لە بەریتانیا 15 ملیۆن كەس بە پێكوتەی كۆرۆنا كوتراون

ليست هناك تعليقات

لە ماوەی 10 هەفتەدا كە كوتان دژی كۆرۆنا لە بەریتانیا دەستی پێ كردووە، 15 ملیۆن كەس كوتراون کە نزیکەی 25%ی دانیشتووانە و سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتەش ئەمەی بە خاڵێكی وەرچەرخان بۆ رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا هەژمار كردووە.

سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا گوتوویەتی، حكوومەت توانیویەتی بەڵێنی خۆی لەبارەی هەڵمەتی كوتان جێبەجێ بكات و ئەو چوار گرووپەی دەستنیشانی كردبوون، كوتێنراون و دەست بە گرووپەكانی تر دەكەن.

لە لایەكی ترەوە مێت هەنكاك وەزیری تەندروستی بەریتانیاش هەڵمەتی كوتانی بە خێراترین هەڵمەتی كوتان لە مێژووی بەریتانیا و ئەوروپا هەژمار كردووە و گوتوویەتی، رێژەیەكی بەرچاو لە بەساڵاچووان كوتراون.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، هەرچەندە بەشێك لە هاووڵاتییان داوای سووككردنی رێوشوێنی كەرەنتین لە بەریتانیایان كردووە، بەڵام وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتوویەتی هێشتا بۆ ئەو بڕیارە زووە و تا كۆتایی مانگی نیسان دەبێت تەواوی نۆ گرووپ كە زیاتر لە بەردەم تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنادان بكوترێن.

هەڵمەتی كوتان لە بەریتانیا لە كۆتایی ساڵی رابردوو دەستی پێ كرد و ئەو وڵاتە بۆ كوتانی خەڵك لە هەر دوو جۆری پێكوتەی فایزەر و ئاسترازێنكا سوود وەردەگرێت.

لە بەریتانیا 117 هەزار كەس بە كۆرۆنا مردوون و جۆری گۆڕاوی كۆرۆناش لە وڵاتە سەری هەڵداوە كە خێراتر لە جۆرە باوەكەی كۆرۆنا دەگوازرێتەوە.

ژمارەی دانیشتووانی بەریتانیا بەپێی ئاماری 2019 سەرووی 66 ملیۆن کەسە و بەو پێیە نزیکەی 25%ی دانیشتووانی ئەو وڵاتە کوتراون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق