بودجەی حەشدی شەعبی، بارگرانیەکی تر لەسەر وڵات!

ليست هناك تعليقات



ھاوڕێ یاسین

لە پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ دا 

لەبری پرۆژەی خزمەتگوازی و بونیادنانەوەی عێڕاق دوبارە بڕە پارەیەکی خەیاڵی تەرخانکراوە بۆ گروپە میلیشیاییەکانی حەشدی شەعبی.

لەکاتێکدا بودجەی عێڕاق بە نزیکی ١٠٠ ملیار دۆلار خەمڵێنراوە، پشکی شێر بە حەشدی شەعبی کەوتوە.

بەپێی پرۆژەکە بودجەی حەشدی شەعبی زیاترە لە بودجەی شەش وەزارەت.

بە خوێندنەوەیەکی خێرا بۆ پرۆژەکە دەبینین بڕی ٢.٤ ترلیۆن دینار بۆ حەشدی شەعبی تەرخانکراوە کە زیاترە لە کۆی بودجەی وەزارەتەکانی داد، دەرەوە، پلاندانان،سەرچاوە ئاوییەکان، پلاندانان و گواستنەوە.

ھەروەھا زیاترە لە بودجەی وەزارەتی پەروەردەو نزیکە لە کۆی بودجەی وەزارەتی تەندروستی.

ئەو بڕەی بۆ حەشد دانراوە زیاترە لە کۆی بودجەی شارەکانی نەینەوا و زیقار و نەجەف و دیوانیە.

ئەم ژمارانە شەقامی عێڕاقی توشی سەرسوڕمان کردوە، چونکە زۆر نالۆجیکی و نادادپەروەرانەیە، وە ھێشتا خوێنی خۆپیشاندەران و چالاکوان لەمەیدانەکانی تەحریر و ناوچەکانی تردا وشک نەبۆتەوە کە دژی دژی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی وڵات خوێنی خۆیان بەخت کرد، کەچی ئێستا وا سامانی گشتی تەخشان و پەخشان دەکرێت بەسەر گروپی میلیشیایی.

ئەمە لەکاتێکدایە عێڕاق لە قەیرانێکی دارایی قوڵدایە و حکومەت بۆ پڕکردنەوەی کورتھێنان پەنای بردۆتە بەر قەرز و گرێبەستی پێشوەختە بۆ فرۆشتنی نەوت.

ئەوەی جێی سەرەنجە ئەوەیە کە عێڕاق لە دۆخی شەڕدا نیە تا ئەو بودجە زەبەلاحە بۆ حەشدی شەعبی تەرخان بکرێت، ھەروەھا ئەم گروپانە لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەت و وەزارەتی بەرگریدا نین و ھیچ وەلائیکیان بۆ عێڕاق نیە، تەنھا وەک سەرچاوەی داھات لەعێڕاق دەڕوانن و ئەجێندای طائفی و دەرەکی خۆیان ھەیە.

لەگەڵ ئەوەشدا تۆمەتباری سەرەکین لە کوشتن و رفاندنی چالاکوانانی خۆپیشاندانەکانی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو.

دوای جەنگی داعشەوە تاکە چالاکی ئەو گروپانە ترساندن و تۆقاندنی ھەر دەنگێکی ناڕازی بووە دژیان.

بۆیە لەبری تەرخان کردنی بودجە بۆ گروپە میلیشیاییەکان باشتر بوو حکومەتەکەی کازمی کە بەپشتگیری و رەزامەندی خۆپیشاندەران بووە بە سەرۆک وەزیران دەبوایە بەشی زۆری بودجەی تەرخان بکردایە بۆ پرۆژەی خزمەتگوازی و ئاوەدانکردنەوە و دوبارە بونیادنانەوە وڵات و بوژاندنەوەی ئابوری.

ھەر چەندە بەشێوەیەکی فەڕمی ژمارەی چەکدارانی حەشدی شەعبی ٦٠ ھەزار چەکدارە، بەڵام سەرکردەکانیان بەشێوەی وەھمی موچەی ١٥٠ ھەزار چەکدار وەردەگرن.

لەگەڵ ئەوەی ساڵانە بودجەیەکی زۆریان بۆ تەرخان دەکرێت کەچی رێگە بەھیچ لیژنەیەکی حکومی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی نادەن وردبینی لە خەرجی و ناوی چەکدارانیان بکەن، چونکە ھەزاران کەسیان بەشێوەی وەھمی دامەزراندوە.

ئەوەشی ھەوڵی بۆ بدات توشی ھەڕەشەو کوشتن دەبێتەوە.

ھەروەھا بوونی بودجەیەکی زۆر لە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوودا ھاوکارێکی باشیان دەبێت کە دەنگ و وەلائی خەڵکی پێبکڕن و دوبارە بە کوتلەیەکی پەرلەمانی گەورەوە بگەڕێنەوە سەر شانۆی حوکمی عێڕاق.



ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif