دەنگدانی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن کۆتایی بە مشتومڕی هەڵبژاردن و سکاڵاکانی دۆناڵد ترەمپ هێنا و جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەنگاوێکی دیکە لە کۆشکی سپی نزیک بووەوە.
بایدن خۆی بۆ ئیدارەی نوێی ئەمریکا ئامادە دەکات، بەڵام لەبەردەم کۆمەڵێک پرسی گرنگدایە. لەوانەش نزیکبوونەوە لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا و گەڕانەوەی واشنتن، بە گوتەی بایدن، بۆ سەرکردایەتیکردنی جیهان.
جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاند: "خۆشحاڵم کە بەربژێران و ستافی گرنگی سیاسەتی دەرەوە و ئەنجوومەنی ئاسایش لە ئیدارەکەم رادەگەیێنم. ئەوان رەنگدانەوەی ئەمریکان و ئەمەریکا دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی جیهان بکات."
یەکێک لە بەرەنگارییەکانی بایدن هاریکارییە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی ژینگە. جۆن کێری دەبێتە نوێنەری بایدن بۆ پرسی کەشوهەوا. ئەورپییەکانیش لەم بوارەدا هیوایان بە ئیدارەکەی بایدنە.
پیتەر ئاڵتمایەر، وەزیری ئابووریی ئەڵمانیا دەڵێت: "ئێمە تێبینیی ئەوەمان کردووە کە پەنجەرەیەکی هیوا هەیە؛ پەنجەرەیەک بۆ دەرفەتی نوێ بۆ پێکەوەکارکردن لە سیاسەتی کەشوهەوادا. جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراو چەند جارێک دووپاتی کردووەتەوە ئەمریکا دێتەوە ناو رێککەوتنی پاریس."
ئەوروپییەکان و هاوپەیمانانی دیکەی ئەمریکا چاویان لەوەیە پێکەوە پلانی درێژخایەن بۆ کەمکردنەوەی رێژەی دووانۆکسیدی کاربۆنی دەردراو دابنێن و تا ساڵی 2050 بە رێژەی 50٪ کەم بکرێتەوە.
پرسێکی دیکە بۆ بایدن رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنایە. ڤاکسین بەرهەم هاتووە، بەڵام هەواڵە ناخۆشەکە لەبارەی جۆرێکی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە بەریتانیاوە گەیشت. رێکخراوی تەندروستیی جیهانییش هەواڵەکەی پشتڕاست کردەوە.
مایکڵ راین، بەڕێوەبەری جێبەجیکاری پڕۆگرامی فریاگوزاریی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت: "ئێمە شتی جۆراوجۆرمان بینیوە. ئەم ڤایرۆسە گەشە بە خۆی دەدات و بەپێی کات خۆی دەگۆڕێت. زۆر شتی لەناکاومان بینی. لە بەریتانیا ئەم گۆڕانکارییە بینراوە، ئێمە لە نزیکەوە کاریان لەگەڵدا دەکەین."
ئەم پرسە بەرەنگارییەکی نوێ بۆ بایدن دروست دەکات، چونکە دیار نییە ئەو ڤاکسینەی ئێستا بەردەستە توانای رێگریی لەم جۆرە گەشەسەندووەی ڤایرۆسەکە هەیە یان نا، بەتایبەت کە ئەو پرسی پەتای کۆرۆنای هەمیشە وەک چەکێک دژی ترەمپ بەکاردەهێنا.
ليست هناك تعليقات
إرسال تعليق