تەڤگەری ئازادیی: دەستبەرداری لێدوانە سواوەکانتان ببن

ليست هناك تعليقات


 تەڤگەری ئازادیی ڕادەگەیەنێت “بە بیانووی دەستێوەردانی دەرەکی لەبری وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران، ھەوڵی بەلاڕێدابردن و گۆڕینی داواکاری ڕەوایان مەدەن”، بە هاوڵاتیانیش دەڵێت:”گەل پێویستە خۆی خۆی بەڕێوەببات، بۆیە ئێمەش خۆمان ناکەین بە خاوەنی خۆپیشاندانەکان و سوار شەپۆلی دەنگەکانی ئێوە ببین، بەڵکو ھەر ئەرکێک ئێوە بیخەنە سەرشانمان، بۆی ئامادەین”.

پەیامی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، کە ئەمڕۆ سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان و لێدوانی بەرپرسانی هەرێم بڵاویکردەوە:

(پەیامێک بۆ دەسەڵات بانگەوازیەک بۆ گەل)

سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی ھەرێم دەستبەرداری لێدوانە سواوەکانتان ببن، بە بیانوی دەستێوەردانی دەرەکی لە بری وەڵامدانەوەی خۆپیشاندەران، ھەوڵی بەلاڕێدابردن و گۆڕینی داواکاری ڕەوایان مەدەن، ئەوەی دەستی دەرەکی پەلکێشی خاکی خۆی دەکات ئێوەن، ئەوەی بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ڕۆژێک دەبابەی بەعسی عێراقی و ڕۆژێک فڕۆکەی تورکی دەھێنێ ئێوەن، ئەوەی خوێنی نەبەخشیوە و لوتکەی دەسەڵاتی گرتووە ئێوەن، ھاووڵاتی ئەم ھەرێمە بێ نان و ئازادییە ھیچی نیە لە دەستی بدات جگە لە ڕۆحی خۆی بۆیە بۆ داواکاری مافەکانی پێویستی بە دەستی دەرەکی نییە، ھەولێر ناوەندی دەسەڵات و مەڵبەندی بڕیارە بۆ خواردنی مافی گەل و بنکەی بازاڕێکە ھەموو ڕۆژێک مامەڵەیەکی بە چارەنوسی ئەم گەلە و داھات و سەرخان و ژێرخانی ئەم گەلەی تێدا دەکرێت، ناکرێت سلێمانی بشێوێت و ئێوەش تەنھا لە دورەوە گاڵتە بە داوای ڕەوای گەنجە گیرفان بەتاڵەکانی ئەم ھەرێمە بکەن، ھەرچی زووە تەکتیکی وەڵامدانەوەتان بگۆڕن و پەیام بدەن بە ھێزەکانتان گولە نەنێن بە سەری گەنجە خێرلەخۆ نەدیوەکانەوە، ھێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگەش مێژویەکی ڕەش بۆ خۆیان تۆمار نەکەن




هاونیشتمانیانی بەڕێز دوای دروستبونی خۆپیشاندانەکان، بەشێوەی جۆراو جۆر کۆمەڵێک تۆمەتی بێ بنەما بۆ تەڤگەری ئازادی هەڵدەبەسترێت، ئێمە دەمانەوێت بە ڕای گشتی ڕابگەیەنین، ئێمە کاری ترسنۆکانە ناکەین و ژێر بەژێر هیچ شتێک ناکەین ، بەڵکو ڕاست و ڕەوان خاوەن هەر پڕۆژەیەک بین، بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنین و خۆنیشاندانیش لە باشوری کوردستاندا بە حەقێکی زۆر سەرەتایی خەڵک دەزانین هەمان کات پێمان وایە ناکرێت خۆنیشاندانەکان بە تەنها لە چەند شارو شارۆچکەیەکدا قەتیس بکرێت، چۆن خەڵکی لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و شارەزور و چەمچەماڵ و بتوێن و پشدەر ناڕازین، ئاوەهاش لە بادینان و هەولێر و سۆران و ئاکرێ و شیلادزێ و قەسرێ ناڕازین و لەژێر دەستی ئەم دەسەڵاتەدا دەچەوسێنرێنەوە ، بۆ ئەوەی داواکان ناڕەوا نەکرێن و زیان بە خودی ھاووڵاتی نەگات بۆ ئەوەی بەئەنجام بگەین، دەبێت گۆڕەپانی خۆنیشاندانەکان فراوانتر و رێکخراوتر بکرێن،

دڵنیابن تەڤگەری ئازادی تەڤگەری گەلە و بەرژەوەندی ئەم گەلە بە ھەموو ڕەنگەکانیەوە ئامانجی سەرەکیەتی و داخوازیەکانیشمان لە لوتکەی باوەڕیمانە بۆ مافەکانتان و بە ھەدەرنەچونی خوێنی شەھیدان و بە ئامانج گەیشتنی ھەوڵ و چالاکیەکانتانە،

ئێمە لە تەڤگەری ئازادی ئەمانەوێ لەگەڵتان بین ھاوکارتان بین، بەڵام بەڕاشکاوی تێڕوانینی خۆمانتان پێ دەڵێین بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانتان کە ئامانجی ھەموولایەکە، پێمان وایە بە سوتاندن و خراپ کردن و تێکدان چارەسەری دۆخەکە ناکرێت، پاراستنی شوێنە گشتیەکان ئەرکە و داھاتوی نەوەکانمانە و جگە لەوەی زیانە بۆ ھەمووان و حکومەت و حیزبەکان باکیان پێی نییە، ھێندەی تر دەستی دەسەڵات کراوە دەکات، بۆ ئەوەش داوا دەکەین خۆمان ڕێکبخەین و ئامانجەکان کۆبکەینەوە و ئەنجومەنی دەنگە ناڕازییەکان لە ھەموو شارو شارۆچکەکان دروست بکەین بە ھەولێر و دھۆکیشەوە و سەقفی زەمەنی بۆ حکومەت دابنێین و لە ئەگەری جێبەجێ نەکردندا بە پێکھاتەکانی گەل و ئەنجومەنەکان لە کۆنفرانسێکدا پڕۆژەی حکومەتێکی کاتی پێشکەش بە ڕای گشتی دەکەین، بە مەرجێک بەو گەرماییەی بۆ سوتان و خۆپیشاندان ھەیە، لە خزمەت ئەو پرۆسە مەدەنییە دیموکراتیەدا بین، گەل پێویستە خۆی خۆی بەڕێوەببات، بۆیە ئێمەش خۆمان ناکەین بە خاوەنی خۆپیشاندانەکان و سوار شەپۆلی دەنگەکانی ئێوە ببین، بەڵکو ھەر ئەرکێک ئێوە بیخەنە سەرشانمان بۆی ئامادەین و ھاوکارتان دەبین بۆ گەیشتن بە سیستمێکی دیموکراتی مۆدێرن، دور لە عەقڵییەتی دەسەڵاتخوازی و دەسەڵاتداری، ئێوە بەڵێنمان پێبدەن ئێمەش سۆزی سەرکەوتنتان پێ دەدەین، کە بە دیسپلین و بە ھۆشیاریەوە بە شێوەیەکی ھەماھەنگ و جدی، بە فشاری مەدەنی و بە تێکۆشانی دیموکراتی، دور لە عەقڵیەتی بەڕێوەبەر و سەرۆک و ڕابەر، دەسەڵات ناچار بە گۆڕانکاری جدی و ملکەچی بۆ داوا ڕەواکان دەکەین.

تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان
دەستەی ھاوسەرۆکایەتی
١٠/١٢/٢٠٢٠

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif