مەترسیەكانی بە هەدەردانی ئاو لە سەر داهاتووی مرۆڤ

ليست هناك تعليقات



 
هەرچەندە دەوری زەوی بە ئاو تەنراوە، بەڵام زۆرینەی بەكەڵكی خواردنەوە نایەت و زۆرن ئەو مرۆڤانەی بۆقومێك ئاوی سازگار تەنگەتاو دەبن و پارەیەكی زۆر بەخەرج دەدەن بۆ ئەوەی لە تینویەتیدا نەمرن، سەیرەكەش لەوەدایە ئاویش بووەتە یەكێك لە بابەتە سیاسی و ئابوورییەكان و دەسەڵاتداران وەك چەكێكی كاریگەر لێی دەڕوانن، بەجۆرێك ئەگەر نرخی فەرمی بەنزین و نەوت بەراورد بكەین لەگەڵ نرخی ئاو ئەوا لە زۆربەی وڵاتاندا ئاو گرانترە، لەكاتێكدا زۆرینەی خەڵكی سەرزەوی ئەو گرنگیەی بەلایانەوە جێی بایەخ نییە..

بەپێی توێژینەوەكانی ئەو بوارە ئاوی سەرزەوی 30% بۆ 50%ی ئاوی سەرزەویی بەشێوەیەكی نایاسایی مامەڵەی پێوەدەكرێت و لەوبواری پیشەسازیی و كوشتوكاڵدا وەبەرهێنانی پێوە دەكرێت و لە هەندێك وڵات و ناوچەش بووەتە كارتی فشاری سیاسی و دەسەڵاتدارەكان هێندەی تر خۆیانی پێبەهێز و ئەوانی تری پێ لاواز دەكەن.

پسپۆڕانی بواری زانستی باس لەوە دەكەن ئاو سەرچاوەیەكی ئەوەندە گرنگە بۆ ژیانی مرۆڤ و گیانلەبەران كە بە هیچ شتێك قەرەبوو ناكرێتەوە، بەهای هێندە بەرزە كە بەهیچ دراوێك ناپێورێت، لەچاو سەرجەم كانزاكانی دیكەدا زۆرترنین بەكاربەری هەیە، دەكرێت بگوترێت لەدوای هەواو هەناسەدانەوە بە گرنگترین پێدوایستییەكانی ژیان بێتە ئەژمار، بەڵام بەداخەوە ڕێژەیەكی زۆری بەشێویەكی نایاسایی مامەلەی لەگەڵ دەكرێت و بەو پێیەش بەئەندازەی ئەو ڕێژەیە ژیانی مرۆڤایەتی دەخاتە مەترسییەوە.
ئاو جگە لەوەی كە لەڕێگەی سیستەمێكی وردەوە ڕێكخراوەو لەنێو گۆی زەویدا دەسوڕێتەوەو لەڕێگەی بارانەوە نوێ دەبێتەوەو لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە زیادو كەم دەكات، پلەی گەرمای زەوی ڕادەگرێت و هۆكاری سەرەكی جوانی و خاوێن بوونەوەی ژینگەیە.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن دزیی و نایاسایی لەبواری ئاودا زۆر بەرفراوانەو قۆرغكردنی زۆری تێدایە، لەلایەكەوە بۆ ئەو جۆرە كشتوكاڵە قاچاخانە بەكار دەهێنرێت كە لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بە كشتوكاڵی یاساغ ناودەبرێن وەك ماریجوانا لە كالیفۆڕنیاو لەلایەكی تریشەوە بۆ ئەو كشتوكاڵانەی كە پێویستییەكی زۆریان لە ئاو هەیە وەك شلك –فەراولە- تووە فەرەنگی - لە ئیسپانیا و لۆكە- پەموو- لە ئوسترالیا. بەشێك لەمانە لە ڕێگەی كەس(تاك)ەوە ئەنجام دەدرێت و بەشێكی دیكەشیان ڕێكخراوەو لە لایەن گروپێك یان دەوڵەتەوە بەكاردەهێنرێن.

ماریجوانا:
بە پێی وتەی شارەزایانی كشتوكاڵ ڕووەكی ماریجوانا (یان ماریوانا- جۆرێك لە مادەی هۆشبەر) پێویستیەكی زۆری بە ئاو هەیە، وەك راپۆرتەكان باسی دەكەن لە باكووری ویلایەتی كالیفۆڕنیا بەشێوەیەكی بەرفراوان دەچێنرێت، لەزۆرینەی گوندو شارو شارۆژكەكانی ئەو ویلایەتە بووەتە پیشەیەكی باوو بەرفراوان.
بەكارهێنانی ئاوی زۆر بۆەو كشتوكاڵە تا ئێستاش نەبووەتە بابەتێكی جدی و بەرپرسانی ئەو ویلایەتە و تەنانەت ژینگەپارێزانیش بایەخی ئەوتۆمیان پینەداوە، هەربۆیە بەشێك لە توێژەران ئەو دۆخە بە دزینی ئاوی خاوێن ناو دەبەن.

كشتوكاڵی شلك:
توێژینەوەكان باس لەوە دەكەن كشتوكاڵی شلك لە زۆنگاوەكانی باشووری ئیسپانیا بەشێوەیەكی بەرفراوان دەچێنرێت، سەرەرای ئەوەی ئەو ناوچەیە شوێنی قەدەغەكراوی كشتوكاڵیی نێو دەوڵەتییە بەو پێیەی كە ئەو ناوچەیە شوێنی كۆچی باڵندەكانەو زۆرینەی كۆچ و ڕەوی باڵندەكان ڕوو لەو زۆنگانە دەكەن، بەڵام بە پێچەوانەی یاساكانەوە بەشێكی زۆر لە جوتیارانی ئەو ناوچەیە بە نهێنی و ئاشكرا دەستیان داوەتە چاندنی شلك و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی ئاوێكی زۆر بەنایاسایی ببرێت و ناوی دزینی ئاوی لێبنرێت. سەرەڕای ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو ناوچەیە گرتن و سزادانیان لەدژ بەكار دەهێنن، بەڵام بەهۆی ئەوەی سزاكان تووندنین و زۆرجاریش چاوپۆشییان لێدەكرێت بووەتە هۆی بەردەوامی بە هەدەردانی ئاوی خاوێنی ئەوناوچەیەو ئێستا بەكارهێنانی ئاو بەنایاسایی و بەشێوەی دزیی بووەتە كارێكی ئاسایی و یاساش وەك كارێكی رۆتینی لێیدەڕوانێت.

لۆكە لە ئوستورالیا:
كشتوكاڵی لۆكە یان پەموو لە تەنیشت ڕووباری بەناوبانگی –بارون دارلینج-دەكرێت كە دەكەوێـتە ناوەراستی كیشوەری ئوستورالیاوە، هەر چەندە جوتیارەكان باس لەوە دەكەن كە ئەوان پابەندن بە یاساوەو بە پێەچوانەی یاساوە كاری ئاودێریی ناكەن، بەڵام توێژینەوەكان باس لەوە دەكەن كە ئەوان پابەندنین و بەشێكی زۆری ئاوی پەمووەكانیان بە نایاسایی دابیندەكەن، هەرچەندە بە پێی یاسای ژینگەی ئوسترالیا ئەو جۆرە بەكارهێنانەی ئاو نایاساییەو بەدزیی ئەژمار دەكرێت، لەبەر ئەوەی كاریگەریی .
وەنەبێت دزین و بەهەدەر دانی ئاو تەنها لەبواری كشتوكاڵدابێت، بەڵكو توێژینەوەكان باس لەوەش دەكەن پرۆژە زەبەلاحەكانی پیشەسازیش لە بەهەدەردانی ئاودا ڕۆڵی سەرەكییان هەیەو لەهەر شوێنێكی دونیادا كارگە یان پرۆژەی زەبەلاح هەبێت بەهەدەردانی ئاو هەیە، ئەوە جگە لەوەی پاشماوەكانیان چەندە زیانی گەورەی بۆ ژینگەو تەندروستی مرۆڤ و قەتیس بوونی گەرما هەیە...

هەرچۆنێك بێت ئاو كێشەیەكی گەورەی مرۆڤایەیەتییەو پەیوەندیی راستەوخۆی بەتاك بەتاكی مرۆڤایەتیەوە هەیە، هەربۆیە خەمی ئاو خەمێكی گەورەیەو شارەزایانیش پێیان وایە لە ساڵانی داهاتوودا كێشەی ئاو دەبێتە كێشەیەكی جیهانی گەورەو لە ئێستاشدا نرخی ئاو (بەفەرمی) لە نرخی نەوت و بەنزین گرانترە.
ئا/پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق