تاکەی چاومان لە دەست ئەمریکا و ئەوروپا بێت بۆ هاوکارییکردنمان؟

ليست هناك تعليقات


ڕووەیدا مستەفا
-
سیاسەتمەدار و سەرکردەکان لە هەر کونجێکی ئەم جیهانە زیاتر بە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەیانەوە خەریکن تاوەکو بتوانن وڵاتیان بەهێزبکەن و ژیان و گوزەرانی خەڵک بەرەو باشتر ببەن. ئاراستەیەکی جیهانییش هەیە، لەگەڵ دەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ و ڤایرۆسی کۆرۆنا زیاتر پێشکەوت، کە سەرکردەکانی جیهان زیاتر روو لە ناوەوەن تا لە دەرەوە. ترەمپ دژ بە کۆنگرێس، سێنات، پێنتاگۆن، میدیا و تەنانەت خەڵکی ئەمریکاش هێزەکانی لە رۆژئاوای کوردستان کشاندەوە. تاکە کات کە سەرکردەکانی دونیا گرنگیی بە کوردستان دەدەن ئەو کاتەیە کە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەبێ. ئەگەر کوردستان بتوانێت ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشە دروستبکات، سەرنجی وەبەرهێنانی دەرەکیی و بڕیار-دروستکەرە راستەقینەکان رادەکێشێت. ئەوکات کوردستان دەتوانێت وەک هەرێمی ئۆتۆنۆم لە عێراقدا پەیوەندیی تەندروست لەگەڵ دونیا دروستبکات. بۆ ماوەیەکی درێژ، حکومەتی هەرێم لەڕێگەی پارەدان بە گرووپەکانی لۆبیکردن لە واشنتن سیاسەتی خۆی پێشخستووە، هەمیشەش شکستیان پێهێناوین. حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوەشدا شکستیخواردووە سیاسەتی خۆی لەڕێگەی ئەندام پەرلەمانە بێکەڵکەکانی بەریتانیا لە لەندەن بباتە پێش کە نە کەس گرنگییان پێدەدات، تەنانەت کەس رێزیشیان ناگرێت.

نموونەی گرووپی ئاپێپێگێ - کوردستان نمونەیەکی زۆر زەقی ئەو شکستەیە. دوایین چالاکیی ئاپێپێگێ - کوردستان لە پەرلەمانی بەریتانیا تەنیا یەک کەسی ناسراوی تێدابوو، کە داوایان لە بەریتانیا کرد کە لەڕێگەی گفتوگۆیەکی ڤیدیۆیی مەجازییەوە وەفدێکی بەریتانیی لەگەڵ سەرکردە کوردەکان قسەبکات. کاتێک چالاکییەکە لەسەر ئینتەرنێت دەخوێنیتەوە، بە شێوازێکی زۆر ناڕوون و ناڕێک نووسراوە. زۆر پرسی جیاواز تێکەڵ دەکات؛ باسی داعش، گەشتیاریی، کەرتی تایبەت و گەندەڵیی دەکات. هیچ روونییەک یان گرنگییەکی بۆ گۆڕەپانی سیاسیی بەریتانیی نییە. من تووشی شۆک و شەرمەزاریی بووم کە جوڵەکەم خوێندەوە. وەک مانگی چواردە هاوار دەکات کە گرووپەکە زۆر بە سادەیی تەنیا لەپێناوی هەبووندا دروستبووە بێئەوەی هیچ پلانێکی راستەقینە یان ستراتیجێکیان هەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندیی کوردستان - بەریتانیا پێشبخەن. لەوە باشتر دەستناکەوێت کاتێک هەندێک پیاو لە نیوەی تەمەنیاندا وا بیردەکەنەوە کە دەرکەوتنی چالاکییەکان لە ئەنجامی بەرجەستەبوو گرنگترە.

جیاوازیی لەنێوان دروستکردنی پەیوەندیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و پارەدان بۆ پشتیوانیی ئەوەیە کە بەرژەوەندیی هاوبەش دەتوانێت کوردستان لە مەوقیفێکی ناپەیوەستەوە بباتەی مەوقیفێکی بچووک، بەڵام ئەکتەرێکی مانابەخش. دروستکردنی پەیوەندیش لەڕێگەی پارەدان بە گرووپەکانی لۆبییەوە، ئەوکاتە کۆتایی دێت کە پشتیوانییە دارایییەکان بۆ گرووپەکانی لۆبی دەوەستێنرێت. 

لۆبییکردن لە سێبەرەکانەوە، هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی میدیا و پارەدان بۆ ئەوەی پەیامێک بڵاوببێتەوە بە تێپەڕبوونی کات خۆی پێشدەکەوێت، بەڵام ئەوە کورد نەیتوانیوە لێی تێبگات ئەوەیە کە هەر کۆمپانیایەکی لۆبیکردن کوردستان وەک کڕیارێک دەبینن بۆ ئەوەی پارە بەدەستبێنن، بۆ ئەوەی بۆ خوێنەر زیاتر روونبکەمەوە، کۆمپانیا و دەزگەکانی لۆبیی لە بنەڕەتەوە ئامانجیان بەدەستهێنانی پارەیە. دەکرێت ئەمڕۆ لۆبیکارێک یان کۆمپانیایەکی لۆبیی هاوکارت بێت، دەکرێ سبەی لۆبیی بۆ نەیارەکەی تۆ بکات. کێشەیەکی گەورەتری دروستکردنی دۆست و پێشخستنی پەیوەندییە سیاسییەکان و ئابوورییەکان لەڕێگەی لۆبییەوە ئەوەیە دەکرێت، بۆ نموونە، کوردستان گەمەکە بدۆڕێنێت هەرکاتێک نەیارێکی کوردستان توانی پارەی باشتر بداتە کۆمپانیایەکی دیکەی لۆبی. 

پەیوەندییەکان و هاوبەشێتیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش زیاتر دەمێننەوە و پڕ قازانجتریشن. بۆ نموونە، بەهۆی برێگزیتەوە - چوونەدەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتیی ئەوروپا-، هەناردە و هاوردەی بەریتانیا کاریگەریی لەسەر بەجێدەمێنێت. ئایا هەرێمی کوردستان ناتوانێت لەسەر ئەو چوونەوەدەرەوەیە هەندێک قازانج بدورێتەوە و پەیوەندییە ئابوورییەکانی خۆیی و بەریتانیا پێشبخات؟ من هەرگیز تووشی شۆک نابم ئەگەر بزانم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ لێکۆڵینەوەیەک و توێژینەوەیەکی لەو بارەیەوە نەکردبێت. ئەمە پێویستی بە لۆبیکردن نییە، تەنیا پێویستی بەوەیە تیمێکی ئابووریی کوردستان رابسپێردرێت بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە و بزانێت لە کوێدا دەتوانین بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ بەریتانیا دروستبکەین.

زیاتر لە هەر رۆژێک پێویستمان بەوەیە هەڵسەنگاندنەوە بۆ ئاسۆی کوردستان بکەین و چۆن پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ رێکبخرێنەوە لەسەر بنەمای رێز و بەرژەوەندیی هاوبەش.

لە راستییدا بۆ هەبوونی پەیوەندیی باش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش تەنیا ئەوەندە بەس نییە کە تویت و پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ وەزیر و سەرکردەکانی وڵاتان بگۆڕینەوە و تازیەباریی نیشانبدەین و لە پشتی پەردەوە لەگەڵ وەزیرەکانی دەرەوەی وڵاتان قسەبکەین. هەموو ئامرازەکان بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانمان دەبێت بخرێنەگەڕ و بقۆزرێنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەبارەوە بکرێت بۆ پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی جێگیربکرێن. ئەوەش پێویستیی بەوەیە روئیایەکی نیشتمانی هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر بنەمای ئەو بەرژەوەندییە هاوبەشانە پەیوەندییەکانمان قوڵتر بکەینەوە و پێشیان بخەین، لەڕێگەی تواناکانی خۆمان. تاوەکو لە ناوخۆش سیستەمی حوکمڕانیمان بەرەوپێشتر بڕوات و سەقامگیریی و حوکمڕانیی چاک و حوکمی قانون و شەفافییەت بەهێزتر بن، وڵاتانیش خێراتر و باشتر لێمان نزیکدەبنەوە.

کوردستان تۆڕێکی بەرفراوان و سوپایەکی گەورەی لە کوردانی هەندەران هەیە کە زۆر بەسۆزن بۆ کوردستان، بەڵام هەرگیز توانا و هێزی سیاسییان وەکارنەخراوە و تەنانەت ئیعتیرافیشی پێ نەکراوە. ئەوانن دەتوانن زۆر کاریگەرانە رۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە چەسپاندنی پەیوەندییە کوردستانیی - نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی جیاجیای مانابەخش و سوودبەخشدا. هەبوونیان لە هەندەران هێزێکی باشە.




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif