رووسیا نەخشەی ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر ئێران دەخاتەڕوو
ئیسرائیل هەموو هیوای خۆی لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو لە سەردەمی ترەمپ هێرش بكرێتە سەر ئێران، بەڵام ترەمپ تەنیا دوو رۆژی تر بۆی هەیە فەرمان بە سوپای وڵات بدات هێرش بكەنە سەر ئێران و ئەگەرەكانیش بۆ ئەو هێرشە زۆر لاوازن، پێشبینی دەكرێت ئیسرائیل خۆی لە داهاتوودا یەكلایەنە هێرشەكە ئەنجام بدات. ماڵپەڕی سپوتنیكی رووسیا نەخشەی ئەم جەنگە و ئەگەرەكانی هێرشی خستووەتەڕوو.
چ ئیسرائیل و چ سعوودیە دەمێكە هەوڵیان داوە ئەمەریكا رازی بكەن تا لەگەڵ ئێران بكەوێتە جەنگەوە، بەڵام ترەمپ هەموو بەڵێنەكانی خۆی بۆ خولی دووەم هەڵگرت، بەو هیوایەی دیسان ببێتەوە سەرۆك و درێژە بە سیاسەتەكانی لە دژی ئێران بدات. ترەمپ چیتر سەرۆك نییە، بۆیەش ئیسرائیل دەبێ بیر لە رێچارەی تر بكاتەوە.
فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكاش ئەستەمە لەم ماوە كورتەدا وەك پێویست گوێڕایەڵی فەرمانەكانی ترەمپ ببن.
ئەستەمە لەم دوو رۆژەدا ترەمپ هیچ فەرمانێك بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بدات، جگە لەمە فەرماندە سەربازییەكانی ئەمەریكاش ئەستەمە لەم ماوە كورتەدا وەك پێویست گوێڕایەڵی فەرمانەكانی ترەمپ ببن. لە لایەكی تر نمایشە سەربازییەكانی ئێران لە لایەك و مانۆڕە ئاسمانییەكانی ئەمەریكاش لە لایەكی تر ئەوەمان بیر دەهێنێتەوە هێشتا ئەگەرێك بۆ هێرش لە ئارادایە.
بەشێك لە چاودێرانی سیاسی و سەربازی پێیان وایە، لەوانەیە ئیسرائیلییەكان خۆیان دەستبەكار ببن و یەكلایەنە هێرش بكەنە سەر ئێران و چیتر چاوەڕێی ئەمەریكا نەكەن.
هەر دوێنێ بەشێك لە میدیاكانی ئیسرائیلی بڵاویان كردەوە، نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داوای لە فەرماندە سەربازییەكان كردووە سێ پلانی هێرشكردنە سەر ئێران دابڕێژن و لەوانەیە دواجار یەكێك لەو پلانانە پەسند بكات.
پرسی هێنانەدەرەوەی سوپای ئیسرائیل لە پلانی سەربازیی ئەمەریكا لە ئەوروپا و گرێدانی ئەو سوپایە بە "سێنتكام" ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێوەندی بەو بڕیارانەوە هەیە.
بەو پێیە هەم لە رووی هەواڵگری و تەناهی و هەم لە رووی هەر جۆرە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی، سوپای ئیسرائیل دەكەوێتە چوارچێوەی ناوەندی فەرماندەیی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەمەودوا ئەمەریكا ناچارە هاوكاری هەر جۆرە جووڵەیەكی سەربازیی ئیسرائیل بكات.
بە واتایەكی تر هەموو ئەو هێزە ئەمەریكییانەی لە ناوچەی كەنداو و وڵاتانی عەرەبی هەن، ناچارن هاوكاری سوپای ئیسرائیل بكەن و بەردەوام لەگەڵیدا هاوئاهەنگ بن.
بۆ نموونە ئیسرائیلییەكان دەتوانن سوود لەو فڕۆكانەی ئەمەریكا وەربگرن كە بەرپرسیارن لە گەیاندنی سووتەمەنی. یان دەتوانن بە ئاسمانی ئەو وڵاتانەدا بسووڕێنەوە كە لە ژێر كۆنترۆڵی ئەو هێزەی ئەمەریكادایە.
ئیسرائیل بۆ هێرشكردنە سەر ناوەندە ناوكییەكانی ئێران، دەتوانێ لە سێ شوێنەوە هێرش بكات، یان سوود لە ئاسمانی توركیا وەربگرێت یان لە ئاسمانی عێراق یان لە ئاسمانی وڵاتانی كەنداو. كورتترین رێی ئاسمانی بۆ ئیسرائیل وڵاتانی كەنداوە، بەڵام لەو حاڵەتەشدا وڵاتانی عەرەبی مەترسی هێرشی پێچەوانەی ئێرانیان لەسەر دەبێت، بۆیەش وڵاتانی عەرەبی گوتوویانە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران، ئاسمانی ئەوان بەكار نەهێنرێت.
توركیاش هەر پێشتر داواكاریی ئیسرائیلی رەت كردووەتەوە. دەمێنێتەوە عێراق كە حكوومەتەكەی هیچ كۆنترۆڵێكی بەسەر ئاسمانەكەیدا نییە و كوژرانی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیسیش بەڵگەیەكی ئەم راستییەیە.
رێی تێدەچێت ئیسرائیل بۆ ئەو مەبەستە لە ئاسمانی سووریا و ئوردن و پاشان عێراق سوود وەربگرێت. لەوانەیە ئەمەریكییەكانیش لە ئاسمان مانۆڕ بدەن و ئێرانییەكان بە هەڕەشەكانی خۆیان سەرقاڵ بكەن، دواجار دەرفەتی روودانی جەنگی ئیسرائیل و ئێران بهێننە كایەوە. لەوكاتەشدا ئێرانییەكان هیچ بیانوویەكیان نابێ بۆ ئەوەی هێرش بكەنە سەر وڵاتانی عەرەبی یا هێزەكانی ئەمەریكا.
پرسیار لەوەدایە ئایا هێرشكردنەسەر ئێران سەركەوتوو دەبێت؟ سەرچاوەكە باسی لەوە كردووە كۆمەڵێك گریمانە لەئارادان لەسەر ئەوەی دوای گەیشتنی فڕۆكەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئاسمانی ئێران، ئەو وڵاتە دەتوانێ بەرپەرچیان بداتەوە یان نا. راستە فڕۆكەكانی ئیسرائیل لە سووریا بە كەیفی خۆیان لە ئێرانییەكان دەدەن و هیچ كەسێكیش ناتوانێ بەرپەرچیان بداتەوە، بەڵام پێناچێت دۆخەكە لەسەر ئاسمانی ئێران بەم شێوەیە بێت، جگەلەمە فڕۆكەكانی ئیسرائیل لە ئاسمانی جۆلانەوە هێرشەكانیان ئەنجام داوە و تەنانەت لە سووریاش كەمتر توانیویانە بە ئازادی بسووڕێنەوە.
بەپێچەوانە فڕۆكەی ئیسرائیلی لە ئاسمانی ئێران، دەبێت سەدان كیلۆمەتر ببڕێت تا بتوانێ دەستی بە ئامانجەكانی رابگات، لەو كاتەشدا پرسیاری ئەوە لەئارادایە مووشەكەكانی ئێران دەتوانن ئەو فڕۆكانە بپێكن یان نا. ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت كۆمەڵێك دامەزراوەی هەستیار لە ئێران بكاتە ئامانج، ئەوا بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە ئێرانیش دەتوانێ ئیسرائیل بكاتە ئامانج.
پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت، ئەگەر ئەمەریكا خۆی راستەوخۆ بكەوتایە جەنگەوە، ئەوا جێبەجێكردنی پلانەكە زۆر ئاسانتر دەبوو، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی ئیسرائیل خۆی بكەوێتە ناو جەنگەوە، ئەوا سناریۆكانیش جیاواز دەبن.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق