ئیسرائیل لە ئیمارات و پەرستگە و قوتابخانەیەکی جوو دەکاتەوە

ليست هناك تعليقات



یەتیسحاق یوسف، گەورە حاخامی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە ژمارەیەک دامەزراوەی جوو لە ئیمارات دەکاتەوە، لەنێویاندا پەرستگە و قوتابخانەیەکی جوو، ئەمەش لە چوارچێوەی پێکهاتنی نێوان هەردوولا و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئیمارات.

گەورە حاخامە ئیسرائیلییەکە، یەکەمجارە سەردانێکی لەو شێوەیە بۆ دەوڵەتێکی عەرەبی بکات. یەتیسحاق یوسف، گەورە حاخامی سڤاردیمە (جووانی ئاینداری رۆژهەڵات)، ئەو پەرستگەیەکی نوێ لە شاری ئەبوزەبی دەکاتەوە.

رۆژنامەکانی ئیسرائیل تودەی و تایمز ئۆف ئیسرائیل ئاشکرایانکردووە، یوسف جیا لەوەی قوتابخانەیەکی ئایینی جوو لە شاری دوبەی ئیمارات دەکاتەوە، لەگەڵ باخچەیەکی ساوایان بۆ رەوەندی جوو لە شارەکەدا، پاشان سەردانی چێشتخانەیەکی نوێی جوو دەکات لە تاوەری خەلیفە، کە خواردنی حەڵاڵی جوو (کۆشێر) بە کڕیارەکانی دەفرۆشێت. 

پڕۆگرامی سەردانەکەی حاخامە ئیسرائیلییەکە، بەشداریکردن لە ئاهەنگی رەوەندی جوو لە ئیماراتیش لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ لیفی دۆخمان، سەرۆکی رەوەندی جووی ئیمارات.

وا بڕیارە یەتیسحاق یوسف چاوپێکەوتن لەگەڵ چەند گەورە بەرپرسێکی ئیماراتیشدا بکات و تاوەکو سبەی یەکشەممە لە چالاکییەکانی لەو وڵاتە بەردەوام دەبێت.

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسرائیل گوتوویانە، نزیکەی سێ هەزار ئەندامی رەوەندی جوو لە ئیمارات هەن، زۆرینەیان لە شارەکانی ئەبوزەبی و دوبەی دەژین.

ئیسرائیل و ئیمارات لە ناوەڕاستی ئەیلوولی رابردوودا و بەسەرپەرشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان واژۆ کردووە، لەوکاتەوە هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان چەندین پێشوەچوونی لە بوارەکانی سیاسەت، ئابووری، گەشتیار و کولتووری بەخۆوە بینیوە.

تاوەکو ئێستا هەریەکە لە ئیمارات، بەحرێن، سوودان و مەغریب بەسەرپەرشتی ئەمریکا، پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاندووە.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif