سێ سیناریۆ لە پەرلەمانی عێراق بۆ رێککەوتنی هەولێر و بەغدا گفتوگۆ دەکرێن

ليست هناك تعليقات



کارەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بۆ پێداچوونەوە بە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 بەرەو تەواوبوون دەڕوات و کاتی گفتوگۆکردن لەسەر بودجە لەناو هۆڵی پەرلەماندا نزیکبووەتەوە، پەرلەمانتاران رازی نین بە رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەبارەت بە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و داوای رادەستکردنی هەموو دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن.

پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق رێککەوتبوون لەسەر ئەوەی، هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام ئەم رێککەوتنە پێویستی بە پەسندکردن هەیە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە.

لە پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر سێ سیناریۆ بۆ رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت

لە پەرلەمانی عێراق سێ سیناریۆ بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان و دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەکراون، یەکەم ئەو سیناریۆیەیە کە لە پرۆژە یاسای بودجە جێگیرکراوە، کە بریتییە لە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بە کۆمپانیای سۆمۆ، یاخود پێدانی بەهای ئەو 250 هەزار بەرمیل نەوتە بە حکومەتی عێراق، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، لە بەرامبەردا حکومەتی عێراق پشکی 12.67%ی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق دەدات.

سیناریۆی دووەم بریتییە لەو بەندەی کە لە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێناندا جێگیرکرا، ئەویش رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و نیوەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی عێراقە، لە بەرامبەر ناردنی 12.67%ی بودجەی هەرێمی کوردستان. جیاوازیی ئەم سیناریۆیە لەگەڵ سیناریۆی یەکەم لەوەدایە، لە سیناریۆی یەکەمدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەر نەوتیش رادەست نەکات دەتوانێت بەهای نەوتەکە بداتە حکومەتی عێراق، بەڵام لە سیناریۆی دووەمدا ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەند نەبێت بە رادەستکردنی نەوت، ئەوا حکومەتی عێراق هیچ پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت.

سیناریۆی سێیەم کە زۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە داوای دەکەن، بریتییە لە رادەستکردنی هەموو دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی فیدراڵیی عێراق، لەگەڵ نیوەی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان.

بە گوتەی جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ رێککەوتن لەسەر هەر سێ سیناریۆکە، بەڵام بۆ سیناریۆی سێیەم، گوتوویانە ' ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە، هەندێک نەوتی پێشوەختمان فرۆشتووە، قەرزاری کۆمپانیاکانین، بۆریی نەوت بە تەنیا ئێمە خاوەنی نین، ئەگەر حکومەتی عێراق هەموو قەرزەکان لەئەستۆ بگرێت ئەوکاتە ئێمە ئامادەی رێککەوتنین".

حکومەتی عێراق خواستی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی نییە

زۆرینەی پەرلەمانتارانی شیعە و سوننە، جەخت لەسەر رادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە، بەڵام حکومەتی عێراق خواستی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستانی نییە، وەکو جەمال کۆچەر دەڵێت، لە کۆبوونەوەیەکدا لە وەزیری نەوتی عێراقیان پرسیوە "بۆچی نەوتی هەرێمی کوردستان وەرناگرن؟"، ئەویش گوتوویەتی "خۆمان نەوتمان زۆرە و لەبەر بڕیاری ئۆپیک ناتوانم هەمووی بفرۆشم، ئێستا توانای بەرهەمهێنانی چوار ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەمان هەیە، بەڵام تەنیا سێ ملیۆن و 250 هەزار بەرمیل نەوت دەفرۆشین، بۆیە پێویستمان بە نەوتی هەرێمی کوردستان نییە".

گرنگیی سەردانی شاندی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا

ئەو قسانەی وەزیری نەوتی عێراق دەرخەری ئەوەیە کە ناکۆکی هەیە لەنێوان پەرلەمانتاران و حکومەتی عێراق لەسەر چۆنێتی رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەو ناکۆکییانەش دەبێتە بەربەست لەبەردەم هەموو ئەو رێککەوتن و گفتوگۆیانەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەنجامیداون، چونکە دوا بڕیار لەسەر پەسندکردنی بودجە لەلای پەرلەمانی عێراقە.

پەرلەمانتارانی عێراق لایەنە سیاسییەکان ئاڕاستەیان دەکەن و بەگوێرەی بڕیاری لایەنە سیاسییەکان مامەڵە لەگەڵ نوێنەرانی کورد و پرسی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا دەکەن، حکومەتی عێراقیش بەگوێرەی توانا و پێویستیی حکومەت قسە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات، لە کابینەکانی رابردوودا کە سەرۆکوەزیران خاوەنی کوتلەی بەهێزی پەرلەمانی بوو، ئاسانتربوو رێککەوتنەکانی حکومەتی عێراق لە پەرلەمان پەسند بکرێن، بەڵام ئێستا کە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق خاوەنی هیچ کوتلەیەکی پەرلەمانی نییە، ئەستەمە رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە پەرلەمان پەسند بکرێت.

شێروان میرزا، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، رۆیشتنی شاندێکی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کارێکی زۆر پێویستە و بەبێ رێککەوتنی سیاسی ناتوانرێت گەرەنتیی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بکرێت. هەرچەندە هێشتا کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەردەوامن، بەڵام جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، پرسی نەوت تەنیا پرسێکی ئیداری نییە، بەڵکو پرسێکی سیاسییە و "پەرلەمانتارە شیعەکان دەڵێن، کە ئێمە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانمان رێککەوتووین داوای رادەستکردنی هەموو مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەین"، بۆیە ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە هێشتا کات بۆ چوونی شاندێکی سیاسی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا درەنگ نییە و کارێکی پێویستە.

رێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق چەندین وردەکاریی دیکەی تێدایە، بەڵام هێڵە سەرەکییەکە پەیوەندیی بە دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا هەیە، بۆیە ئەگەر شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە گشتییەکان رێککەوتن بکات و رێککەوتنەکە لە لایەنی سیاسییەوە پاڵپشتی بکرێت، دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام ئەگەر پێچەوانەی ئەوە رووبدات، رەنگە ناکۆکییەکان هۆڵی پەرلەمان تێپەڕێنێت و ئاڵۆزیی زیاتر لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دروستبکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif