داڤید بێتۆنی؛ ئەو هاوڕێیەی زیدان لە قسەی دەرناچێت

ليست هناك تعليقات


زیدان متمانەی بە باشترین هاوڕێی خۆی داڤید بێتۆنی هەیە، ئەو بە دڵە لێدراوەکەی لە ریال مەدرید دادەنێت و هەمیشە ئامۆژگارییەکانی وەردەگرێت، بۆیە کاتێک ئەفسانەی فەرەنسی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، تەنیا متمانەی بە یاریدەدەرەکەی هەبوو بۆ ئەوەی لە ماوەی داهاتوودا بەڕێوەبردنی ستافی تەکنیکی ریالی پێڕاسپێرێت.

چیرۆکی هاوڕێیەتی ئەم دووانە لە ساڵی 1986 دەستیپێکرد، کاتێک زیدان و بێتۆنی پەیوەندیان بە تیپی تازەپێگەیشتووەکانی یانەی کانی فەرەنسییەوە کرد و پێکەوە بەرەو پێشچوون و گەیشتنە تیپی یەکەمی یانەکە، بەڵام بەهرەی دیاری زیزۆ وایلێکردن لێکجیاببنەوە، کاتێک لە ساڵی 1992 دا بەرەو بۆردۆ بەجێیهێشت.

سەرەڕای درەوشانەوەی زیدان لە جیهانی جادووگەریدا، لەگەڵ ئەو یانانەی کە یاری بۆ کردوون و لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیی فەرەنسا، پارێزگاری لەو دۆستایەتییەی لەگەڵ بێتۆنی کرد، کە ئەمەی دوایی نەیتوانی وەک یاریزان لە پڕجەماوەریترین یاری جیهاندا سەرکەوتن بەدەستبێنێت، بۆیە ساڵی 2004 لەگەڵ یانەی کان وازهێنانی خۆی لە یاریکردن راگەیاند و لەگەڵ ستافی تەکنیکی یانە فەرەنسییەکە وەک دۆزەرەوەی بەهرەکان دامەزرا.



داڤید بێتۆنی و زینەدین زیدان

ساڵی 2013 کارگێڕیی ریال مەدرید گرێبەستی لەگەڵ بێتۆنی کرد، بۆ ئەوەی ببێتە دۆزەرەوەی بەهرەکان لە یانەی شاهانە، بەڵام هەموو شتێک لە هاوینی 2014 گۆڕا، کاتێک یانەی شاهانە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کاستیای بە زیدانی هاوڕێی منداڵیی بێتۆنی دا. 

لەگەڵ ئەوەشدا کێشەیەکی نوێ رووبەڕووی بیتۆنی بووەوە، کە ئەو بڕوانامەی راهێنانی نەبوو، بۆیە کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید بڕیاریدا بیکاتە یەکێک لە ئەندامانی ستافی تەکنیکی راهێنەر زیدان لە کاستیا، ئیدی ئەو دوای 22 ساڵ لە جیابوونەوە جارێکی دیکە گەڕایەوە سەر کاری مەشق.

دوای لەسەرکارلابردنی رافایێل بێنیتێزی راهێنەر لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید بڕیاریدا ئەفسانە زیدان بەکاربهێنێت بۆ رزگارکردنی تیپی یەکەمی ریال مەدرید، کە لە 4/1/2016 دا زیدان بووە راهێنەری ریال مەدرید و ئەویش لەگەڵ خۆیدا بێتۆنی بردە تیپی یەکەمی ریال مەدرید.

دوای ئەوە بێتۆنی بڕیاریدا کار لەسەر خۆی بکات، دوای خۆماندووکردنێکی زۆر لە ساڵی 2017 توانی بڕوانامەی راهێنان بەدەستبێنت، ئیدی بەفەرمی بووە یاریدەدەری هاوڕێی نزیکی، کە زیدان زۆر پشت بە بۆچوونەکانی دەبەستێت و هەمیشە ئامۆژگارییەکانی وەردەگرێت، بەتایبەت دوای کۆتایی هاتنی دانیشتنەکانی راهێنان.

بێتۆنی لە 3 وەرزی یەک لەدواییەکدا لەگەڵ زیداندا سەرکەوتووبوو لە سەرکردایەتی کردنی ریال مەدرید بۆ بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، ئەمە جگە لە بردنەوەی نازناوی لالیگا و پاڵەوانێتییەکانی دیکە، ئەمەش وای لە راهێنەری فەرەنسی کرد لە هەموو گەورە و بچووکێکدا پشت بە هاوڕێی منداڵیی خۆی ببەستێت.

سەرپەرشتیکردنی ستافی راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید، لە لایەن بێتۆنییەوە لە بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش لە لالیگادا جاری یەکەمی نییە، بەڵکو لە هاوینی 2019ـدا کاتێک زیدان بەهۆی گیانلەدەستدانی براکەی ناچاربوو گەشت بەرەو فەرەنسا بکات، کارەکەی بۆ هاوڕێی منداڵی بەجێهێشت، بۆ ئەوەی ئامادەکاری وەرزی لە کەنەدا تەواو بکات.

بێتۆنی هیچ کاتێک زیدانی هاوڕێی منداڵیی خۆی بێهیوا نەکردووە، وەک ئەوەی ئەمجارەش سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێشدا بەدەستهێنا، بۆ ئەوەی بۆ هەموو لایەک بسەلمێنێت ئەو دۆستایەتییەی لەگەڵ زیداندا تەمەنی 35 ساڵە، بەردەوام هەمووان سەرسام دەکات.

داڤید بێتۆنی، یاریزانێکی پێشووی فەرەنسییە، لە 23ـی مانگی 11ـی 1971 لەدایکبووە، پێشتر وەک یاریزان یاری بۆ یانەی کان کردووە، دواتریش وەک دۆزارەوەی بەهرەکان، ئینجا زیدان وەک یاریدەدەری راهێنەر پشتی پێبەستووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif