وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەم جۆرە وەڵامی حکومەتی عێراق دەداتەوە

ليست هناك تعليقات



وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانەکانی وەزیری نەوتی عێراق بڵاوکردەوە و دەڵێت، "هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە؛ بۆیە داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەکی نادەستوورییە".

لە روونکردنەوەکەدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت، لە چاوپێکەوتنێکیدا ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق داوای ئەوە دەکات دۆسیەی نەوتی هەرێم رادەستی سۆمۆ بکرێت و بە شێوەیەکی (مەرکەزی) بەڕێوەببرێت، بەڵام ئەوان بە "نادەستووری ناویدەبەن" و دەشڵێن "ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە رادەستی حکومەتی فیدرالی بکەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکەن".

هەر لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەپێی رێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت کە 12.67% دەبووایە هەرێم زیاتر لە شەشسەت هەزار (600,000) بەرمیل بەرهەمبهێنێت لە کۆی پێنج ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عێراق، بەڵام هەرێم تەنیا 450 هەزار بەرمیل بەرهەم دەهێنێت، واتە هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشی خۆی کەمتر بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمهێناوە حکومەتی عێراقە نەک هەرێم، بۆیەش دەبێت حکومەتی عێراق بەرهەمی خۆی کەمبکاتەوە نەک ئەو داوایە لە هەرێم بکات".

وەزیری نەوتی عێراق لە چاوپێکەوتنەکەیدا باسی لەوە کردووە کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک سەر بە بەغدان، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان دەڵێت "ئاشکرایە کە کەرکووک بەپێی دەستوور، ناوچەیەکی کێشەلەسەرە و پێویستە بەپێی ماددەی 140 خاوەندارێتیی ئەو ناوچانە چارەسەربکرێت".

دەقی روونکردنەوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان:

وەزیری نەوتی عێراق بەڕێز ئیحسان عەبدولجەبار لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بە چەند بابەتێکی پەیوەندیدار بە نەوتی هەرێمی کوردستان کردبوو، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند روونکردنەوە و راستکردنەوەیەک سەبارەت بەو بابەتانە بدەین کە لە چاوپێکەوتنەکەدا باسکراون:

یەکەم: بەڕێز وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە کوردستان بەرزە و نەوتی هەرێمی کوردستان بە 10 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی خاوی عێراق دەفرۆشرێت.

بێگومان ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە، لەوانە پێکهاتە و سرووشتی ئاڵۆزی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکە کە تێچووی دەرهێنانی زیاتر بێت لە کێڵگە نەوتییەکانی عێراق. سەبارەت بە نرخەکەشی بەداخەوە بەهۆی ئەو کێشە و ئاستەنگانەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی و کۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەرێم دروستدەکرێت، نرخی نەوتی هەرێم کەمترە لە نرخی بازاڕەکانی جیهان.

دووەم: لە چاوپێکەوتنەکەدا بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی، داوای ئەوە دەکات دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بکرێت و بە شێوەیەکی (مەرکەزی) بەڕێوەببرێت. لەکاتێکدا بەپێی دەستوور، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و مەرکەزی نییە. بەپێی دەستووریش، کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێداوە، هەرێمی کوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە. بۆیە داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەکی نادەستوورییە. بەڵام لە هەمانکاتدا ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە رادەستی حکومەتی فیدرالی بکەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکەن. هەمیشە ئامادەشین کێشەکانی نێوانمان بە پێی دەستوور چارەسەر بکەین و بگەینە ڕێککەوتنێکی هاوبەش کە لە بەرژوەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت. 

سێیەم: سەبارەت بە پابەندبوون بە بڕیارەکانی ئۆپێک، هەرێمی کوردستان پابەندبووە بەو بڕەی بۆی دیاریکراوە کە 430 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، لەکاتێکدا هەرێم تەنیا نزیکەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی یەک ملیۆن بەرمیلی بۆ بەکارهێنانی ناوخۆییە.

بەپێی رێژەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت کە 12.67% دەبووایە هەرێم زیاتر لە شەشسەت هەزار (600,000) بەرمیل بەرهەمبهێنێت لە کۆی پێنج ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عێراق، بەڵام هەرێم تەنیا چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل بەرهەم دێنێت، واتە هەرێمی کوردستان زۆر لە بەشی خۆی کەمتر بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمی هێناوە حکومەتی عێراقە نەک هەرێم ، بۆیەش دەبێت حکومەتی عێراق بەرهەمی خۆی کەم بکاتەوە نەک ئەو داوایە لە هەرێم بکات. سەرەڕای ئەوەش هەرێمی کوردستان بۆ بەشداری لە کەمکردنەوەی بەرهەمێنان، سی هەزار (30.000 ) بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی خۆی کەم کردووەتەوە.

چوارەم: بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە کە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک سەر بە بەغدان. لەکاتێکدا ئاشکرایە کە کەرکووک بەپێی دەستوور، ناوچەیەکی کێشەلەسەرە و پێویستە بەپێی ماددەی 140 خاوەندارێتیی ئەو ناوچانە چارەسەربکرێت.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت دەردەبڕین بە شێوەیەک لە بەرژەوەندی هەردوولاماندا بێت.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif