هێمن هەورامی: پشتیوانیی لە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50%ی داهات بە بەغدا دەکەین

ليست هناك تعليقات


جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیێنێت، هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای پەرلەمانی کوردستان دەچێتە بەغدا بۆ پاڵپشتیی دانوستاندنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوەکو بگەنە رێککەوتن. راشیگەیاند: "پشتیوانیی لە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50%ی داهات بە بەغدا دەکەین".

هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، پەرلەمانی کوردستان بە گرنگی دەزانێت، جگە لەو شاندە دانوستاندنکارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە لایەنی جێبەجێکارن دەچنە بەغدا، بۆ پشتیوانیی سیاسی و پەرلەمانی، پەرلەمانی کوردستانیش رۆڵێکی کاریگەرتر ببینێت، "بۆیە ئێمە بڕیارمانداوە هەفتەی ئاییندە شاندێکی باڵای پەرلەمانی کوردستان بچێتە بەغدا، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمانی عێراق و لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت لایەنە حکومییەکانیش گفتوگۆ بکات".

هێمن هەورامی، دەڵێ: "چوونی شاندی پەرلەمان بۆ بەغدا بۆ پشتیوانیکردنە لە رێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا بە تایبەتی لە بابەتی رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە و 50٪ داهاتی ناوخۆ بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنێک بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بودجەی 2021 جێگیر بکرێت. بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕێی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەکەین، کە بڕیارە سبەی سێشەممە کۆبوونەوەکە بکرێت".

سەبارەت بە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمانیش، هێمن هەورامی گوتی: "دەبێت چاوەڕێ بکەین بزانین لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق چۆن مامەڵە لەگەڵ رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجەی 2021 دەکەن، گرنگ ئەوەیە پرۆژە یاساکە بگاتە پەرلەمان. بۆیە ئەم هەفتەیە ناتوانین دانیشتنی پەرلەمان بکەین، بەڵام ئەگەری زۆر هەیە هەفتەی ئاییندە دوای رۆیشتنی شاندەکەی هەرێمی کوردستان پێویست بکات دادەنیشین".

پەرلەمانی عێراق چاوەڕوانە حکومەت بودجەی گشتیی ساڵی 2021ی بۆ بنێرێت، کە نزیکەی دوو مانگ بەسەر کاتی ناردنیدا تێپەڕیوە. حەسەن نازم، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، بە راگەیاندنی فەرمیی عێراقی گوتووە: "چاوەڕوانین ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سێشەممەی داهاتوو پرۆژەیاسای بودجەی گشتی 2021 پەسەند بکات، ژمارەیەک پلەی دامەزراندن لەنێو بودجەی 2021 دا هەن و حکومەت بەسەر کەسانی شایستە دابەشیان دەکات".

دوای دووجار دواخستن، بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سێشەممەی داهاتوو، لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی 2021 تاوتوێ و پەسەند بکات، هەرچەندە بەپێی یاسا دەبوایە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 لە 15ی مانگی تشرینی یەکەمی 2020 رەوانەی پەرلەمان بکرایە.

سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ـی عێراق، فەیسەڵ عیساوی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، شەممەی رابردوو 5ـی کانوونی یەکەمی 2020، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت، لەگەڵ 50٪ـی داهاتی دەروازە سنوورییەکان و گومرگ رادەست بکات، لە بەرامبەردا پشکی خۆی لە بودجەی دەوڵەت وەربگرێ، بەپێی ئەوەی رێککەوتنی لەسەر کراوە، کە 12.67٪، بۆیە ئەمە دەستپێکی چارەیە بۆ ئەو کێشەیە".
 

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif