ئیسرائیل؛ چوار هەڵبژاردن لە دوو ساڵدا‌

ليست هناك تعليقات


ئیسرائیل لە خۆ ئامادەکردندایە بۆ هەڵبژاردنی چوارەم تەنها لەماوەی دوو ساڵدا. لە ساڵی 1996 تا ئێستا، بەڕێژەی ناوەندی هەر 2.3 ساڵ جارێک هەڵبژاردنێکی نوێ لەم وڵاتەدا بەڕێوەچووە. لە وڵاتە دیموکراتەکان زیاتر هەڵبژاردنی تیا دەکرێت و بە پێچەوانەی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستەوە، کێشەکانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە چارەسەر دەکات.

پەرلەمانی ئیسرائیل (کنێست) بەرەبەیانیی چوارشەممە " 23 ی کانوونی یەکەم 2020" هەڵوەشایەوە و، بڕیاردرا مانگی ئاداری داهاتوو هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت.

وڵاتی هەڵبژاردنەکان

لە کۆبوونەوەی درەنگانی شەوی رابردوو و بەرەبەیانیی چوارشەممە " 23 ی کانوونی یەکەم 2020"، پەرلەمانی ئیسرائیل بڕیاری هەڵوەشانەوەی خۆی پەسەندکرد بەهۆی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەکەی ناتانیاهۆ و گانتز و، بڕیاردرا لە 23ـی مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنێکی دیکەی پێشوەختە بکرێت، کە دەبێتە چوارەم هەڵبژاردن لەماوەی دوو ساڵدا.

بە گوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی دامەزراوەی دیموکراسی ئیسرائیل، کە لەلایەن پرۆفیسۆر ئۆفەر کێنیگ ئەنجامدراوە، ئەوە نیشاندەدات لە ساڵی 1996 ەوە تا ئێستا، ئیسرائیل بە ڕێژەی ناوەندی هەموو 2.3 ساڵ جارێک هەڵبژاردنی تێدا کراوە. بەمەش ئەم وڵاتە لە لوتکەی وڵاتانی دیموکراسی پەرلەمانی دێت لە ئەنجامدانی هەڵبژرادندا، بەبەراورد بە وڵاتانی دیکە، تەنانەت پێش وڵاتانی ژاپۆن، کەنەدا، ئوسترالیا وئەڵمانیا ...دێت

لە لێکۆڵینەوەکەدا یۆنان لە پلەی دووەم دایە و هەر 2.5 ساڵ جارێک هەڵبژاردنی تیاکراوە و ئیرلەندا لە کۆتایی ڕیزبەندیەکە و 21 مین وڵاتە کە هەر 4.5 ساڵ جارێک هەڵبژاردنی تێدا ئەنجامدراوە.

ناتانیاهۆ ؛ پادشایی کورسی سەرۆک وەزیران

لە ساڵی 1996 ەوە، بنیامین ناتانیاهۆ دیارترین روخساری سیاسی ئەم وڵاتەیە. ئەگەرچی لە ساڵی 1999 کورسی سەرۆک وەزیرانی لەدەستدا، بەڵام لە ساڵی 2009 تا ئێستا بەردەوام سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە. ناتانیاهۆ یەکەمین کەسە لە مێژووی ئیسرائیلدا هێندە لەسەر کورسی سەرۆک وەزیران دانیشتبێت.

سیستمی سیاسی ئیسرائیل

سیستمی سیاسی ئیسرائیل پەرلەمانییە، پەرلەمان لە 120 ئەندام پێکدێت، ئەرکی داڕشتنی یاسا و چاودێریکردنی حکومەتە، پێكهێنانی حکومەت پێویستی بە دەنگی 61 ئەندام هەیە و لە ماوەی چەندین دەیەی رابردوو هیچ پارتێک ئەو رێژەیەیی بەدەستنەهێناوە، بۆیە لە دوای زۆربەی هەڵبژاردنەکان حکومەتی هاوپەیمانی پێکهێنراوە.

پەرلەمان بۆچی خۆی هەڵوەشاندەوە؟

هاوپەیمانێتیەکەی پارتی لیکود بەسەرۆکایەتیی ناتانیاهۆ و پارتی شین و سپی بەسەرۆکایەتیی بێنی گانتز ماوەی چەند هەفتەیەک بوو رووی لە داڕمان بوو.

هەتاوەکو نیوەشەوی " 22 ی کانوونی یەکەم 2020 "، ئەم هاوپەیمانێتیە کاریدەکرد بۆ تێپەڕاندنی بودجە، بەڵام نەیانتوانی بگەنە ڕێکەوتن لەسەر بودجە، ئەمەش بوو بە هۆی ئەوەی پەرلەمان هەڵبووەشێتەوە.

ناکۆکیەکانی سەرۆک وەزیران و وەزیری بەرگری لەسەر چی بوو؟

گانتز، وەزیری بەرگری رایگەیاند بوو، ئەو هەرگیز متمانەی بە ناتانیاهۆ نەبووە، بەڵام (بەستنی هاوپەیمانی لەگەڵ پارتەکەی) بۆ ئەوە بوو، ئیسرائیلییەکان ناچار نەبن بۆ چوارەم جار هەڵبژاردن بکەن لەم سەردەمی پەتای کۆرۆنایەدا.

گانتز ئاماژەی بەوەشدا، ناتانیاهۆ بۆ خۆدزینەوە لە دادگایکردن بەهۆی گەندەڵیەوە پەنای بردۆتە بەر هەڵبژاردنێکی دیکە.

بەپێی رێککەوتنی هەردوولا، ناتانیاهۆ دەبوو بۆ ماوەی 18 مانگ سەرۆک وەزیران بێت و دواتر لە مانگی تشرینی دووەم، گانتز شوێنی بگرێتەوە.

هۆکاری سەرەکیی ناکۆکییەکەش ئەوە بوو گانتز داوای دەکرد حکومەت بودجەی 2020 و 2021 تێبپەڕێنێت، بەڵام ناتانیاهۆ رەتیکردەوە بودجەی 2021 پەسەند بکرێت.

رەخنەگرانی ناتانیاهۆ دەڵێن ئەوە تاکتیکی ناتانیاهۆ بوو بۆ ئەوەی هاوپەیمانییەکە بە ناجێگیری بمێنێتەوە و نقوومکردنی حکومەتەکەی ئاسان بێت بۆی، پێش ئەوەی ناچاربێت دەسەڵات بە گانتز بدات.

پێشتریش، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، 15ی تشرینی دووەم 2020 ، سەرۆکی نوێی مۆسادی دیاریکرد، بێئەوەی پرس بە گانتز بکات.

دیاریکردنی سەرۆکی مۆساد، دەستبەجێ ململانێیەکی نوێی لە نیوان بنیامین نەتەنیاهۆ و گانتز هێنایە ئاراوە.

گانتز ڕایگەیاند لەم پەسەندکردنە "بێ ئاگا" بووە و لە ڕۆژنامەکانەوە زانیویەتی.

بەگوێرەی راگەیاندنەکانی ئیسرائیل، وەزیری بەرگری خێرا تەلەفۆنی بۆ ناتانیاهۆ کردووە و بە توندی ڕەخنەی لەم مامەڵەیەی گرتووە.

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە بارەی ئەم گفتوگۆ تەلەفۆنیەوە رایگەیاند، پەسەندکردنی سەرۆکی مۆساد بەگوێرەی بڕیارەکان، تەنها لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیراندایە.

راپۆرتی پەیسەرپرێس

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif