بۆریس جۆنسن: پێویستە قەدەخەی هاتووچۆ تاوەکو 8ی ئادار بەردەوامبێت

ليست هناك تعليقات


 
بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا جەخت لە درێژکردنەوەی قەدەخەی هاتووچۆی وڵاتەکەی تاوەکو رۆژی 8ی ئادار دەکاتەوە و هیواخوازیشە لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو قوتابخانەکان بکرێنەوە.

بۆریس جۆنسن باسی لەوە دەکات درێژکردنەوەی قەدەخەی هاتووچۆ تاوەکو 8ی ئادار بەندە بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی کووتان. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هیواخوازە کە تاوەکو 15ی شووبات، ئەو چوار چینە خەڵکەی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە، ژەمی یەکەمی ڤاکسینیان وەرگرتبێت کە دوای ئەوە بۆ ماوەی سێ هەفتە جۆرێک لە بەرگرییان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت.

بۆریس جۆنسن ئاماژەی بەوەشکرد کە حکومەتی بەریتانیا چاوی لەوەیە بتوانێت لە دوای 22ی شوباتەوە قەدەخەی هاتووچۆ شلبکاتەوە.

سەبارەت بە کردنەوەی قوتابخانەکان جۆنسن گوتی: "هەمووان داوادەکەن قوتابخانەکان بە زووترین کات بکەینەوە. ئەوە ئامانجی ئەم حکومەتەیە. بەڵام هەموومان دەزانین کە 37 هەزار کەسمان لە نەخۆشخانەکاندا هەیە بەدەست کۆرۆناوە دەناڵێنن. کێشەکە لەوەدا نییە کە قوتابخانەکان ناسەلامەتن. کێشەکە ئەوەیە قوتابخانەکان ئەندامانی ژمارەیەکی زۆری خانەوادەکان کۆدەکەنەوە و ئەوەش دەبێتە یارمەتیدەر بۆ گواستنەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە".

سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا متمانەی تەواوی خۆی بە گواستنەوە و گەیاندنی ڤاکسین لە وڵاتەکەیدا دەربڕی، لە کاتێکدا کە ناکۆکی کەوتووەتە نێوان یەکێتیی ئەوروپا و کۆمپانیای ئەسترازێنیکای سوێدی لە بەرامبەر دابیننەکردنی بڕی بڕیار-لەسەر-دراوی ڤاکسین بۆ یەکێتییەکە.

بەریتانیا بووە پێنجەمین وڵات لەسەر ئاستی جیهان کە ژمارەی قوربانییانی کۆرۆنا لە 100 هەزار کەس تێپەڕێت. بۆریس جۆنسن لە گوتارێكدا کە لەنێو نووسینگەی سەرۆکوەزیران لە لەندەن پێشکەشی کرد رایگەیاند، "من وەکو سەرۆکوەزیران بەرپرسیارێتی تەواو لە هەموو کارێك حکومەت ئەنجامیداوە وەردەگرم"، هەروەها بەڵێنی دا کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی تووشبووان و قوربانییانی ڤایرۆسەکە.

تاوەکو ئێستا لە بەریتانیا 3,715,054 تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 101,887 کەس گیانیان لەدەستداوە و 1,673,936 کەسی دیکە چاکبوونەتەوە.

بەریتانیا یەکەم وڵات بوو کە مۆڵەتی دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنای بە کۆمپانیای فایزەر دا، لە 8-12-2020 هەڵمەتی کوتان لە 70 سەنتەری پزیشکی لە سەرانسەری بەریتانیا دەستیپێکرد. جگە لە ڤاکسینی فایزەر، بەریتانیا ڤاکسینی ئەسترازینکا و مۆدێرنای پەسندکردووە.

بەپێی ئاماری بلومبێرگ تاوەکو ئێستا زیاتر لە حەوت ملیۆن ژەم ڤاکسینی کۆرۆنا لە بەریتانیا دابەشکراوە. هەروەها لە ئاستی جیهانیشدا تاوەکو ئێستا زیاتر 71 ملیۆن ژەم ڤاکسین دابەشکراوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif