شێخ نەهرۆ، سیاسەت لە پاڵ تەکیەدا

ليست هناك تعليقات


مردنەکان هەموو جارێك لەدەستدان ناگەیەنن، بەڵكو هەندێك جار مردن دەبێتە هۆی بەدەستهێنان، گەر بۆ ئایندارێك مردن سەرەتای ژیانێکی هەتا هەتاییبێت، ئەوا بۆ کۆچی دوای شێخ محمد، وێڕای مانا مرۆیی و بیرە ئاینیەکە، مردنەکەی بووە سەرەتای گۆڕانکاریەکی جدی بۆ جێگرەکەی کە کوڕە گەورەی شێخی کەسنەزانیە.

لەدوای ڕاگەیاندنی کۆچی دوایی شێخ محمد (خوای گەورە بەگەورەیی خۆی لێی خۆشببێت) لە ئەمریکاوە ئامادەسازی بۆ مەراسیمی ناشتنەکەی کرا، ئەگەر بۆ کەسێك کە ئاشنابێ بەدەروێشایەتی و پێیوابێ کە سۆز و خۆشەویستی و فیداکاری دەروێشەکان بۆ شێخەکەیان وایکرد سنوری وڵاتان ببڕێت و ئەو مانۆڕە بە عەشق وێنا بکات، ئەوا لە پاڵ ئەوادا بۆ کەسێکیتریش ئاساییە ئەوە دیوە سیاسیەکەیدا لێکبداتەوە، چونکە ئەوەی ئێستا شێخ نەهرۆ دەیکات ڕێك سیاسەتێکی حیزبیانەیە لە پاڵ تەکیەدا، لە کاتی هاتنی دەروێشەكان بۆ سنوری عێراق بەشێك لە دەروێشە دڵپاکەکان بۆ خۆیان وتیان چاوەڕێی ئیعازی شێخمان دەکرد تا بکەوینە ڕێ بۆ سلێمانی، ئەمەش بە واتای ئەوە دێت لەدەرەوەی عیشق و خۆشویستن جۆرێك لە سیاسەتی ڕێکخراوەیی لە پشتیەوە هەبووە و ئامادەسازی بۆ كراوە، چونکە عیشق و خۆشەویستی بە یەك یەك و دوو دووش ڕێگای بۆ دەبڕدڕێت، بە دیوە سیاسیەکەشدا قبوڵکردنی ئێران بە بەزاندنی سنور و شکاندنی ئەو ئێرادەیەی کە لە سنورەکاندا هەیە و گەڕانەوەیان بەبێ کێشەی بەزاندنی سنور بۆ خۆی خوێندنەوەی تایبەتی بۆ دەکرێت و هاوسۆزی ئەو وڵاتە دەردەخات بۆ قۆناغێکی نوێی ئەم تەریقەتە بەسەرۆكایەتی شێخی سەرمایەدار، ئەگەرنا ئێران هەرگیز ترسی لی هیچ لێپرسینەوەیەك نیە کاتێك بزانێ هەنگاوێك دەبێتە مەترسی لەسەری یان شكۆی كەم بكاتەوە.

 لە دوای تەواوبوونی پرسەی کۆچکردوو شێخ محمدی بەڕێز، شێخ نەهرۆ وردتر توانی کۆچی دوایی بکاتە دەستپێکی ئەو خەونەی کە چەندین ساڵە هەیەتی بەڵام ڕەنگە دەرفەتێکی وەهای بۆ نەڕەخسابێت یان ڕابردووی ڕێگربووبێ لە بەردەمیدا، ڕوونە کە خەونی شێخ نەهرۆ لە ڕابردوودا دیوە عیرفانی و تەسەوفیەکە نەبووە و نزیكیشی نەبوەتەوە، چونکە هێندەی خۆی وەك سیاسی و بازرگان نیشانداوە، هێندە خۆی لە ڕووە ئاینیەکەوە دەر نەخستوە، بەڵام پرسەی باوکی بەڕێزیان و هاتنی دەروێشەکان لە سنوری ئێران و سەردان و هاوخەمی بەرپرسان و سەرکردایەتی کورد بۆ تەكیەكەی وایکرد کە پێی وابێت ئیدی کاتی ئاڵتونیە بۆ ئەو، هەر بۆیە لەگەڵ یەکەمین دەرکەوتنی لە دوای تەواوبوونی پرسەی شێخی كەسنەزانی، هەندێ گۆڕانکاری تێدا بەدیکرا کە بەڕوونی دەریدەخات خۆگونجاندن بوو لەگەڵ ئەو پێگە ئاینیەی بەهۆی کۆچەکەوە بۆی دروستبوو، وتارەکانی دەروێشانە و ڕووخساری شێخانە و کرداری سیاسەیانە بوونە دەستپێک بۆ ئەو، شێخ نەهرۆ لە بەر ئەوەی تموحی سیاسی هەیە نەك عیرفانی، مانۆڕە سیاسی دەستپێکرد نەك ئاینی و كۆمەڵایەتی و عیرفانی، چونکە ئەو لە بری ئەوەی وەك ڕەدی زیارەت و بەدەمەوە هاتنی پرسەی باوکی بەڕێزیان، سەردانی کەسایەتیە ئاینیە جیاوازەکان و سەردانی مەرقەدەکان و شێخان و نوێنەرانی تری تەریقەتەکان و سەرۆك عەشیرەتەكان بکات، سەردانی سەرکردە و سیاسیەکانی دەستپێکرد و مانۆڕە سیاسیەکەی هەڵبژارد، لە پاڵ ئەمەشدا خیتابە دینیە ئاوێتەكراوە سیاسیەكەی لە تەکیەکەیدا درێژەی هەیە و سەردانکەرانی لە ئەهلی تەسەوف بەردەوامن و سیاسیە کانیش بەردەوام سەردانی دەکەن لە دوای مانۆڕە سیاسیەکەیەوە شێخ نەهرۆ لێزانانە سیاسەتکردن تۆخ دەکاتەوە و لەگەڵ خۆشیدا دەیەوێت تەریقەتەکەی بەرەو سیاسەتکردن بکشێنێت، ئەگەرچی هەمیشە  زۆربەی شێخانی تەریقەت نزیكبون لە سیاسیەكان بۆ چەسپاندن و بەدەستهێنانی بەرژەوەندیەكانیان. 

لە کۆتا وتاریدا کە لە شەوی سەری ساڵی نوێ بۆ ژمارەیەك لەوانەی میوانداری کردوون داویەتی، بەڕوونی دەڵێت تەریقەت تەنها عیرفان و تەسەوف نیە، بەڵکو دەوڵەتداریە و چارەسەرکردنی کێشەکانیش دەبەستێتەوە بە تەریقەتەکەیەوە و باسی چاككرنی موچەش دەكات، ئەوە با ئەوەش بوەستێت کە بەکار هێنانی (مەرجەعی کەسنەزانی) بێ مەبەست نیە، چونکە گۆڕینی تەریقەتی قادری کەسنەزانی بە مەرجەعی جیهانی کەسنەزانی، ئامادەسازیە دینیەکەیە وەك چۆن لە عێراقدا مەرجەعی شیعی بوونی هەیە، لەولاشەوە ورد ورد دەیەوێت شیعە مەزهەبەکان ئەم مەرجەعە بە ڕاستکردنەوەی مەرجەعێکی سونی نەزانن بەرامبەر مەرجەعیەتی شیعە و نەكەونە دژایەتی، خۆی بە تەریقەتێك دەزانێ کە هاوبەشە لە نێوان شیعە و سونەدا و ئەو بەربەستە تێك دەشکێنێت، لە وتەکانیدا وتەکانی ئیمامی حوسەین بەکار دەهێنێت و لە ناوهێنانی تەریقەتیشدا بەکارهێنانی حسینی و عەلەوی بۆ خۆی ژیرانەیە، ئەوە جگە لە دروستکردنی ئەنجومەنی باڵای ڕۆشنبیری تەریقەت، کە دوور نیە لە داهاتوودا شێوە هەیکەلێکی حیزبی پێ ببەخشێت.

لە ئێستادا شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، ڕابەری تەریقەتەکە لە کۆتا وتاریدا ئاماژە بە بوونی دووسەد ملیۆن شوێنکەوتەی كەسنەزانی دەدات (ئیدی ئەو ژمارەیەی لە كوێوە هێناوە كێشەی من نیە)،زیرەکانە یاریە سیاسیەکە دەکات، کۆشکی سپی بە نزیكەی ١٥ ملیۆن دۆلار لە هەولێر دەکڕێت(بەپێی ڕاگەیاندنەکان) و لە کۆتا وتاریشدا سلێمانی بە پایتەختی تەسەوف ناو دەهێنێت، ئەو دەیەوێت دڵنیایی بداتە سنوری زەرد و دڵی ناوچەی سەوزیش نەڕەنجێنێ، لە لایەکیتریشەوە ڕایدەگەیەنێت چیتر دەسەڵاتی سیاسی ناتوانێ چارەسەری قەیرانەکان بکات، ئەو خیتابەشی ڕوو بە خەڵك بوو نەك دەروێشەکان و نەك دەسەڵاتیش، ئەگەرچی لەسەدەكانی ڕابردوودا بەشێك لە شێخەكان هەڵگری ئەو خیتابەبوون و مەیلی دەسەڵات و حكومداریان هەبوە، چونکە ئەو دەزانێت ژمارەی شوێنکەوتوانی لە هەرێم بە ئەندازەی هێنانەدی خەونەکانی نین، بۆیە چاوی لەسەر دەرەوەی تەریقەتە.

ڕەنگە خاڵی بەهێزی شێخ نەهرۆ، بەتەنها بوونی مورید و تەکیەکەی نەبێت، بەڵکو بوونی ئەو سەرمایە گەورەیەیە کە هەیەتی، چونکە ئەو بەتەنیشت باوکی ڕەحمەتیانەوە سەرقاڵی بازرگانی بوون و یەکێکن لە سەرمایەدارە دیارەکان و خاوەنی ملیۆنان دۆلارن و پیویستیان بە دەسەڵات نیە لە ڕووی داراییەوە، هەر بۆیە ڕەنگە زووشبێ بڵێین ئایا شێخ نەهرۆ سەرکەوتوودەبێت لە هەنگاوەکانیدا یان نا، چونکە ژمارەیەك پرسیاری جدی هەن پێویستیان بە وەڵامە و بۆ دەستخستنی باشترین وەڵامێك کە سەرپییانە نەبێت پێویستە چاوەڕێی کات بکەین! دەکرێ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە بوەستین، ئایا زەمینەی گەشەکردنی سیاسەت لەپاڵ تەکیەدا لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت سلێمانی هەیە؟ یەکیەتی و پارتی سەرکەوتوو دەبن لە دروستکردنی ئەم بەدیلە بۆ حیزبە ئیسلامیەکان؟ شێخ دەتوانێت هاوسەنگی خۆی بپارێزێت لە نێوان پارتی و یەکیەتی؟ چۆن وەڵامی ئەو پرسیار گەلە دەداتەوە لە سەر ڕابردووی هەن؟ یەکیەتی و پارتی لێدەگەڕێن ئاراستەیەکیتر لەدەرەوەی خۆیان دروستت ببێت کە پەیوەندی دەرەکی بەهێزبێت؟ شێخ نەهرۆ بۆ خۆی تاچەند دەتوانێت بەردەوامبێ لەسەر بەهێزکردن و چەسپاندنی پێگەکەی، لە کاتێکدا شێخانی تەریقەتەکانیتریش پێگەیان کەم نیە لە ناوچەکەدا؟ کۆتا پرسیاری جەوهەریش ئەوەیە، لە کاتێکدا خەریکە حیزبی نەتەوەیی و ئاینی بەرەو پاشەکشە دەڕوات، چۆن سیاسەت و حیزبایەتیکردن بەتەنیشت تەکیەوە دەتوانێ گەشە بکات؟



عوسمان گوڵپی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق