بەریتانیا روو لە تورکیا و پشت لە مافەکانی مرۆڤ‌

ليست هناك تعليقات



بەریتانیا کە خۆی بە دڵی دیموکراسی ئەورووپا و بەرگریکاری مافەکانی مرۆڤ لە جیهاندا دەزانێت، لەپێناو رێککەوتنی بازرگانی و دەرچوون لەژێر باری زیانەکانی دەرچوون لە یەکێتی ئەورووپا، رووی لە ئەنقەرە کردووە و رێککەتنی لەگەڵدا واژۆ کردووە، بۆ ئەم ئامانجەش چاوی لە هەموو پیشێلکارییەکانی تورکیا پۆشیوە.

رێککەوتنی بازرگانی
رۆژی سێشەممەی رابردوو بەریتانیا و تورکیا رێککەوتنی بازرگانی ئازادیان واژۆ کرد کە روهسار پەکجان وەزیری بازرگانی تورکیا بە "مێژووی" ناوی برد.

وەزیرە تورکییەکە باسی لەوە کردبوو، بەبێ ئەم رێککەوتنە بازرگانییە، بەهۆی باجی زیادەوە وڵاتەکەی ساڵانە دوو ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار زیانی دەکرد. ئەم هەنگاوەشی بە یەکەم هەنگاوی چاککردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ناوبرد.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاس وتی، "لە دوای رێککەوتنی یەکێتی گومرگی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا لە ساڵی ١٩٩٥، ئەمە گرنگترین رێککەوتنە."

بازرگانییەکی گەورە

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی بازرگانی نێودەوڵەتی لە لەندەن، لە ساڵی ٢٠١٩ قەبارەی بازرگانی نێوان تورکیا و بەریتانیا گەیشتە ٢٥ ملیار و یەک ملیۆن دۆلار.

هەل لە لەندەنەوە بۆ ئەنقەرە

لیز تروس وەزیری بازرگانی بەریتانیاش لەبارەی رێککەوتنەکەوە وتی، ئەم رێککەوتنە لە داهاتوویەکی نزیکدا رێگا لەبەردەم رێککەوتنێکی بەرهەمداری نوێدا دەکاتەوە، ئەمەش بەشێکە لە پلانی بەریتانیا بۆ چەند رێککەوتنێک لەگەڵ سیستمی ئابووری جوڵاودا.

لە ژمارەی رۆژی چوارشەممە ٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ی رۆژنامەی گاردیان، سیمۆن تیسدال لە سوتنێکدا باسی لە پەیوەدنییەکانی نێوان بەریتانیا و تورکیای کردووە، نووسەر ئاماژەی بەوە کردووە لەندەن لەپێناو رێککەوتنە بازرگانییە نوێیەکەیدا لەگەڵ ئەنقەرە، چاوی لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا پۆشیوە.

گوڕدان بە ئەردۆغان

تیسداد لە نووسینەکەیدا دەڵێت، ئەم رێککەوتنە هێز و گوڕێکی زۆر بە رۆڵی "ترسناک"ی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەدات و زیانیش لەو بەریتانیایە و پەیماننامەکانی دەدات کە باس لە پەیوەستی ئەم وڵاتە بە یاسا و بەها نێودەوڵەتییەکان دەکات.

نووسەر دەڵێت، لیز تروس "سەرکەوتنێکی پێویست"ی بە ئەردۆغان بەخشی کە وڵاتەکەی چەند ساڵێکە لە خراپی ئیدارەی بازرگانی و ناکۆکییدایە لەگەڵ ئەمریکا و یەکێتی ئەورووپا، ئەمەس بەهۆی سیاسەتەکانی تورکیا بەرامبەر هەریەک لە روسیا، سوریا، لیبیا، یۆنان و قوبرس.

لە دوای ئەم رێککەوتنەوە بەریتانیا دەبێت بە دووەم بازاڕی گەورەی بەرهەمە تورکییەکان، تورکیاش بۆ سود وەرگرتن لەم بازاڕە پێویستی بە لێبوردنە لە رسومە گومرگییەکان، بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و وەزیری بازرگانیش ئەم خواستەی تورکیایان بەدیهێنا.

بەریتانیا فرۆشتنی ماف بە پارە

دوای رێککەوتەنەکە بازرگانییەکەی لەگەڵ یەکێتی ئەورووپا، بەریتانیا پلانی هەیە رێککەوتنی بازرگانی لەگەڵ نزیکەی ٣٠ وڵاتدا واژۆ بکات کە بەشێکی دیاری ئەم وڵاتانە لە لسیتی وڵاتانی پیشێلکاری مافەکانی مرۆڤدان.

بەشێک لەو وڵاتانەی بەریتانیا دەیەوێت رێککەوتنیان لەگەڵدا بکات، بریتین لە تورکیا، میسر، تونس، ئیسرائیل و دەسەڵاتی فەڵەستینی و رێککەوتنەکانیش لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە وردبینی تەواویان بۆ نەکراوە.

هەڵوێستی شلەتێن

نووسەر لە درێژەی نووسینەکەدا تیشکی خستووەتە سەر هەڵوێستی نەرم و شلەتێنی حکومەتی بەریتانیا بەرامبەر چالاکی و فراوانخوازییەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ناوچەکەدا، کە ئەمەش خزمەتێکی زۆری بە سیاسەت و ستراتیژی ئەردۆغان لە ناوچەکەدا کردووە.

تیسداد دەڵێت، حکومەتەکەی بۆریس جۆنسن لە بەرامبەر کارەکانی تورکیا سەری خۆی نەوی کردووە و رێککەوتن لەگەڵ حەو حکومەتانەدا دەکات کە خاوەن لە ئاستی جیهاندا پەسەندکراو نین. بە هیچ جۆرێکیش بیر لە دەرئەنجامە سیاسی، یاسایی، ستراتیژی و مرۆییەکانی ئەم هەنگاوانە ناکاتەوە.

وەزارەتی بازرگانی بەریتانیا بە گرنگییەوە باس لەم رێککەوتنە دەکات کە رێگا لە بەردەم هەزاران کۆمپانیای بەریتانیدا خۆش دەکات ئاسانتر روو لە بەریتانیا بکەن و بەرهەمەکانیان بخەنە بازاڕەکانی تورکیاوە.

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بازرگانی بەریتانیادا بە گرنگییەوە باس لە رۆڵی ئەم رێککەوتنە کراوە لە کردنەوەی بازاڕی تورکیا بەڕووی پیشەسازی ئۆتۆمبێلی بەریتانیدا.

بە پێچەوانەی بەریتانیا، بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپا بە توندی دژایەتی تورکیا و فراوانخوازییەکانی دەکەن لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و تەنانەت بەشێکیان سزایان بەسەر ئەنقەرەدا سەپاندووە یان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا کەم کردووەتەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif