ڕاوە ماسی کێشە گەورەکەی برێگزیت

ليست هناك تعليقات


بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا دەرفەتێکی دیکە دەدەنە یەکدی بۆ ئەوەی لەسەر برێکزیت رێکبکەون، شاندی دانوستاندنکاری بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا گفتوگۆ لەسەر چەند مەرجێک دەکەن کە بوونەتە گرێکوێرەی گەیشتن بە رێککەوتن.

یەکێتیی ئەوروپا دەیەوێت ماسیگرەکانی رێگەیان پێبدرێت لە ئاوەکانی بەریتانیادا راوەماسی بکەن. ئەمە دیارترین بڕگەیە کە هەردوولا لەسەری رێکناکەون.

میشیل بارنەر، نێردەی ئەوروپا بۆ دانوستاندنەکانی برێکزیت دەڵێت: "پێم وانییە دادپەروەرانە و جێگەی قبووڵکردن بێت ئەگەر ماسیگرەکانی ئەورووپا رێگەیان پێنەدرێت لەو ئاوانەدا راوەماسی بکەن، لە کاتێکدا تەواوی رێککەوتنەکە و کۆمپانیا بەریتانییەکان تەواوی مافەکانیان پێبدرێت. ئەمە دادپەروەرانە نییە."

لە ئەگەری رێککەوتندا پێویستە پەرلەمانی بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا رەزامەندیی لەسەر بدەن.

ئەگەر رێکنەکەون، گەلێک ناکۆکی دەکەوێتە نێوان بەریتانیا و یەکێتیی ئەوروپا. پشێوی لەسەر سنوورەکان دروست دەبێت و هەردوولا هەوڵی سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر کاڵاکانی یەکدیدا دەدەن.

مایکل شمیت، سەرۆکی ژووری بازرگانیی بەریتانی لە ئەڵمانیا دەڵێت: "ئەگەر رێکنەکەوین، هەمووان زەرەرمەند دەبن. خۆ ئەگەر رێکیش بکەوین زەرەرمەند هەردەبن، چونکە تووشی دۆخێک دەبین کە لایەنە بەشدارەکان لەم رێککەوتنەدا چەندین زیانیان بەردەکەوێت. دەتوانین بڵێین بەر هەموو پارتەکان دەکەوێت.ئینجا ئەم زیانانە کەمیش ناخایەنن، بۆ ماوەیەکی زۆر دەمێننەوە."

یەکێتیی ئەوروپا دەستی لە ئاوەکانی بەریتانیا بەرنابێت، چونکە ساڵانە بە قەبارەی 650 ملیۆن دۆلار داهاتی لە راوەماسی دەستدەکەوێت. بەریتانیاش مافی خۆیەتی ئاوەکانی خۆی وەکو کارتێکی گوشار بەکاربهێنێت، چونکە ئەویش 850 ملیۆن دۆلاری دەستدەکەوێت.

31ـی کانوونی یەکەمی 2020 دوایین کاتە بۆ رێککەوتن لەبارەی برێکزیت و قۆناخەکەی تەواو دەبێت. ئەگەر بۆ ئەو کاتەش رێککەوتن نەکرێت، بەریتانیا بەبێ هیچ رێککەوتنێک لە یەکێتییەکە دەچێتە دەرەوە. ئەوەش کێشەی گەورە بۆ هەردوولا دروست دەکات، بەتایبەتییش لە رووی ئابووری و پەیوەندیی بازرگانییەوە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif