پاپای ڤاتیکان سەردانی عێراق دەکات

ليست هناك تعليقات


وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند پاپا فەرەنسیس، پاپای ڤاتیکان لە مانگی ئاداری داهاتوودا سەردانی عێراق دەکات.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، لە راگەیەندراوێکدا کە لە ئەکاونتی خۆیدا لە فەیسبووک بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "بەخۆشحاڵییەوە رایدەگەیێنین پاپا فەرەنسیس، پاپای کەنیسەی کاسۆلیک لە 5 تاوەکو 8ـی مانگی ئاداری ساڵی 2021 سەردانی عێراق دەکات".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق راشیگەیاند: "سەردانەکەی پاپا بۆ عێراق، بۆ وڵاتی رافیدەین، خاکی نێردراوان و پێغەمبەران، نیشتمانی ئوور و پێغەمبەر ئیبراهیم، رووداوێکی مێژووییە و پاڵپشتییە بۆ هەموو عێراقییەکان بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەشڵێ: "سەردانەکە پەیامێکی ئاشتییە بۆ عێراق و ناوچەکە بە تێکڕا، کە جەخت لەسەر یەکێتیی هەڵوێستی مرۆیی لە بەرەنگاربوونەوەی تووندڕەوی و ململانێکان دەکاتەوە، هاوکات فرە پێکهاتەیی و لێبووردەیی و پێکەوە ژیان بەهێزتر دەکات".

لە ساڵانی رابردوو راگەیێندرا کە بڕیارە پاپا فەرەنسیس سەردانی عێراق بکات و ئەو سەردانە نەکرا، بۆیە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی پاپای ڤاتیکان یەکەم سەردانی پاپا فەرەنسیس دەبێ بۆ عێراق.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق