چین: ڤاکسینی کۆرۆنا بەبێ بەرامبەر دەدەینە خەڵک

ليست هناك تعليقات


حکومەتی چین بە نیازە ڤاکسینی کۆرۆنای سینۆڤاک کە بەرهەمی خۆیەتی بەبێ بەرامبەر بۆ دانیشتووانەکەی دابینبکات. جێگری بەڕێوەبەری لیژنەی تەندروستیی نیشتمانیی چینیش دەڵێت، ئامانج لەو کارە پەیداکردنی بەرگریی بەکۆمەڵە دژی ڤایرۆسەکە.

زێنگ یەژین، جێگری بەڕێوەبەری لیژنەی تەندروستیی نیشتمانیی چین رایگەیاند، "ئێمە بەشێوەیەکی رێکخراو و بەردەوام کوتانی خەڵک بە ڤاکسین ئەنجامدەدەین بەتایبەتی ئەوانە کە ژیانیان لەبەردەم مەترسیی گەورەدایە. ئێمە پلانمان هەیە بۆ پێدانی ڤاکسین بەبێ بەرامبەر بەهەموو ئەوانەی کە پێویستیان بە ڤاکسینە تاوەکو دواجار بە ئامانجی خۆمان بگەین کە بریتییە لە پێدانی ڤاکسین بە زۆربەی خەڵک. ئیدی بەرگریی بە کۆمەڵ دروستدەبێت و رێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەین".

تاوەکو ئێستا بە تەواوەتی نرخی ڤاکسینە چینییەکە دیارینەکراوە، هەرچەندە هەندێ سەرچاوە باس لە نزیکەی 60 دۆلاری ئەمریکی دەکەن بۆ هەر ڤاکسینێک.

دانیشتووانی چین نزیکەی ملیارێك و 400 ملیۆن کەسن، لەڕووی زانستییەوە بۆ ئەوەی بەرگریی بە کۆمەڵی خەڵک دروستبکرێت، دەبێت لانیکەم 70%ـی چینییەکان ڤاکیسنەکە وەرگرن، واتە نزیکەی 980 ملیۆن کەس.

هەموو کەسێکیش پێویستی بە دوو ژەم ڤاکسینە کە دەکاتە ملیارێك و 960 ملیۆن ژەمە ڤاکسین.

لی تاوو، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی تەندروستیی نیشتمانی ئاماژە بەوە دەکات، "پێدانی ڤاکسین بەبێ بەرامبەر بە واتای ئەوە دێت کە پێدانی ڤاکسین و هەروەها سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی پەیوەست بەو پرۆسەیە لەلایەن حکومەتەوە دابیندەکرێت و خەڵک هیچ پارەیەک نادات، خاڵێکی گرنگی دیکەش ئەوەیە کە هیچکەس بە وەرگرتنی ڤاکسین ناچار ناکرێت بەڵکو خۆویستانە دەبێت".

لەکاتێكدا بەرپرسانی چینی باس لە زستان و بەهارێکی سەخت لە رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەکەن و هیوایان هەیە بە بەرگریی بە کۆمەڵ بگەن، بەڵام لەمانگی 12ـی رابردووەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 9 ملیۆن ژەمە ڤاکسین بە 4.5 ملیۆن چینی دراوە.

لە کۆی 39 وڵاتانی جیهانیش، تاوەکو ئێستا نزیکەی 19 ملیۆن کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق