گۆڕان شوێنی سێ ئەندامەکەی خانەی راپەڕاندن پڕدەکاتەوە

ليست هناك تعليقات


جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی ئەو سێ ئەندامەی خانەی راپەڕاندن کە لە ماوەی رابردوودا دەستیان لەکارکێشابوویەوە بڕیاردا و رایگەیاند، کە بەزووترین کات شوێنەکانیان لەنێو بزووتنەوەی گۆڕاندا پڕدەکرێتەوە و کەسانی دیکە لە شوێنەکانیان دادەنێت.

ئەمڕۆ شەممە 30-01-2021، جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان بە ئامادەبوونی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان لە مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەکە لە سلێمانی لەبارەی پرسە رێکخراوەکانی بزووتنەوەی گۆڕان و دۆخی سیاسی و ئابووری عێراق و رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی سیاسی و دارایی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

دلێر عەبدولخالق، رێکخەرى ژوورى رۆژنامەڤانى و ئەندامى جڤاتى نیشتمانیی بزوتنەوەى گۆڕان لە دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و رایگەیاند "ئێمە وەک بزووتنەوەی گۆڕان هەڵوێستمان نەگۆڕە لەگەڵ رێککەوتنی هەولێر و بەغداین. بەڵام پێویستە هەرێمی کوردستان لە ئەگەری رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا ئامادە بێت و بژاردەی دیکەی هەبێت."

رێکخەرى ژوورى رۆژنامەڤانى و ئەندامى جڤاتى نیشتمانیی بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژەی بەوەدا "پێویستە چاکسازى ریشەیى و شەفافییەت لە داهاتى هەرێمى کوردستان هەبێت و مووچە لەکاتى خۆیدا دابەشبکرێت، چونکە خەڵکى ئێمە مافى خۆیەتى 30 رۆژ جارێک مووچە وەربگرێت."

"بەزووترین کات پۆستە بەتاڵەکانی خانەی راپەڕاندن پڕدەکرێنەوە"

لە ماوەی رابردوودا هەریەکە لە جەلال جەوهەر، شەماڵ عەبدولوەفا و عەدنان عوسمان، ئەندامانی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان ئاراستەی بزووتنەوەکە کرد. دلێر عەبدولخالق، رێکخەرى ژوورى رۆژنامەڤانى و ئەندامى جڤاتى نیشتمانیی بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند "بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی بڕیاردرا بەزووترین کات پۆستە بەتاڵەکان لە خانەی راپەڕاندن و ئۆرگانەکانی دیکە پڕبکرێتەوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دلێر عەبدولخالق ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان لە کۆبوونەوەکەدا "سوپاس و پێزانینمان بۆ ئەو سێ کەسایەتییە ناردووە کە لە ماوەی رابردوو لەگەڵمان بوون و جڤاتی نیشتمانیش سوپاسی تایبەتیان بۆ دەنێرێت، چونکە لە هەر شوێنێک بن ئێمە بە هاوڕێ و هاوکار و پاڵپشتیکاری خۆمانمانیان دەزانین و دڵنیاین ئەوان هەر کار بۆ ئیسڵاح و چاکسازیی و گۆڕانکاریی دەکەن لە هەرێمی کوردستان."

لە کۆتایی قسەکانیدا رێکخەرى ژوورى رۆژنامەڤانى و ئەندامى جڤاتى نیشتمانیی بزوتنەوەى گۆڕان گوتی "هەموو ئەو ئۆرگانانەی بزووتنەوەی گۆڕان هەیەتی پێویستە پابەندنی ستراتیژی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان بن. لە جڤاتی نیشتمانیش باسی ئەوە کرا کە لە حاڵەتی هەر رێوشوێنێکی رێکخراوەی کە بزووتنەوەکە بیدات لە چوارچێوەی دەستووری رێکخراوەیی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت کە چەتری کاری رێکراوەیی بزووتنەوەی گۆڕانە."


رۆژی 17-01-2021 عەدنان عوسمان دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیاند و گوتی "پێموایە هیچ هەنگاوێکی گەورە نەنراوە و نانرێت. گۆڕان لە حاڵەتێکی متبوونی ترسناکدایە، نە پرۆژە هەیە و نە هیچ پێشنیازێک کاری لەسەر دەکرێت".

رۆژی 18-01-2021یش ئەندامێکی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، دوو ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لەکار کێشاوەتەوە.

شوناس شێرکۆ جدی، شوناس شێرکۆ، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند بوو کە " هەریەکە لە شەماڵ عەبدولوەفا، سکرتێری کاروباری باژێرەکان و عەدنان عوسمان، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان لە ئەندامێتیی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان کێشایەوە."

خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، لە حەوت ئەندام پێکهاتووبوون، کە رێکخەری گشتی و سکرتێرەکانی کاروباری جڤاتی نیشتمانی، جڤاتی گشتی، ژوورەکان، باژێرەکان، فراکسیۆنەکان و کاروباری خەڵک لەخۆدەگرێت.





ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif