هەدەپە بەرەی دژ بە ئاک پارتی بەهێز دەکات

ليست هناك تعليقات


لە تورکیا پڕۆسەی سیاسیی و پەیوەندی نێوان پارتەکان لە دۆخێکی هەستیاردایە. هەدەپە دەستی بە کۆکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن و دروستکردنی بەرەیەکی بەهێز کردووە، لە بەرامبەریشدا ئاک پارتی هەوڵی فراوانکردنی بەرەکەی دەدات لەگەڵ مەهەپە و دەیانەوێت پارتی دیکە بکەن بە هاوپەیمان. هەدەپە لە ماوەی داهاتوودا لەگەڵ چوار پارتی گەورەدا کۆدەبێتەوە، ئەمەش گەرموگوڕی خستووەتە ناو پڕۆسەی سیاسیی تورکیاوە.
هەدەپە لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا کۆدەبێتەوە
پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەربارەی گفتوگۆی دیموکراسی، دادپەروەری و چەند دۆسیەیەکی دیکە پلانی هەیە لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیادا چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجامبدات و لەم بارەیەوەشەوە هەنگاوەکانی دەستپێکردووە.

پەروین بوڵدان و میتهات سانجار هاوسەرۆکانی هەدەپە بە فەرمی داوای کۆبوونەوەیان لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە سەرۆکایەتی کەمال کڵچدار ئۆغڵو، پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) بە سەرۆکایەتی عەلی باباجان، پارتی ئایندە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو و پارتی سەعادەت بە سەرۆکایەتی تەمەل کارامۆللائۆغڵو کردووە.

پارتی سەعادەت وەک یەکەم حیزب وەڵامی داواکارییەکەی هەدەپەی دایەوە و بڕیارە یەکی شوبات هاوسەرۆکانی هەدەپە لەگەڵ سەرۆکی پارتی سەعادەت کۆببنەوە.

هەدەپە بەرەی ئۆپۆزسیۆن بەهێز دەکات
ماوەی چەند مانگێکە ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوە لەنێوان پارتەکاندا ئەنجام دراوە، بە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداریشەوە، ئامانجی هەموو گفتوگۆکانیش دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ کێشە و قەیرانە گەورەکانی تورکیا.

بەرامبەر زیاتر نزیکبوونەوەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، هەدەپەش دەیەوێت ریزەکانی ئۆپۆزسیۆن یەکبخات و بەرەیەکی بەهێز دروستبکات، بۆیە لە ئێستاوە دەستی بە ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن کردووە.

بێکاریگەرکردنی مەهەپە
ماوەی چەند مانگێکە مەهەپە هەوڵ دەدات داد و گەشەپێدان قایل بکات کە دەست بە پڕۆسەی داخستنی هەدەپە بکات، هەموو نزیکی و گفتوگۆکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەش لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ ئەوە بووە سەرۆک کۆمار بهینێتە سەر ئەو بۆچوونەی کە هەدەپە مەترسییە بۆ سەر تورکیا و پێویستە دەست بە رێکارەکانی داخستنی بکرێت.

هەدەپە بۆ رێگرتن لەم هەوڵانە و بێکاریگەرکردنی، دەستی بە بەهێزکردنی پەیوەدنییەکانی لەگەڵ پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا کردووە، هەدەپە دەیەوێت لەم رێگەیەوە هەم پشتیوانی بۆ خۆی پەیدا بکات و شکست بە هەوڵەکانی مەهەپە بهێنێت، هەم بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە دژی ئاک پارتی و مەهەپە بەهێز بکات.

هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە هەدەپە داوای گفتوگۆ و کۆبوونەوەی ئاڕاستەی هیچ کام لە ئاک پارتی، مەهەپە و پارتی باشیش نەکردووە.

نەخشە رێگا
پێگەی بی بی سی لە راپۆرتێکیدا دەربارەی ئامانجەکانی هەدەپە لەم گفتوگۆیانە دەنووسێت ئامانجی هاوسەرۆکانی پارتە کوردییەکە بریتییە لە بەدیموکراتیزەکردن، ئازادیی و دادپەروەری لە تورکیادا.

لە راپۆرتەکەشدا هاتووە، هاوسەرۆکانی پارتی دیموکراتی گەلان لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ سەرۆکی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا و بە ئامانجی گفتوگۆکردن لەسەری، نەخشە رێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی تورکیا دەخەنە روو.

تۆڕی گفتوگۆ
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو و بەتایبەت لە چەند مانگی کۆتاییدا ژمارەیەکی زۆر کۆبوونەوە لەنێوان پارتەکاندا ئەنجامدراوە، لە لایەک پارتەکانی ناو هاوپەیمانی گەل، کە بریتین لە (جەهەپە، پارتی سەعادەت و پارتی دیموکراسی) و لەلایەکی دیکە لەنێوان ئاک پارتی و مەهەپە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی جمهور.

دواتریش لەلایەن پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە بەتایبەتی پیرۆزبایی لە دامەزراندنی پارتەکانی عەلی باباجان و داودئۆغڵو کرا، دوای ئەوەش عەلی باباجان و سەرۆکی پارتی سەعادەت کۆبوونەوە.

داودئۆغڵو ریسەکەی ئەردۆغان دەکاتەوە بە خوری؟
دوای ئەوەی پارتی ئایندەی دامەزراند، داودئۆغڵو ئاڕاستەی رەخنەکانی کردە رەجەب تەیب ئەردۆغانی هاورێگا و هاوخەباتی پێشووی. بەمەوە نەوەستا و پرۆژەی گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی خستەڕوو، پڕۆژەیەک کە بەر لە هەموان لێدانە لە پێگە و هەژموونی ئەردۆغان.

داودئۆغڵو لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ سەرکردەی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکاندا پیشنیاری گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی خستووەتەڕوو.

هەرچەندە هەدەپە لە ماوەی رابردوودا بەردەوام داوای سیستمی پەرلەمانی کردووە و دژی سیستمی سەرۆکایەتی بووە، بەڵام لەم کاتەدا داودئۆغڵو دەیەوێت ببێت بە ئاڵاهەڵگری گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی.

هەوڵەکانی ئەردۆغان
بۆ بەهێزکردنی بەرەکەی خۆی و دەرخستنی هێزی هاوپەیمانییەتییەکەیان، رەجەب تەیب ئەردۆغان یەکەم سەردانی ساڵی نوێی بۆ ماڵی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپە ئەجامدا، ئەمەش پەیامێکی رونی ئەردۆغان بوو بۆ بەهێزیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ مەهەپە و باخچەلی.

ئەردۆغان بەوەندەوە نەوەستا، دواتریش لەگەڵ مستەفا دەستیجی سەرۆکی گشتیی پارتی یەکبوونی گەورە و ئۆندەر ئاکساکڵی سەرۆکی گشتیی پارتی چەپی دیموکراسیدا کۆبووەوە. دوای ئەوەش ئۆغوزهان ئاسیلتورک سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای راوێژکاریی پارتی سەعادەتدا کۆبووەوە.

بەپێی زانیارییەکان ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئاسیلتورک، باسی لە فراوانکردنی بەرەی "هاوپەیمانی جمهور" کردووە، تاکو بتوانێت پارتی سەعادەتیش بباتە ناو هاوپەیمانییەتییەکەوە.

لە ئێستادا پارتی سەعادەت لە دووڕیانەکەدایە، یان دەچێتە بەرەی هەدەپە و ئۆپۆزسیۆنەوە یان روو لە هاوپەیمانی جمهور دەکات.
پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif