی پاپای ڤاتیکان گرنگی و بایەخی تایبەتی هەیە بۆ عێراق بە ئاراستەی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ئاشتی لە ناوچەکەدا و ڕێزگرتن لە سەروەری خاکی عێراق و تەواوی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەم ووڵاتە کە هەموو کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانیش بەشێکی دانەبڕاوی عێراقن هەروەک لە دەستووریشدا دان بە ماف و ئازادییەکانیان نراوە لە پەیڕەوکردنی سروشە ئاینییەکانیان و ئاخاوتن و خوێندن بە زمانی دایک و ڕێزگرتن لە کەلتور و مێژوو و پیرۆزییەکانیان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif