داهاتو لەبیرکردنەوەی تۆوە وێنەی خۆی وەردەگرێت

ليست هناك تعليقات


هەوراز غازی
-
ئەوەی کە ڕەوتی ڕێکردنی کۆمەڵگاو بزاوتەکەی دیاری دەکات، ئەو پانتاییەیە کە لەنێوان تاک و کۆمەڵگادا هەیە، پانتاییەک کە سەرێکی لە نێوەوەی تاکەکاندا دەست پێدەکات و سەرەکەی دیشی بەو سەقفە کۆتایی پێدێت کە خۆی وەک وێنەیەکی مەعنەوی دەستە جەمعی وێنادەکات و بە کۆمەڵگا دەناسرێت .


هەمو ئەو جوڵەو کردارو ڕەفتارو گوفتار و بیرکردنەوانەی لەو پانتاییەدا بونیان هەیە ،کارلێک دەکەن و وێنەیەکی گشتگیر بەدەستەوە دەدەن ،لێرەوە تۆ وەک تاک بەرپرسیت لەسەر کۆی بیرکردنەوەو گوفتارو ڕەفتارەکانت کە بە ئاگایی یان نا ئاگایی لە لێکەوتەکانیان ئەنجامی دەدەیت .


وێنایی ئەوە بکە کە لە دروست کردنی باڵەخانەیەکدا بەشداریدەکەیت ،هەر قسەیەکی تۆ یان بریکردنەوەو ڕەفتارێکت ،کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدەیت وەک کەرەستەیەک هەژماری بکە کە لە دروست کردنی ئەو باڵەخانەیەدا بەکار دەهێنرێت .


بۆ ئەوەی ئەو باڵەخانەیە تۆکمەو گونجاو بە ژیانکردن تێیدا دەر بچێت پێویستە تۆ کەرەستەی باش و گونجاو لە دروست کردنیدا بەکار بهێنیت ، بەپێچەوانەوە ئەگەر ئەو کەرەستانەی لە دروستکردنی باڵەخانەکەدا بەکارت هێناون ،باش و گونجاو نەبون ئەوا تۆ بەدەستی خۆت بینایەکت دروست کردوە کە ژیان کردن تێیدا مەترسیەو ڕۆژ بەڕۆژ گرفتەکان و کەموکوڕیەکانی تیایدا دەردەکەون و بەردەوام لەگەڵ ئەو مەترسیەدا دەژیت کە لەداهاتوودا ئەوباڵەخانەیە بەسەرتدا دەڕمێت .




جوڵەو کردەکانی دوو سێ دەیەی ڕابردوو ،ئێستایەکی دروست کردوە کە هیچ بوارێکی نەهێشتۆتەوە بۆ ژیانێکی شەرافەتمەندانە و ژینگەیەک کە تیایدا ئینسان بە شکۆو کەرامەتەوە بژی ، گرفتەکە بەس ئەوە نیە کە باڵەخانەکە هەپڕون هەپڕون بووە و چیدی بۆ ژیانکردن ناشێت ،لەگەڵیشیدا کۆمەڵێک مافیا هەن کە لەسەرەوەی ئەو کەلاوەیە دانیشتون و ناهێڵن دەست بۆ چاک کردنەوەو سەر لەنوێ دروست کردنەوەی بەرین ،ئەو ڕاستیە دەزانن لەگەڵ کەوتنی ئەو کەلاوەیەدا ئەوانیش غلۆردەبنەوەو جارێکی دی بواری سەرکەوتنەوەیان نابێت .


ئەوەی لەچەند ڕۆژی ڕابردودا ڕویدا هاتنەوە شەقامی ئەو ڕوحە لە بەرەنگاری بوو کە لە حەڤدەی شوباتەوە خۆی دەرخستوەو بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە چونکە هێزێک هەیە ڕۆژانە کار لەسەر ئەوە دەکات بەخۆشحاڵیەوە ژیان کردن لەژێر ئەو کەلاوەیەدا بەبێ شکۆو بەبێ کەرامەت قبوڵبکەین وەلێ ئەوە بژاردەیەکە کە لەهیچ شوێنێکی ئەو ڕوحە تازەیەدا جێناگرێت ، چونکە لەبنەڕەتەوە بۆ ئەوە دێتە شەقام تا ئەو کەلاوەیە لەژێر دەستی ئێوە دەربهێنێت و سەرلەنوێ دروستی بکاتەوە و بیکات بە جێگایەک کە بۆ ژیانێکی شەرافەتمەندانە دەست بدات .


پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە چی بکرێت ؟بۆ ئەوەی ئەو ڕوحە بەرەنگاریە لە سنورێکی جوگرافیدا قەتیس نەخوات و ڕێگە نەدرێت چیدیکە کەسانێک بەسەر خوێنی ڕژاوی گەنجانی ئەم نیشتیمانەدا بڕۆن و سەرکەونە سەرەوەی کەلاوەکەو بارەکەی قورستر بکەن ، پێویستە لە ئێستادا گەنجان و هەموو ئەوانەی باوەڕیان بە ژیانێکی شەرافەتمەندانەو ئازادی و شکۆی ئینسان هەیە ڕێکخستنێک ئاوا بکەن کە خۆیان و دەوروبەریانی تێدا پەروەردە بکەن و بۆ هەمو ئەگەرەکانی داهاتو خۆیان ئامادە بکەن و لەوێوە ئەوڕوحەبەرەنگارییە بە کەناری سەرکەوتن بگەیەنن ، بۆ ئەوە پێویستە بەرەنگاری هەر ڕوەو ئەوانە نەبێت کە لەسەرەوە لە کەلاوەکەدا دانیشون دەبێت بەرەنگاری ڕوەو ئەوانەش بێت کە ئێستا لەخوارەوە کەلاوەکە پینەدەکەن و لە داهاتوشدا کەرەستەی خراپ بۆ باڵەخانەیەکی تازە بەکار دەهێنن .

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif