مردن سەرچاوەی یاساو ژێرخانی ژیانە

ليست هناك تعليقات

ئا: عوسمان عەسکەری
-
نەمری قورسترین ئەو گرێ کوێرەیە کە مرۆڤ هەرگیز پێی نەکراوەتەوە. ئینسان لەوەتەی هەیە بەدوای ژیاندا گەڕاوە، دەگەڕێت بۆ ئەوەی دەستی بگاتە نەمری و هەتا هەتایە ژیان بکات. زاناکان مردن وەک پرۆسەی بڵاوکردنەوەی ژیان و نەمری پێناسە دەکەن لەڕێگەی نەوەکانمانەوە و لایان وایە خودی مردن درێژکردنەوەی ژیانە، بنەچەی خۆشەویستی و هارمۆنیە، سەرچاوەی ئەخلاق و ئەدەب و یاسایە، ڕەچەڵەکی بەخشندەیی و چاکەکاری، دڵسۆزی و ئینسانیەتە، کوانوی گشت فەلسەفەو کولتورو زانست و داهێنانەکانە، مردن ژێرخانی ژیانە.
هەموو ئەو جوانکاری و داهێنانانەی دەیانبینین، ملیۆنان جۆر خواردن و تامی جیاواز، پۆشاکی ڕەنگاو ڕەنگ و خۆ ڕازاندنەوە، بۆن و بەرامی خۆش، هونەرو مۆسیقا، باڵەخانەو کۆشکی جیاواز، گەشت و گوزارو دابینکردنی ترۆپکی خۆشگوزەرانی لەبەر ئەوەیە کە ئینسان دەزانێت لەم دنیایەدا ژیان یەکجارە.. یەکجارێکی کورت و لەژیانی دوای مەرگیش دڵنیا نیە..! بۆیە ئینسان لەوەتەی هەیە هەوڵ ئەدات ژیانی پڕ بکات لەچێژو خۆشی، باشترین تەندروستی هەبێ و بەتەکنۆلۆجیا کارئاسانی بۆ ژیان بکات، زۆرترین سامان کەڵەکە بکاو ئارامترین ژیان بەدەست بێنێت، لەگەڵ هەموو ئەوانەش کۆڵی لەنەمری نەداوەو هەمیشە هەوڵ ئەدات، لەپاش مەرگی لەبیری خەڵکدا بەزیندوویی بمێنێتەوە.
دین و نەمری
ئەگەر ئینسان دەستی بگەیشتایەتە نەمری هیچ جوانیەک لەدنیا نەدەبوو، ژیانیش سوک و بێبەها دەبوو، چونکە ئەوکات هەتا هەتایە ژیانی دەکردو بیری لەمردن نەدەکردەوە. ئەگەر لەترسی مردن نەبوایە هیچ کەسێک بیری لەهیچ فەلسەفەو زانستێک نەدەکردەوەو هیچی بەخەیاڵدا نەدەهات، تەنانەت ئینسان خۆشی نەدەشۆری و لەئەشکەوت و دارستانەکانیشدا ماڵی نەدەگواستەوە بۆ لادێ و شار، ڕێگاو بان و سەیارەو کەشتی و شەمەندەفەرو فڕۆکەو هیچ.. هیچ شۆڕشێکی دروست نەدەکردو ڕێنەسانسیش ڕووی نەئەدا وەک ئێستا ژیان جوان بکات. ئەگەر گێلگامێش دەستی بگەیشتایە بەنەمری ئەم فەرهەنگ و کولتورەی ئێستامان نەدەبوو، کەس بیری لەمردن، لەدین و فەلسەفە ئاینیەکان، لەبەهەشت و دۆزەخیش نەدەکردەوە، بۆیە خودی مردن ڕەچەڵەکی نەمری و زیندوو بوونەوەیە، سەرچاوەی جوانیەکانی ژیان و بەهای داهێنانەکانە، مردن چەقی ئاینەکان و بەهەشت و دۆزەخیشە.
مەرگ و زیندوو بوونەوە.
سەرجەم دین و ئاینەکان، فەلسەفەو ڕامانە ئاینیە جوداکانی دنیا، هەر ئاینێک بەشێوازێکی جیاواز مژدەی زیندووبوونەوەو نەمریان بەئینسان بەخشیوە.


دینی جوو
لە ئاینی جوولەکەدا بەهەشت و دۆزەخ بایەخی پێنەدراوە، بەڵکو ئەوان بڕوایان وایە هەموو دنیاو بوونەوەرەکانی دروستکراوی خودان، لەدوای مردنیش ڕوح دەگەڕێتەوە بۆ لای خودا چاوەڕێی ڕۆژی قیامەت دەکەن، ئەوکات موسا دەگەڕێتەوە و هەموو مردووەکانیش لەگەڵ خۆیدا دێنێتەوە بۆ ژیان و لەپرۆسەیەکی ئاڵۆزدا موسا گوناهی تاوانبارەکان دێنێتەوە بەرچاویان، ئەوانەی پاک دەبنەوە دەگەڕێنەوە بۆ لای خوداو ژیانی هەتاهەتایی دەکەن.


کریستیان
لای کریستیانەکان، لەدوای مەرگ زیندوو بوونەوەیە. ئەو کەسانەی باوەڕدارن و پەیڕەوی پەیامەکانی عیسا دەکەن، ڕووحیان دەچێتە ئاسمان (بەهەشت) و لەنزیک خودا ژیان دەکەن، ئەوانەشی بێ باوەڕن جێگایان دۆزەخە هەتا ڕۆژی قیامەت. عیسا لە ڕۆژی قیامەت دەگەڕێتەوە، هەموو خەڵکەکە لەگەڵ خۆی دەبات بۆ حزوری خوداو خراپەکاران لەگوناهەکانیان پاک دەکاتەوە و دەیانباتە بەهەشت و ژیانی هەتا هەتایی دەکەن. 


ئیسلام
بەپێی ئاینی ئیسلام کەنزیکی لەتەک کریستیاندا هەیە، ئینسان لەدوای مردن زیندوو دەبێتەوەو دەچێتە دادگای خودا. ئەوانەی باوەڕدارو چاکەکارن دەڕۆنە بەهەشت، خراپەکارو بێ باوەڕەکانیش، هەر کەسەو بەپێی تاوانەکانی سزای دۆزەخ وەردەگرێت. ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت هەتا کۆتایی دنیا (اخر الزمان). لەڕۆژی قیامەت لەئەزەلی بوونی گەردوونەوە هەموو مردووەکان زیندوو دەبنەوەو دەچنە لای خودا، چاکەکاران دەکەونە بەر ڕەحمەتی خوداو ژیانی هەتاهەتایی دەکەن، ئەوانی دیش بۆ هەتا هەتایە لەدۆزەخ دا دەمێننەوە. ئەم سێ ئاینەی سەرەوە هاوڕان خودا کۆتایی بەم دنیایە دێنێت (اخر الزمان) بەڵام لە دنیاکەی دی ژیان و نەمری بێ کۆتایە.


هیندۆسی
لەناو ئاینی بودیسم و هیندۆسی دا مەرگ و زیندووبوونەوە زۆر جیاوازە. بەپێی فەلسەفەی هیندۆسی مرۆڤ لەدوای مردنی ڕووحی دەچێتە ژیانێکی نوێیەوە. ئەو ژیانە نوێیە بەپێی کۆکردنەوەی ڕێژەی کارمای کەسەکە دیاری دەکرێت. ئەوانەی لەڕێگای سروشی ئاینی و چاکەکاریەوە کارمای زۆریان کۆکردۆتەوە، ڕووحیان دەچێتە ژیانی کاسێکی باڵاترەوەو هتد.. ئەوانەشی ڕێژەی کارمایان کەم بێت بەوە سزا ئەدرێن کە دەچنە کاسێکی پلەنزمەوە یاخود گیاندارێکی لاوازەوەو ئازار دەکێشن.


بودیسم
لەناو ئاینی بودیسم دا لەدوای مردن ئەو ئینسانەی کارمایان زۆرە زیندوو دەبنەوە بەڵام ئامانجی بودیەکان مردنی یەکجارەکیە بۆ ئەوەی لە ئازارو دەردەسەری ئەم ژیانە ڕزگاریان بێت. بڕوادارانی ئاینەکە لەڕێگای جۆرەها سروشی ئاینیەوە هەوڵ ئەدەن ڕووح لەچێژی جەستە دابڕن و بازنەی سامسارا (چەرخی ژیان) بەجێبێڵن و بگەنە براهما. ئەوانەی دەگەنە براهما ڕووحیان دەچێتە چەقی گەردوون و ژیانی ئارامی هەتا هەتایی بەدەست دێنن، هەر بۆیە بێجگە لەتەرمی مناڵ و موریدە پلەباڵاکانی ڕێبازەکەیان تەرمی هەموو مردوەکانی دیکە دەسوتێنن بۆ ئەوەی زیندوو نەبنەوەو مردنی یەکجاری بەدەست بێنن.


بەشێکی زۆر لە زیندووبوونەوەی فەلسەفە ئاینیەکان لەدرێژەی ئەوەدا هاتوون کە ئینسان هەمیشە بەدوای نەمری دا گەڕاوە، هەموو دینەکانیشهاوڕان لەسەر ئەوەی کەڕاستگۆیی و چاکەکاری و دادپەروەری بنەمای بەهەشت و خۆشبژێتی ژیانی هەتا هەتاییە.. دەی ئەگەر باوەڕداریت خودا نێت و ڕەفتارت دەبینێ و خۆت لە نیفاق و دووڕوویی و فێڵ بەدوور بگرە جێگایان دۆزەخە.. ڕاستگۆیی و ئینسانیەت و دادپەروەری دەتباتە بەهەشت و بەکردەوە کاریان پێ بکە.


سەرچاوە/ ئەم ژیانە

مارتین هێگلوند
داستانی گێلگامێش
https://www.svt.se/nyheter/lokalt/sormland/sa-ser-varldsreligionerna-pa-livet-efter-doden
https://hammerth.se/2014/03/27/platon-filosofin-livet-och-doden-del-2-av-3/

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق