پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە

ليست هناك تعليقات


پەرلەمانی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، رۆژی دووشەممەى داهاتوو پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکەش بەمەبەستی تاوتوێکردنی دوایین ئەنجامی گفتوگۆی شاندەکەی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ حکومەتی عێراق.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، شاندی دانوستاندنکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت بڕیارە رۆژی دووشەممەی داهاتوو بچنە پەرلەمان و دوایین ئەنجامی گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ پەرلەمان روون بکەنەوە.

سامان ئەحمەد به‌كر، بەڕ‌ێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە "هەریەک لە وەزیری دارایی و كاروبارى ئابووری، وه‌زیرى پلاندانان، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، یاوەریی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکەن لە هاتنیان بۆ پەرلەمانی کوردستان".

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی "بڕیارە شاندی دانوستانکار لە کاژێر 11:00ى پێشنیوەڕۆى رۆژی دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 2020/12/28، لەگەڵ سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی (دارایی و كاروبارى ئابووری، كاروبارى یاسایی، وزه‌ و سامانە سروشتییەکان) کۆببنەوە و روونکردنەوە لەبارەی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا بخەنەڕوو و دوایین ئەنجامی رێککەوتنی هەولێر و بەغدا بخەنە بەردەم پەرلەمان و وردەکارییەکانی گفتوگۆکان بۆ پەرلەمان روونبكه‌نه‌وه‌".

سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران له ‌وه‌ڵامی نووسراوی ژماره‌ 2906ى په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له ‌رێكه‌وتى 2020/12/16 ئاراسته‌ی حكومه‌تى كردووه‌ و تیایدا داواى كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ شاندی دانوستانه‌كانی نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و حكومه‌تى ناوه‌ند كردووه‌، به ‌نووسراوی ژماره‌ 9019 كه‌ له ‌رێكه‌وتى 2020/12/23 ئاراسته‌ی په‌رله‌مانی كوردستانى كردووه‌، ئاماژه‌ی به‌وه ‌داوه‌ كه ‌رۆژى دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 2020/12/28، شاندى دانوستانكار له ‌په‌رله‌مان ئاماده‌ ده‌بن

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق