چالاکوانانی هەڵەبجە لەسەر ئەم پرسە هەڵوێستی خۆیان دەربڕی

ليست هناك تعليقات


دژی گرانکردنی نرخی عەریزە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەپێی گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی داد، لە هەڵەبجە ناڕەزایی نیشاندرا و بەڕێوەبەری دادنوسی هەڵەبجەش دەڵێت، بڕیاری حکومەتە و لەدەستی ئەواندا نییە.

ئەمڕۆ، بەشێک لە هاوڵاتیان و چالاکوانانی شاری هەڵەبجە، دژ بە گرانکردنی نرخی عەریزە لە سێ هەزار دینارەوە بۆ ١٥ هەزار، گردبوونەوەیەکیان لەبەردەم فەرمانگەی دادنووسی هەڵەبجە ئەنجامدا و ئۆفیسی ئەو کۆمپانیایان داخست، کە لەگەڵ حکومەت ڕێککەوتووە بۆ گرانکردنی نرخی عەریزە.

دانا عەبدول، چالاكوان بە نوێنەرایەتی خەڵکی ناڕازیی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا وتی، کە ئەوان نیگەرانن لە ڕووتاندنەوە و دورستکردنی بارگرانیی بۆ خەڵک، وتیشی: نرخی عەریزە لە ١٥ هەزار دینارەوە دەست پێ دەکات هەتا ١٥٠ هەزار دینار، بەپێی جۆری عەریزەکە.

دانا عەبدول, باسی لەوەش کرد، کە ماوەی چوار مانگە لە هەوڵدان لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار و لایەنی بەرپرسادا، وتیشی: قائیمقام و پارێزگاریش نیگەرانن لە كاری كۆمپانیاكە، بەڵام لەبەرئەوەی پشتیان هەیە، بەبێ‌ پرسی ئەوان ئۆفیسیان دروستكردوە.

دانا عەبدول، ئاماژەی بە نایاسایی بوونی کاری کۆمپانیاکە کرد، چونکە وەک ئەو باسی کرد، تەندەرینی بۆ نەکراوە، کە بدرێت بە ڕاگەیاندن، گرێبەستی لەلایەن وەزیری دادەوە بکراوە، کە وەزیر ئەو مافەی نییە، هەروەها كارەكانی كۆمپانیاكە ڕاستەوخۆ پێچەوانەی یاسای عەریزە نووسیە لە هەرێم و عێراق.

وتیشی: ئەمڕۆ كارەكان بە کۆمپانیاکە ڕادەگرین، دەبێت چاوەڕێبكەن تاوەكو نووسراو بگەڕێتەوە لەئ ەنجومەنی وەزیران و یاساییبوونی خۆیان بسەلمێنن، ئینجا دەست بە کار بکەنەوە.

لە بەرامبەردا، فاروق حەمە تۆفیق بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنووسی هەڵەبجە وتی: بڕیاری بەئەلیكترونییكردنی فەرمانگەكانی دادنووس، بڕیاری فەرمانگەی دادنووسی هەڵەبجە و سلێمانی نیە، بەڵكو بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە ئەنجامی داوە، ئێمە تەنها لایەنی جێبەجێكردنین هیچ لەدەسەڵاتی ئێمەدا نییە.

فاروق حەمە تۆفیق بەڕێوەبەری فەرمانگەی دادنووسی هەڵەبجە وتیشی: بڕیاری زیادكردنی ئەو نرخە بارگرانیە لەسەر هاوڵاتیان، هاوڵاتیانیش بۆیان هەیە داواكاریی پێشكەش بكەن، بۆئەوەی بەرزبكرێتەوە بۆ حكومەتی هەرێم، بەمەبەستی ئەوەی پێداچوونەوەی پێدابكرێت، خەڵك مافی خۆیەتی تێبینی و قسەی لەسەر نرخەكەی هەبێت.

سەبارەت بە دروستكردنی ئۆفیسی كۆمپانیاكە لەناو حەوشەی فەرمانگەی دادنووس و داگیركردنی شوێنی باخچەی فەرمانگەكە، وتی: بەپێی گرێبەستی كۆمپانیاكە دەبێت ئۆفیسێك لە نزیكترین شوێنی فەرمانگەی دادنووس هەبێت بۆ كارەكانی، بۆ ئەوەی هەموو كەسانی كەمئەندام و پیر و پەکكەوتە بەئاسانیی بتوانن بێنە ژورەوە، ڕێگەی دور نەبڕن بۆ نووسینی عەریزەیەك.


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif