فرمێسکێك‌و هەزار مانا

ليست هناك تعليقات

عەلی عه‌بدولصه‌مه‌د
-
زۆرجار وێنەی دیمەنێك، یاخود هێزی نیگایەک، بارتەقای چەندین ڕۆمان و وشە، قسە دەکات و کاریگەری دروست دەکات.
زۆر جار بێ وتنی تەنها وشەیەکیش دەکرێت فرمێسکێك، گەیەنەری چەندین پەیامی قوڵی پڕ لەئازار و وشە بێت، دەکرێت بەهێزترین دەربڕین و ناڕەزایی بێت لە بارودۆخ و ڕوداوێك کە دێنە پێش.

دیمەنی گریان چەند هەست بزوێنەرە بۆ مرۆڤ، دەی گەر ئەو گریان و فرمێسکە بە چاوی منداڵێکی بێ تاوان و بێ هەڵەوە ببیندرێت دەبێت چەند هێندە هەست بزوێنەرتر و دڵبریندارکەر تربێت بۆ مرۆڤی خاوەن هەست؟

دیمەنی گریانی منداڵێكی بێ تاوانی یەکێک لەدەستگیرکراوەکانی دهۆک و بڵاوبوونەوەی بەو شێوە فراوانە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، هەڵگری زیاتر لەمانایەکە.

مانایی ژیان نەکردنی منداڵی ئەم هەرێمە لە تەمەن و ژیانی خۆیاندا و ئاوێزانکردنیان بە خەم و کێشە و گرفت و ڕووداوە سیاسییەکانەوە و دوورخستنەوەیان لە دنیای خۆیان و شێواندنی دنیایی جوانی منداڵییان.

گریانی ئەو منداڵە لەمانایەکی دیکەیدا، گریانی تەنها منداڵێك نیە بەتەنها بۆ ڕوداوێك، بەڵکو گریانێکە لەبری گریانی هەزاران منداڵی دیکەی ئەم نیشتیمانە کە ساڵانێکە لەسۆزی باوکیان دابڕاون و بوونەتە قوربانی ململانێ سیاسیەکانی ئەم هەرێمە و هەندێکیشیان تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە.

گریانێکە پێمان دەڵێت کە من لەبری ئێوەش دەگریم و ئەم فرمێسکانە بەرجەستەی هەزاران چاوی منداڵی دیکەی نیشتیمانە، بەرجەستەی هەزاران چاو کە جگە لەخودا کەس فرمێسکەکانیانی نەدیوە و سکاڵایان هەر بۆ لای ئەو هەڵگرتووە.

فرمێسکەکانی ئەم منداڵە بێ تاوانە ئەو ڕاستیەی پشان داین، دەکرێت ئیدی هەرچیەک دەسەڵات ئارەزووی بکات ڕووبدات و هێزەکانی دیکەش بێ دەنگی هەڵبژێرن، دەکرێت ئیدی ئەم گریان و فرمێسکە، گریانێکیش بێت بۆ مەرگی دادگەری و ئازادیی و تەنها کەوتنی جوانی و ڕاستیەکانی نیشتیمان و دنیایی ئێمە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif