کێ نەیهێشت کەشتیی یو ئێس ئێس نیمیتز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە

ليست هناك تعليقات

 


دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بە وەزیری بەرگریی بە وەکالەت کردووە کە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەکشێنێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی وەزیری بەرگریی بەوەکالەت بڕیاریدابوو کەشتییەکە بگەڕێنێتەوە ئەمریکا. 

ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی باڵای بەرگریی ئەمریکا زانیارییەکانی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێت، فەرمانەکەی ترەمپ بۆ کریستۆفەر میلـلەر، وەزیری بەرگری بەوەکالەت لە کۆبوونەوەیەکی کۆشکی سپیدا بووە لە رۆژی یەکشەممە. 

ئەو فەرمانەی دۆناڵد ترەمپ بڕیارەکەی میلـلەری هەڵوەشاندووەتەوە کە بەهۆیەوە کەشتیی یو ئێس ئێس نیمیتز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەڕێنێتەوە ئەمریکا، بەشێکی بەهۆی ئەوەی کە پەیامی کەمکردنەوەی گرژییەکان بە ئێران بگەیێنێت. 

رۆژی 3-1-2021 ساڵێک بەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا تێپەڕی، چەند بەرپرسێکی ئێرانی هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی سولەیمانیان دەکرد، بەڵام یادەکە بەبێ هیچ رووداوێکی تۆڵەکردنەوە تێپەڕی. 

بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە سی ئێن ئێنی گوتووە، بیرۆکەی میلـلەر بۆ گەڕاندنەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە لەگەڵ ئەو سیاسەتە یەکی نەدەگرتەوە کە پەسندکرابوو. چەند سەرچاوەیەکی دیکەی وەزارەتی بەرگریش گوتوویانە، "فەرماندە باڵاکان لە وەزارەتی بەرگری تووشی سەرسوڕمان بوون بەو بڕیارە". 

لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن فەرمانی دەرکرد بە ناردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس نیمتیز بۆ نێو ئاوەکانی کەنداو کە ئەوکات سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کرد، هاوکاریی پێشکەش بە ئەو هێزانە دەکات بڕیارە لە عێراق و ئەفغانستان بکشێنەوە.

ئەوە لەکاتێکدابوو لە ناوەڕاستی هەمان مانگ، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا - پێنتاگۆن رایگەیاند، بەشێک لە هێزەکانیان لە عێراق و ئەفغانستان دەکشێننەوە و ئەو بڕیارەش فەرمانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بووە.

بەپێی زانیارییەکانی سی ئێن ئێن، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکاش ویستوویەتی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بمێنێتەوە، ئەوەش وەکو چاوسوورکردنەوە لە ئێران لەکاتی زیادبوونی گرژییەکانی لەگەڵ ئەمریکا. 

تاوەکو ئێستا نە کۆشکی سپی و ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لێدوانیان لەسەر ئەو راپۆرتەی میدیا ئەمریکییەکە نەداوە. 

رۆژی یەکشەممە 3-1-2021 وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت ئاماژەی بەوە کرد، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری یو ئێس ئێس نیمیتز لە شوێنی خۆی (رۆژهەڵاتی ناوەڕاست) دەمێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەکانی ئێران دژی حکومەتی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق