ڤایرۆسە نوێیەکە بەریتانیا لە جیهان دادەبڕێت، مەترسیدارە؟‌

ليست هناك تعليقات



تاکو دێت نیگەرانییەکان لەبارەی ڤایرۆسە نوێیەکەی بەریتانیا زیاتر دەبن، ژمارەی ئەو وڵاتانەی گەشتەکانیان لەگەڵ بەریتانیا رادەگرن بەردەوام بەرزدەبنەوە و بەریاتانیا بەرەو گۆشەگیری زیاتر دەچێت، ترسی هەرە گەورەش ئەوەیە ڤاکسینە بەرهەمهاتووەکان نەتوانن بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا زاڵ ببن و پێش کۆنترۆڵکردنیشی بۆ وڵاتانی جیهان بگوازرێتەوە.

بەریتانیا: ڤایرۆسەکە لە کۆنترۆڵ دەرچووە
دوێنێ مات هانکۆک وەزیری تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، جۆرە نوێ و گۆڕاوەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ژێر کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی بەریتانیا دەرچووە و زەحمەتە پێش دابەشکردنی کۆرۆنا بەسەر بەشێکی زۆری هاوڵاتیاندا بتوانن کۆنترۆڵی ڤایرۆسە نوێیەکە بکەن.

ئەمڕۆ هانکۆک لە تویتەرەوە هۆشدارییەکەی دووپات کردەوە و وتی، "بەڵگەمان لەبەردەستدایە کە جۆرە نوێیەکە مەترسیدارترە و بۆ پاراستنی ژیانی خۆتان، پێویستە لە ماڵەوە بمێننەوە ".

ئاماژەی بەوەش کردووە، ژمارەکان زۆر نیگەرانکەرن، لە کاتێکدا ئامادەکارییەکان بۆ ڤاکسینەکان بەردەوامن، بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ئەم ڤایرۆسە بکرێت پێویستە ئەوەی لەسەر هەموانە ئەنجام بدرێت.

گۆشەگیربوونی بەریتانیا
ئەمڕۆ هەریەک لە ئەمریکا، نەمسا، ئیسرائیل، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئیتاڵیا، کەنەدا، تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکە گەشتەکانیان لەگەڵ بەریتانیا راگرت.

دوای دڵنیابوونەوە لە بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا و زۆربوونی حاڵەتەکان، دوێنێ حکومەتی هۆڵەندا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ بەریتانیا راگرت.

راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی هۆڵەندا لەگەڵ بەریتانیا تاکو یەکی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، ئەم بڕیارەش دوای ئەوە هات کە بەریتانیا رایگەیاند، دەست بە کەرەنتینکردنەوە دەکات، ئەمەش لەپێناو رێگرتن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

حکومەتی هۆڵەندا داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە لە حاڵەتی زۆر ناچاریدا نەبێت بە هیچ جۆرێک و بە هیچ رێگایەکی روو لە بەریتانیا نەکەن.

هەر دوێنێ بەلجیکاش رایگەیاند گەشتە ئاسمانییەکان و هاتوچۆی شەمەندەفەریش لەگەڵ بەریتانیا رادەگرێت.

سەرچاوەیەکیش لە حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، گەشتەکان لە بەریتانیاوە بۆ وڵاتەکەی رادەگرێت.

دوێنێ بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ قەدەغەکردنی هاتنی بەریتانییەکان و هاوڵاتیانی ئەو وڵاتامەی ئەم جۆرە نوێیەی ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێدا بڵاوبووەتەوە بۆ وڵاتەکەی.

ئەو وڵاتانەی تاکو ئێستا گەشتەکانیان لەگەڵ بەریتانیا راگرتووە بریتین لە چیلی، مەغریب، ئەرجەنتین، هۆنگ کۆنگ، کوەیت، سەلڤادۆر، سعودیە، ئێران، ئیسرائیل، رۆمانیا، تورکیا، کەنەدا، کرواتیا، رۆمانیا، بولگاریا، لاتیڤیا، ئیستۆنیا، فینلەندا، لیتوانیا، بەلجیکا، هۆڵەندا، ئیتاڵیا، ئیرلەندا، ئەڵمانیا و فەڕەنسا.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif