تورکیا داوای رادەستکردنەوەی گولەن لە ئەمریکا دەکات

ليست هناك تعليقات

 


گوتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی هیوادەخوازێت سەرەتایەکی باشی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا هەبێت، یەکەم داواش کە لە ئیدارەکەی بایدنی دەکات رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن و راگرتنی هاوکارییە بۆ شەڕڤانان.

ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: ئەوان بڕوایان وایە کە دەتوانن "سەرەتایەکی باش"یان لەگەڵ ئیدارەی بایدن-دا هەبێت، هەروەها دەشڵێت: "بایدن بەشەخسیی سەرۆکەکەمان دەناسێت و بڕوام وایە بایدن و تیمەکەی دان بە بەهای جیۆسیاسی و ستراتیژیی تورکیادا دەنێن."

وەکو دوو وڵات، پەیوەندیی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەماوەی ئیدارەی ترەمپدا ناجێگیر بووە، بەڵام لەسەر ئاستی کەسایەتی، پەیوەندی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان بەوشێوەیە نەبووە و سەرۆکی ئەمریکا لە چەند بۆنەیەکدا بە "دۆست" باسی سەرۆککۆماری تورکیای کردووە.

یەکێک لەو هەنگاوانەی ئەنقەرە کە واشنتنی نیگەرانکردووە، کڕینی سیستەمی بەرگریی S-400 رووسی بوو کە بووە هۆی ئەوەی ئەمریکا، تورکیا لە پرۆگرامی کڕینی فڕۆکەی ئێف-35 سڕبکات، چونکە واشنتن پێیوایە کڕینی تەکنەلۆژیای رووسی لەگەڵ یاسای بە ئەندامبوون لە پرۆگرامەکە یەکناگرنەوە.

ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی تورکیا دەڵێت: "دەتوانرێت ئەو کێشەیە لە روانگەیەکی تەکنیکی و سەربازییەوە چارەسەربکرێت. بەڵام ئێمە ئەوەش دەزانین کە ئەو کێشەیە چیدیکە سەربازی و تەکنیکی نییە. کۆنگرێس بەوە رازی بوو کە ئەوە کێشەیەکی سیاسییە."

بەگوێرەی پڕۆژە بودجەی سەربازیی نوێی ئەمریکا کە سێشەممەی رابردوو لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە پەسەندکرا، پێویست دەکات واشنتن لەبەرامبەر کڕینی سیستەمی مووشەکی بەرگریی ئێس-400، سزا بەسەر تورکیادا بسەپێنێت.

هەروەها ئەو بەرپرسە تورکییە دەشڵێت: دەبێت بایدن ئاگاداری دوو پرس بێت کە بۆ ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا گرنگە. یەکەمیان ئەوەیە کە ئەمریکا هەموو هاوکارییەکانی بۆ شەڕڤانەکانی رۆژئاڤای کوردستان ببڕێت، چونکە کاڵن پێیوایە کە "ئەوان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان – پەکەکەدا نییە".

ساڵی رابردوو، ترەمپ لەسەر داوایەکی ئەردۆغان، فەرمانی بە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە باکووری سووریا و رۆژئاوای کوردستان کرد، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە نێوخۆی ئەمریکا رەخنەیەکی تووند لە سەرۆکی ئەمریکا بگیرێت.

یەکێکی دیکە لە داواکارییەکانی ئیبراهیم کاڵن ئەوەیە کە ئەمریکا فەتحوڵڵا گولەن، سەرۆکی بزووتنەوەی خزمەت کە ئێستا لە ویلایەتی پێنسلڤانیا دەژی، رادەستی تورکیا بکاتەوە، ئەم داوایەی کاڵن دوێنێ بوو لە دیداری جێرمان مارشاڵ فەند کە دیدارەکە بە ئۆنڵاین بەڕێوەچوو. ئەنقەرە بۆیە داوای ئەو بانگخوازە ئیسلامییە دەکاتەوە، چونکە بە نەخشەدانان بۆ "کودەتا شکستخواردووەکەی" ساڵی 2016 تۆمەتباری دەکات.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif