کۆنگرێسی ئەمریکا دەبێتە سەربازگە

ليست هناك تعليقات


سەدان سەرباز لە هێزی پاسەوانی نیشتیمانی لە کۆنگرێسی ئەمریکا جێگیرکران، تەواوی کەرستەی پێویستیان لەگەڵ خۆیان هێناوە، تاوەکو دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لەوێ دەمێننەوە.

سەربازەکان کە هەریەکەیان لە ویلایەتێکەوە هاتبوون، لەگەڵ گەیشتن بە کۆنگریس هەر لەسەر زەوی خەوتن، دەوامی ئەم سەربازانە لەمڕۆوە دەستپێدەکات گەیشتنی ئەم سەربازانە بۆ پاسەوانیکردنە لە ستافی کۆنگرێس بە تەواوی ئەندام و کارمەندەکانیانەوە.

ئەمڕۆ لە کۆنگرێسی ئەمریکا دیبەیتی لێپێچینەوە لە سەرۆکی ئەمریکا لەسەر هەڵسوکەوتەکانی هەفتەی رابردوو بەڕێوەدەچێت.

6ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ کاتێک پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی جۆ بایدن وەکو سەرۆکی ئەمریکا بەڕێوەدەچوو، ترەمپ هانی لایەنگرانیدا هێرشبکەنە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا و پرۆسەکە بشێوێنن.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی فیدڕاڵیی ئەمریکا بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزی راگەیاندووە، لەکاتی رادەستکردنی دەسەڵات لە 20ـی کانوونی دووەم ئەگەری هێرشی چەکداری هەیە لە واشنتن و هەموو ویلایەتەکانی دیکەی ئەمریکا کە رەنگە لە هێرشەکانی سەر کۆنگرێسی ئەمریکا مەترسیدارتر بن.

لە هەڵبژاردنی 3ـی تشرینی دووەم جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا توانیی سەربکەوێت بەسەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەشێک لە کۆمارییەکان دانیان بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان نەناوە.

ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا بڕیاریداوە 15 هەزار سەربازی بنێرێتە واشنتن، جگە لەوەش رێگریکراوە لە هاتنی گەشتیار تاوەکو 24ـی کانوونی دووەم. دانیاڵ هۆکانسن، سەرۆکی ئاسایشی نەتەوەیی دەڵێت: تاوەکو رۆژی شەممە 10 هەزار سەرباز دەنێرین بۆ واشنتن لەپێناو پاراستنی لایەنی ئەمنی پایتەختی وڵاتەکە.

کریس مۆرفی، سێناتۆرێکی دیموکراتەکان داوای لە وەزارەتی بەرگری کردووە کە ئەوانیش چاودێریی رەوشەکە بکەن، چونکە پێیوایە ئاسایشی نەتەوەیی ناتوانێت بە تەنیا کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات.

جۆ بایدن لەبارەی رۆژی سوێندخواردنەوە دەڵێت: "هیچ ترسێکم لەو رۆژە نییە"، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکات کە دەبێت ئەو کەسانەی هەڕەشە بۆ ژیانی خەڵک دروستدەکەن، دەستبەسەر بکرێن.

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی هەڵبژێری ئەمریکا دەنگیان لەسەر بەربژێرەکانی سەرۆکایەتی دا، کۆنگرێسی ئەمریکا لە رێوڕەسمێکدا ئەنجامی دەنگەکان و تانەکان رادەگەیێنێت. رۆژی 06-01-2021 کۆنگرێس تانەکانی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی مایک پێنس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رەتکردەوە، بەڵام پێنس رایگەیاند، ئەو دەسەڵاتی نییە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان رەتبکاتەوە. 

بەشێک لە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ لەکاتی رێوڕەسمەکەدا هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس و کۆبوونەوەکانیان راگرت. شەڕ و رووبەڕووبوونەوە روویدا، بەو هۆیەوە پێنج کەس کوژران کە یەکێکیان پۆلیس بوو. هەروەها چەندین کەسی دیکەش لە خۆپێشاندەران و هێزە ئەمنییەکان برینداربوون.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif