سه‌ركرده‌ی دیموكراته‌كان له ئه‌نجومه‌نی پیران چارلس شومه‌ر له ئه‌نحومه‌نی پیران رایگه‌یاند، پرۆسه‌ی ئیمپیچمێنت (له‌كارخستن)ی تره‌مپ له مانگی داهاتوو له 9ی شوبات (فێبریوه‌ری) 2021 ده‌ستپێده‌كات و له دوو هه‌فته‌دا كۆتایی دێت.
به‌پێی راپۆرتێكی رۆژنامه‌ی زه واشنتن پۆست ئه‌نجومه‌نی پیران كۆتاییان به‌و كێبڕكێیه هێنا كه له‌سه‌ر دادگاییكردنی تره‌مپ رێكنه‌ده‌كه‌وتن. ئاشكرا كراوە، 9ی شوبات بۆ دادگایی كردنی ترەمپ دیاریكراوە.
چارلس ئی شومه‌ر، له وتارێكدا له باڵەخانەی كاپیتاڵ به ئاماده‌بوونی زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نحومه‌نی پیران دووپاتیكرده‌وه، كه ماوه‌ی دوو هه‌فته پرۆسه‌ی له‌كارخستنی تره‌مپ دواده‌خرێت، له‌سه‌ر هاندانی هه‌وادارانی بۆ هێرشكردنه سه‌ر بینای كاپیتاڵ.
رێكه‌وتنی دواخستنه‌كه‌ش له‌سه‌ر 9ی شوبات له‌دوای رێككه‌وتنی هه‌ردوو سه‌ركرده (شومه‌ر- دیموكراته‌كان) و (ماككونێل-كۆمارییه‌كان) دێت بێ گه‌ڕانه‌وه، بۆ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پیران و ده‌نگدان له‌سه‌ر دواخستنه‌كه.
به‌پێی راپۆرتێكی سی ئێن ئێن له‌كارخستنی تره‌مپ ئامانجێك دە‌پێكێت كه ناهێڵێت، تره‌مپ بۆ جارێكی تر خۆی كاندید بكاته‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی.
سی ئێن ئێن ئاشكرای كردووه كه (ماككونێل-كۆمارییه‌كان) داوای دواخستنی هه‌فته‌یه‌كی كردبوو، بۆ پرۆسه‌كه تا تیمی یاسایی تره‌مپ ئاماده‌كاری بكه‌ن بۆ پرۆسه‌ی دادگاییكردنه‌كه، به‌ڵام دواتر (شومه‌ر سه‌ركرده‌ی دیموكراته‌كان) به‌باشی زانیووه دوو هه‌فته دواخرێت. دوگ ئه‌ندریس وته‌بێژ به‌ناوی ماككونێل، گوتی: "ئه‌مه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی رێوشوێنی یاسایی دروست و دادپه‌روه‌رانه‌یه".
هه‌رچه‌نده دیموكراته‌كان وا نیشانده‌ده‌ن كه بڕیاری دواخستنی له‌كارخستنی تره‌مپ كارێكی دادپه‌روه‌رانه‌یه، به‌ڵام سه‌ركرده‌یه‌كی كۆمارییه‌كان پێی وایه مه‌نتیقی بوو له‌به‌رئه‌وه‌ی دادگایكردنه‌كه له‌هه‌فته‌ی داهاتوودا، هه‌ڕه‌شه بوو بۆ له‌كارخستنی كاره‌كانی سه‌رۆك بایدن.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له ئه‌نجومه‌نی پیران به رۆژنامه‌ی زه نیویۆرك تایمز-ی راگه‌یاندووه، كۆمارییه‌كان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان كردووه كه ئه‌گه‌ر دادگایكردنه‌كه دوانه‌خرێت ئه‌وا بڕیاره‌كانی سه‌رۆك بایدن له ئه‌نجومه‌نی پیران سڕ ده‌كه‌ن و ده‌نگی له‌سه‌ر ناده‌ن.
سیناتۆر جۆن كۆرنین له ویلایه‌تی ته‌كساس به زه نیویۆرك تایمز-ی گوتووه، به‌دڵنیایی هه‌ڵوێستیان ده‌بوو به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كانی بایدن، به‌تایبه‌تی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌یوه‌ندی به هاوكارییه‌كانی كۆرۆناوە هه‌یه.
كۆرنین ئاشكرای كردووه، كۆمارییه‌كان له‌سه‌ر دواخستنه‌كه یه‌ك ده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بوون.
درێژه‌كێشانی دادگایكردنه‌كه تا ئێستا پرسیارێكی كراوه‌یه و ده‌كه‌وێته سه‌ر كاری به‌رێوه‌به‌ران و رێكخه‌رانی بانگهێشتكردنه‌كه له ئه‌نجومه‌نی پیران، وته‌ی شایه‌تحاڵه‌كان و دوورودرێژی پرسیاری ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پیران بۆ تیمی یاسایی تره‌مپ. به‌ڵام ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پیران له دیموكراته‌كان بۆ سی ئێن ئێن جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه دادگایكردنه‌كه سێ هه‌فته زیاتر ناخایه‌نێت.
رۆژی 6ی كانوونی دووه‌م (جێنیوه‌ری) 2021 دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌گردبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ هه‌وادارانیدا له‌ژێر ناوی (دزی بوه‌ستێنه)له ئێلێپس-ی واشنتن دی سی، هانی هه‌وادارانیدا كه هێز به‌كاربهێنن و رێپێوان بكه‌ن به‌ره‌و بینای كاپیتاڵ كه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی كۆنگرێسی تێدابوو بۆ چه‌سپاندنی بردنه‌وه‌ی جوۆ بایدن وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا.
له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ره‌فتاره‌ی تره‌مپ-دا سه‌عات4:35ی ئێواره‌ی 13ی كانوونی دووه‌م (جێنیوه‌ری)2021 له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه به 232 ده‌نگی به‌ڵێ به‌رامبه‌ر 197 ده‌نگی نه‌خێر "تره‌مپ" له‌كارخرا.
له‌ماوه‌ی كه‌متر له 2 ساڵدا، ئه‌وه دووه‌مین جار بوو كه تره‌مپ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه له‌كارده‌خرێت. به‌مه‌ش تره‌مپ بووه به یه‌كه‌مین سه‌رۆك له مێژووی ئه‌مه‌ریكا دووجار له‌كارخرێت له‌تێرمی سه‌رۆكایه‌تیدا.
پرۆسه‌ی له‌كارخستن و دادگاییكردن بۆئه‌وه‌ی بچێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه پێویسته ئه‌نجومه‌نی پیران ده‌نگی له‌سه‌ر بدات، هه‌رچه‌نده له‌كارخستنی (ئیمپیچمێنت)ی جاری یه‌كه‌م (2019)ی تره‌مپ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پیرانه‌وه شكستی هێنا، چونكه له ئه‌نجومه‌نی پیران به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ ره‌تكرایه‌وه. ده‌نگدانی سه‌ركه‌وتوو پێویستی به دوو له‌سه‌ر سێی ئه‌ندامانی پیرانه. ئێستا ئه‌نجومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا 50 به 50 یه له‌نێوان دیموكرات و كۆمارییه‌كان. پێویسته 67 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیران به به‌ڵێ ده‌نگ بۆ له‌كارخستنه‌كه بدات.
بۆ ئه‌وه‌ش جگه له كه‌مالا هارس كه سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پیرانه، پێویسته 16 ئه‌ندامی تری پیران له‌كۆمارییه‌كان له‌گه‌ڵ دیموكراته‌كان بن ئه‌وكات ئه‌توانن تره‌مپ بخه‌ن.
ئه‌وه‌ی زانراوه له نێو بینای كاپیتاڵ-ه‌وه 10 ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پیران-ی سه‌ر به كۆمارییه‌كان ئاماده‌ن ده‌نگ به له‌كارخستنی تره‌مپ بده‌ن، به‌ڵام هێشتا پێویستیان به 6 ئه‌ندامی تر ئه‌بێت. بۆیه سیناتۆر لیزا مۆركۆڤسكی سه‌ر به ویلایه‌تی ئالاسكا له كۆمارییه‌كان، گوتی: "ده‌نگی كۆمارییه‌كان یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه".
پرۆسه‌كه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی پیرانه‌وه به‌مشێوه‌یه‌یه: ئه‌نجومه‌نی پیران به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ دادگای باڵای ئه‌مه‌ریكا راده‌ستپێردرێت بۆ له‌كارخستن، و سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنه‌كه‌ش سه‌رۆكی دادگای باڵای ئه‌مه‌ریكا به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق