عێراق داهاتوویەکی رەش

ليست هناك تعليقات

سه‌ردار عه‌زیز

کۆمەڵێک رووداو روویاندا لەماوەی پێشوودا، پێکەوە ئەو دیاردەیە دەهێننەوە بەرچاو کەئایا چارەنووسی عێراق بەرەو کوێ دەچێت؟ عێراق وڵاتێکە ئەمڕۆ لەکوردستانەوە جیاواز دەبینرێت: بەرەیەک کردوویانە بەبەهەشت و بەرەیەک بەدۆزەخ، بەڵام هیچ کام لەم بەرەیە لەواقیعی عێراق خۆی نادوێن. وەک هەموو دیاردەیەکی تر، قسەکردن لەسەر عێراقیش بەشێکە لەخۆدواندن، نەک قسەکردن لەسەر عێرا.

لێرەدا ئێستێکی کورت لەسەر کۆمەڵێک رووداو دەکەین، کەپێکەوە کاریگەرییان هەیە لەسەر چارەنووسی عێراق. یەکەم، ئەمریکا دەیەوێت عێراق بەدونیای عەرەبییەوە گرێبدات، هەروەها بەکوردستانیشەوە، ئەم پرۆژەیە لەڕێگای غازەوە بەڕێوەدەچێت، کەسەرچاوەی دابینکردنی کارەبایە، هەروەها ئامانجی جیوپۆلەتیکی هەیە، وەک دوورکەوتنەوە لەئێران و نزیکبوونەوە لەئەوانی تر. وەزارەتی وزەی ئەمریکی لەپشت ئەم پرۆژەیەوەیە. رۆژانی پێشوو لە ریاز کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم مەبەستە بەڕێوەچوو. ماسیو زایس هەروەها سەرپەرشتی لێکۆڵینەوەیەکی وەزارەتی وزە دەکات بۆ غازی هەرێم. ئەمە سەرباری گۆڕینی سەرۆکی ئەمریکی بەردەوام دەبێت. ئەمە لەکاتێکدایە کەئیدارەی بایدن یەکەم پەیامی بۆ ئێران نارد، بەدانانی رۆبەرت مالی بەنێردەی ئەمریکا بۆ پرسی ئێران. مالی تێکەڵەیەکە لەجولەکەی میسری و سوریی. هەڵوێستی بەرامبەر ئێران لەلایەن باڵە توندڕەوەکەوە جێگای قبوڵ نیە. مالی دژ بەکوشتنی بەرپرسە ئێرانییەکە بوو لەماوەی پێشودا. ئەم پەیامەی بایدن گۆڕینی فشارو ئەگەری سەربازییە بۆ دیپلۆماسی. ئەمە مانای ئەوەنیە کەدەتوانێت تەواو ئاراستەکە بگۆڕێت، چونکە نابێت وەک ئەوە دەرکەوێت کەڕەخنەگرانی وێنای دەکەن. لەهەمانکاتدا لەکاتی پرساندنی لەکۆنگریس وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هێندە بایەخی بەعێراق نەدا. وەک ماوەیەک لەمەوپێش بەرپرسێکی ئەمریکی وتی، عێراق لەئەولەویاتی ئەم ئیدارەیەدا نیە، کاتێکش دەبێتە جێگای بایەخ، تەنها لەپەیوەست بەئێرانەوەیە، چونکە ئێران لەنێو پێنج ئەولەویەتەکەی بایدنە. لەئاستی هەرێمیدا، پەیوەندی عێراق و تورکیا بەرەو ئاراستەیەکی خراپتر هەنگاو دەنێت. بەهاتنی خەلوسی ئاکارو هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆ هاتن بۆ شەنگال، ئاماژەیەکی روونە کەتورکیا پلانی چەسپاندنی زیاتری خۆی هەیە لەناوچەکەو ئابڵوقەدانی موسڵە، بەجۆرێک لەکاتی هەر رووداوێکدا بتوانێت بیخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە. بەشێک لەسوننە ئەم هاتنەی تورکیایان پێباشەو وەها پاساوی بۆ دەهێنن کەهاتنی تورکیا تەنها بۆ دژایەتی پەکەکەیە.

 بەڵام شیعە هاتنی سەربازییان پێباش نیەو داوای رێگای ئاشتی دەکەن، بەڵام هەردوولا هێندە دەسەڵاتدارنین بۆ رێگریی لەدۆخەکە. تورکیا بەبێ هیچ پێچ و پەنایەک دەیەوێت زیاترو زیاتر لەناوچەکە بنکەو بارەگاو کاریگەریی هەبێت. ئەم کشانەی تورکیا لەدوو ئاستدا روونە: ئاستی یەکەم، هەوڵی کشانی تورکیا بەهەموو پانتاییەکانی دەوروبەری خۆیدا، لەهەمانکاتدا بانگەشەی تورکیا بۆ گەڕانەوە بۆ نەخشەی میساقی میللی. بەڵام لەهەمانکاتدا لەئاستی فیکریی هەردوو ستراتیژی قوڵ و نیشتمانی شین دەکرێت وەک دوو پرۆژەی پاوانخوازی ببینرێت لەئاستی وشکانی و دەریاوە. رووداوێکی تر کەڕەنگە پەیوەندیی بەپێگەی ئێرانەوە هەبێت لەعێراق، ئەویش دواخستنی هەڵبژاردنە. لەکاتێکدا کازمی پەیمانی دا کەهەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت. بەڵام پەیمانەکەی وەک زۆر لەقسەکانی دیکەی بوو، تەنها قسە بوو. کازمی وەک بیرۆکراتێک تەنها رووکەشێکی میکیاجییە بۆ کۆمەڵێک ئامانجی تایبەت لەنێوان هێزە رکەبەرەکاندا. لەکاتی فشارو قەیراندا، هێزە دەسەڵاتدارەکانی عێراق لەڕیزی پێشەوە دەکشێنەوە بۆ دواوە، هەتا فشاریان لەسەر کەمبێتەوە، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتێکی ئەوتۆ لەدەست بدەن. ئەمەش بەهانەی هێنانی کەسێکی بێ پشتیوانی وەک کازمییە. هەموو ئەمانە دەرخەری ئەوەن کەعێراق لاوازو پڕ لەدەستتێوەردانە. ئەم لاواز هێشتنەوەیەی دەوڵەت لەعێراقدا، ئامانجی زۆرێک لەلایەنە سیاسییەکانە. ئەوەی ئامانجی هێزە باڵاکانە لەعێراقدا ئەوەیە کەدەوڵەت بەجۆرێک هەبێت کەتوانای دەوڵەتداری نەبێت. توانای قۆرغکاریی هێزی نەبێت، توانای لێپرسینەوەی نەبێت، توانای کۆکردنەوەی داهاتی نەبێت، توانای سەروەریی یاساو سزادانی نەبێت، لەگەڵ زۆر خەسڵەتی تردا. ئەم دیاردەیە دەکرێت بە دی-ستسیت ناوی بەرین وەک چۆن قاوە بێ کافایین دەکرێت، وەهاش دەکرێت دەوڵەت بێ-دەوڵەتیی بکرێت. یان ئەوەی درێدا بۆ ئایین بەکاریدەهێنا، ئاینی بێ دین.

 چەند رووداوێک ئاماژە پێدەدەین کەدەرخەریی نادەوڵەتی دەوڵەتن. گەورەترین رووداو، قبوڵکردنی رەشنووسی بودجە بوو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە. ئەم پرۆژەیەی بودجەی عێراق کەدەبێت بودجەیەکی چاکسازیی بێت، گەورەترین پرۆژەی بودجەیە لەعێراقداو گەورەترین پرۆژەی دزییە لەوڵاتدا. دزییەکە بەجۆڕیکە کەهەموو بوارە گرنگ و خزمەتگوزارییەکانی وڵات بێ بودجەو کەم بودجەو پشتگوێخراوە، لەکاتێکدا ئەو بوارانەی کەزیانی گەورەیان بۆ وڵات هەیە، وەک حەشدی شەعبی، وەقفی سوننی و شیعی، هەروەها تێچوونی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، پاککردنەوەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە، زۆرترین بڕی داهاتیان بۆ تەرخان کراوە. لەکاتێکدا عێڕاق بانگەشە بۆ ئەوە دەکات ناچارە نرخی دراوی دابەزێنێت بۆ ئەوەی بتوانێت خەرجییەکانی دابین بکات، ئەم بودجەیە زۆرترین قەرزو کورتهێنانی تیادایە. ئەمە هەمووی لەسایەی کازمیدا روودەدات. لێرەدا رەهەندێکی تری کازمی دەردەکەوێت، وەک کەسێک کەکەس خۆی ناکات بەخاوەنی دەهێنرێت بۆ ئەوەی زۆرترین کاری نەشیاوی پێبکرێت و پاشان دەسەڵاتدارە راستەقینەکان هیچ بەرپرسیارییەک لەئەستۆ نەگرن و سزایەک نەدرێن. بەپێی ئەم بودجەیە نە کەرتی کشتوکاڵ، نە کەرتی ئاو، نە کەرتی خوێندن، نە کەرتی تەندروستی هیچ باشبوون و بووژانەوەیەک بەخۆیەوە نابینێت. ئەوەی سودمەنی هەرە سەرەکییە، دیندارو چەکدار و بەرپرسە باڵاکانن. هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە کەژمارەی دانیشتوانی عێراق بەئاستێکی ئێجگار خێرا زیاد دەکات، ژمارەی هەژاری خەریکە دەبێتە نیوەی ژمارەی دانیشتوان، لەهەمانکاتدا وڵات لەبەردەم تینوبونێکی ترسناکدایە.

 لەساڵانی رابردوودا، تورکیا توانای کۆنترۆڵی بەسەر دیجلەو فوراتدا پەیدا کردووە، ئەم توانایە، وەهای لێدەکات کەبتوانێت ئاو وەک کارتی فشارو چەک بەکاربهێنێت. وەک دەبینین هەموو ئەم کێشانە پرسی گەورەن. لەداهاتوویەکی نزیکدا عێراق رەنگە هەڵبژاردن بکات یان نا. بەڵام ئامانجی سیستەمی هەڵبژاردنی نوێ، رەخساندنی دەرفەتە بۆ کەسایەتیی و چالاکوانە لۆکاڵەکان بۆ ئەوەی بێنە ناو کایەی سیاسی و پەرلەمان و دابڕانێک لەگەڵ هێزە تەقلیدییەکاندا ئەنجام بدەن. بەڵام سیستەمی هەڵبژاردن، نەک ئەگەری زۆر کەمە ئەم ئامانجە بپێکێت، بەڵکو ئەگەر بێتو بیپێکێت، ئەوا پەرلەمانێکی شپرزەی پڕ لەئەکتەری بچکۆلەی خاوەن کردیتی سیاسی سنوردارو توانای تێگەیشتنی بچوک دەهێنێتە ئاراوە. هەروەها دەبێتە هۆی گەشەی جۆرێک لەگەندەڵی کە بە بەرازی ناو بەرمیلەکە ناسراوە. لەسەردەمی کۆیلەیەتی لەئەمریکا، ئەو کاتە سەلاجە نەبوو، بەرازی سەربڕاو خوێ دەکراو لەبەرمیلدا هەڵدەگیرا، دیارە بەرمیلی تەختە. خاوەن کۆیلەکان بەشی کۆیلەکانیان لە بەرمیلەکەدا دەدا، ئیتر بووە هۆی هاتنە ئارای چەمکی پۆرک-بارێل. لەزانستی گەندەڵیدا یانی هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی داهاتی گشتی یان حکومی بۆ بەدەستهێنانی رەزامەندیی دەنگدەر لەناوچەیەکدا. ئەم دیاردەیە لەڕاستیدا ئەگەری زۆرە لەجێگایەکی وەک عێراق و کوردستانیشدا بەگەندەڵی نەبینرێت. چونکە لەئاگایی سیاسی دەوڵەتی عێراقیدا چوونە ناو حکومەت یان چوون بۆ بەغدا بۆ ئەوەی بەشی خەڵکەکە بهێنرێت. بیرمەندی کورد مەسعود محەمەد نەک دژی ئەم جۆر گەندەڵییە نەبووە، بەڵکو وەک شانازییەک بینیویەتی. دیارە مەسەلەی مەسعود محەمەد وەک پەرچە کردارێک بووە لەفشارو رەخنەی چەپ کەباسی شوێن و جێگاکانی تریان کردووە لەدونیا. ئەویش وەک وەڵامێک باس لەگرنگی لۆکاڵ دەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif