ئێران ئەم دەروازەیەی بە رووی گەشتیاراندا داخست

ليست هناك تعليقات


بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران رایدەگەیێنێت، ئێران ئاگاداری کردوونەتەوە کە لە کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممەوە تاوەکو دوو هەفتەی دیکە دەروازەکە بەڕووی گەشتیاراندا دادەخات.

بەپێی راگەیێندراوەکەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کە ئەمڕۆ شەممە 20-02-2021 بڵاویکردووەتەوە، هاتووە "ئاگاداری گشت هاووڵاتیان و گەشتیارانی خۆشەویست دەکەینەوە، کە ئێران بە رێگەی پەیوەندییەکانەوە ئاگاداری کردووینەتەوە کە حکومەتی ئێران بڕیاری داوە کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 21-02-2021 دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لەڕووی گەشتیارییەوە بۆ ماوەی 2 هەفتە دادەخات."

مەسعود باتێلی، سەرپەرشتیاری کۆمەڵگەی گومرگی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن هاتووچۆ بکەن کە هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین و ئێستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن. هەروەها ئەو کەسانەشی هەڵگری پاسپۆرتی ئێرانین و لە باشووری کوردستان و عێراق ماون، دەتوانن بگەڕێنەوە."

عەلی تۆفيق، سەرپەرشتياری کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان رایگەیاند: "لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان هاتووچۆی گەشتیاریی راگیراوە، ئەویش پەیوەستە بە بڕیاری پارێزگای کرماشانەوە، تەنیا ئەوانەی لە ئێرانن یان بە پێچەوانەوە هاتوونەتە عێراق دەتوانن بگەڕێنەوە، ئەوانیش پشکنینیان بۆ دەکرێت، ئەگەر دەرکەوت تووشبووی کۆرۆنان، کەرەنتین دەکرێن."

عەلی تۆفيق گوتیشی، ئەوەی راگیراوە تەنیا هاتووچۆی گەشتیارانە، هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەکە وەکو خۆیەتی و گۆڕانکاریی بەسەردا نەهاتووە.

سەبارەت بە دەروازەی سنووریی باشماخ، شاخەوان بەکر، بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی سنووریی باشماخ رایگەیاند: "بە فەرمی لەبارەی داخستنی دەروازەکەوە هیچمان پێنەگەیشتووە. لە دیوی ئێرانیش هیچمان پێنەگەیشتووە و هیچ رێنماییەکی نوێ لەوبارەوە نییە."

شاخەوان بەکر، باسی لەوەکرد، بەهۆی ئەوەی دەروازەکەمان سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ هەر بڕیارێک چاوەڕوانی بڕیاری لیژنەی باڵای ئۆپەراسیۆنەکانی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆناین، هاتووچۆش لە دەروازەکە بە رەچاوکردنی رێکارە تەندروستییەکان بەردەوامە.

راگرتنی هاتووچۆ لە دەروازەی سنووریی حاجی ئۆمەران و پەروێزخان لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ شەممە 20-02-2021 ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە پارێزگای کرماشان رایگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنای گۆڕاو لە عێراق، ئەوان بڕیاریاندا هاتووچۆی هەموو دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایە بەڕووی گەشتیاران دابخەن. بەپێی بڕیارەکە، لە بەیانی ئەمڕۆوە هاتووچۆی گەشتیاران لە دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، خوسرەوی، شوشمێ، سومار و شێخ سڵە بۆ ماوەیەکی نادیار قەدەخەیە.

هەروەها وەزیرانی ناوخۆ و تەندروستیی ئێران رایانگەیاندووە؛ سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە گەشتیارانی عێراقین، بۆیە دەروازەکانیان لەگەڵ عێراق داخستووە. سەعید نمەکی، وەزیری تەندروستیی ئێران گوتی: "ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕان لە عێراقەوە گواستراوەتەوە بۆ پارێزگای خوزستانی ئێران."

دەقی راگەیێندراوەکەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران

ئاگاداری گشت هاووڵاتیان و گەشتیارانی خۆشەویست دەکەینەوە کە ئێران بە رێگەی پەیوەندییەکانەوە، ئاگاداری ئێمەیان کردووە کە حکومەتی ئێران بڕیاری داوە سبەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی (21/2/2021) کاتژمێر (2)ی پاش نیوەڕۆ دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران لە رووی گەشتیارییەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە دادەخەن.

بە تەنیا هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان کە لە ئێرانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و هاووڵاتیانی ئێرانی کە لە هەرێمی کوردستانن دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ وڵاتی خۆیان لە ئێران.

راگەیاندن و پەیوەندییەکانی
کۆمەڵگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif