نهێنیی بەهێزیی ئەمریكا

ليست هناك تعليقات



بورهان شێخ ڕەئوف‌

هەرچەندە نووسەری ئەمریكی (جۆرج فریدمان) لە پێشەكی كتێبی سەد ساڵی داهاتوودا،بەهێزی ئەمریكا دەگێڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك لەوانە هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت لە دوای جەنگی سارد، كۆنترۆڵكردنی هەردوو زەریای باكووری ئەتڵەسی و زەریای هێمن لە دوای جەنگی جیهانی دووەم كە ئەمەش وایكردووە كۆنترۆڵی سیستمی بازرگانی جیهان بكات، بوونی هێزێكی دەریایی زەبەلاح ئەمەش بە هۆی ئەوەی تێچووی هێزی دەریایی و ئەو مەسرەفە زۆرەی كە پێویستە بۆ بڵاوكردنەوەی بە جیهاندا وای لە ئەمریكا كردووە كە خاوەنی دوو زەریا زەبەلاحەكە بێت و ئەكتەری سەرەكی سیستمی جیهانی بێت. بە جۆرێك ئەمریكا بەهێزترین وڵاتی جیهانە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئابورییەوە و ڕكابەرێكی ڕاستەقینەی نییە.

لە وڵاتێکی دواکەوتووەوە بۆ زلهێزێکی جیهان

لە دوای جەنگی ناوخۆوە ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە بارودۆخێكی لە ڕادەبەدەری باشدایە لە وڵاتێكی دواكەوتوی پەراوێزخراوەو بووەتە ئابورییەكی گەورەتر لە كۆی ئەو چوار وڵاتەی كە پلەبەندی لە دوایەوە دێن. هەرلەبەر ئەو هۆكارانەیە كە نووسەری ناوبراو پێشبینی ئەوەی كردووە كە بە لانی كەمەوە لە سەدەی بیستو یەكەمشدا هەر ئەمریكا خاوەن هێزو هەژموونی یەكەم بێت لە سەرئاستی جیهان.

بەڵام لەوەیە من پێچەوانەی ( جۆرج فریدمان ) سەرەڕای گرنگی ئەو فاكتانەی ئەو باسی كردوون نهێنی هێزو مانەوەی ئەمریكا بۆ سیستمی چەسپاوی دیموكراسی و دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانی ئەو وڵاتە بگێڕمەوە، كە لەم كێشەی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتیەكەی 3/11/2020 و ئاكامەكانی و هەڵوێستەكانی ترەمپ، دەركەوت ئەو سیستمە چەسپیوە بواری هیچ لادان و سەركێشیەك نادات ، كە هەوڵدەدەم لە خوارەوە بە فراوانی باسی بكەم.

بنەمایەکی بەهێزی سیستمی دیموکراسی

ئەو مەراسیمی سوێند خواردنەی كە بۆ سەرۆك جۆزیف بایدن و جێگرە ڕەش پێستەكەی كامالا هاریس ڕێكخرا سەرەڕای بایكۆت كردنی لەلایەن ترەمپەوە، بەهێزی و پتەوی دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانی ئەمریكای بۆ جیهان دەرخست، سەرەڕای ڕەفتارە دژە دیموكراسی و نابەرپرسیارێتیەكانی ترەمپ كە لە سەدو پەنجا ساڵی ڕابردوودا، یەكەمجارە لە نێوان سەرۆكی ماوەبەسەرچوو و سەرۆكێكی هەڵبژێراودا ڕووبدات ئەوە ڕووبدات كە سەرۆكی پێشوو ئامادەی مەراسیمی دەستاودەستكردنی دەستەڵات نەبێت .

هەرچەندە ترەمپ لە پێش دەستپێكردنی مەراسیمەكە كۆشكی سپی بە جێهێشت، بەڵام بەڵێنی دا كە بگەڕێتەوە بۆژیانی سیاسی لە ئایندەدا، بەڵام ڕۆژەكانی دوایی تەمەنی سەرۆكایەتی بە تایبەتی دوای دەركەوتنی ئاكامی هەڵبژاردنەكان لە 3/11/2020 ڕووی ڕاستەقینەی ترەمپی دەرخست كە بەرگەی دۆڕان و شكست لە سیاسەتدا ناگرێت،ئەوەشی نەزانێت چۆن ڕەفتار لەگەڵ دۆڕان و بردنەوەدا دەكات ، ئەوا دۆڕۆژی سیاسی باش نابێت .
لەوەش ڕوونتر ئەوەی دامەزراوەكانی سیستمی دیموكراسی ئەمریكا پیشانیاندا بە هەردوو حزبی دیموكرات و كۆماریشەوە، ئەوەیە كە ئەستەمە ترەمپ جارێكی تر بگەڕێتەوە ژیانی سیاسی هەرچەندە پێشبینی و هەنگاوەكانی كۆنگریس بەرەو ئەوەیە لێپێچینەوە ی لە گەڵدا بكرێت، نابێت كەسێك لە ڕێگەی دەنگدان و هەڵبژاردنەوە ببێتە سەرۆكی ئەمریكاو بگاتە كۆشكی سپی دواتر یاخی بێت و دان بە شكستدا نەنێت .

سەركەوتنی بەهێزی ئەمریكا لەم قەیرانەی كە ترەمپ و لایەنگرەكانی خوڵقاندیان بە پەلاماردانی كاپیتەڵ هۆڵ لە واشنتۆن دەری خست كە دیموكراسیەتی ئەمریكا خاوەنی هەیە ، ئاسان نیە باز بەسەر دامەزراوەكانیدا بدرێت 

کۆرۆنا

هەرچەندە بە هۆی كۆرۆنا ڤایرۆسەوە كە 400 هەزار ئەمریكی كوشت كە لە شەڕی جیهانیشدا ئەمریكا هێندە قوربانی نەداوە،بەڵام ڕێكخەرانی مەراسیمەكە توانیان كەشی مەراسیمەكە بە ئاڕاستەی خۆشی و گەشبینی بەرن، كە وتارەكەی سەرۆك بایدنیش پڕ بوو لە گەشبینی و هیوا بە ئایندەو ڕووبەڕووبوونەوەی كۆڤید 19 ، هەروەها پێداگیری لە سەر پتەوەی بنەماكانی سیستمی دیموكراسی ئەمریكا.

بایدن و راستکردنەوەی سیاسەتەکانی ترەمپ

هەنگاوێكی تری سەرۆكی نوێ‌ لە ناوخۆدا فریاكەوتنی باری ئابووری و بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایە،لە ڕووی سیاسەتی دەرەوش ڕاستكردنەوەی هەڵەو لادانەكانی ترەمپە بەرامبەر بە دۆست و هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە جیهاندا هەر لە ئەوروپاوە تاوەكە ئاسیا بە تایبەتی یابان و كۆریای باشوور و ڤێتنام ڕۆژهەڵاتی ناوین و پێكهێنانی بەرەیەك بە سەرۆكایەتی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی بەرامبەر بە چین كە گرفتێكی گەورەیە لە بە ردەم ئەمریكا دا 

لەلایەكی تریشەوە ئالەنگاری تر زۆرن لە بەردەم ئیدارەی بایداندا وەكو كۆریای باكوورو ڕوسیا وئێران و توركیا، ئەوەی بەرپرسە تازەكانی كابینەی بایدن باسی دەكەن نیگەرانی توندە لە توركیا كە دەڵێن ڕەفتارەكانی توركیا ڕەفتاری هاوپەیمان نییە، بەرامبەر ئێرانیش لێدوانی تازەیان هەیە هەر لە ئێستاوە باس لەوە دەكەن كە بۆ وتوێژی داهاتوویان لەگەڵ ئێران دەبێت هاوپەیمانەكانی كەنداوی عەرەبی و ئیسرائیل بەشدار بن بە هۆی باری ئاسایشی ئەو وڵاتانەوە كە ئەم لێدوانانە ڕەنگە بەلای ئێرانیەكانەوە دڵخۆشكەر نەبێت و زۆر قەڵسیان بكات، جگە لە بەرنامەی رۆكێتی دوور مەودای ئێران و ماوەی ئەو دەساڵەی كەبۆ ئێران دانرابوو كە چەكی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت كە ئیستا دەخوازن بیگۆڕن بۆ هەتاهەتایی .

بایدن لە كۆتایی وتارەكەیدا بە كورتی ئەوەی بە گوێی هەموواندادا كە دیموكراسی سەركەوت ، ئەوە گرنگە گەل و نەتەوەی ئەمریكا یەكگرتوو بوو، ئەمریكا لە جاران بەهێزتر بوو پێش پەلاماردانی كاپیتل هۆڵ لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە , دەركەوت دیموكراسی ئەمریكا چەسپیوو جێگیرە و كەس ناتوانێت پێشێلی یاساو دەستوورەكەی بكات .

لە كۆتاییدا ئەوەی دیارە كۆسپ و تەگەرەو ئالنگاری گەورە لە بەردەم ئیدارەی بایداندان، بە تایبەتی لە ڕووی ناوخۆییەوە بەڵام ئەوەی دڵخۆشكەرە بۆ بایدن خواست و ئارەزووی هەردوو حزبە دیموكراتی و كۆماری بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕی ترەمپ، بە تایبەتی ئیستا ڕۆژانە ئەوە زیاتر ڕوون دەبێتەوە كە هەندێك سەركەوتنی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ لە هەندێك بواری دیاریكراودا خۆی خاوەن و داهێنەری نین، بەڵكو خەڵكی تر بۆیان ڕێكخستووە، كە ڕۆژێك دێت نهێنیەكانی ئەم سەركەوتنانەی ئاشكرا دەبن.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق