شەش پەرلەمانتاری گۆڕان: پێویستە بە زووترین کات شاندی ھەرێم بچێتە بەغدا

ليست هناك تعليقات

شەش پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان بەبێ فراکسیۆنەکەیان و بەجیا راگەیێندراوێکی بەپەلە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و داوا دەکەن " بەپەلە و بە زووترین کات شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا، لەبەرامبەر دابینکردنی مووچە و بودجەدا، ئامادەیی رادەستکردنی 250 ھەزار بەرمیل و نیوەی داھاتە فیدراڵییەکان بێت."

ئەو شەش پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان کە پێکهاتوون لە: عەلی حەمە ساڵح، ئاشنا عەبدوڵڵا، شایان کاکە ساڵح، جەلال محەممەد، شیرین ئەمین و دابان محەممەد، دەڵێن "ئەگەر رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نەکرێت و ئەو گەندەڵیەی لە دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوورییەکاندا ھەیە بەردەوام بێت، ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی لەوەی ئێستا گەورەتر دەبێتەوە، بەرپرسیاری سەرەکیش حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێکهێنەرەکانی ئەم کابینەیەن."

لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا جەخت دەکەنەوە لەسەر ئەوەی "پێویستە چاکسازی خێرا لە دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوورییەکان و باجدا بکرێت، بێ دواخستن و خۆدزینەوەی زیاتر."

هەروەها فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان یاداشتێکیان ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان کردووە و رایدەگەیێنێت "دۆخی خراپی دارایی و بژێوی خەڵک و ئەو ئاڵۆزی و مەترسیانەی دەرئەنجامی قەیرانەکان رووی لە ھەرێمەکەمان کردوە پێویستە پەرلەمانی کوردستان حزورێکی جیدی و رۆڵێکی کاریگەر بگێڕێت و بڕیاری چارەسەری لەبارەوە بدات بە تایبەتی ئەو کێشانەی کە پەیوەندی بە ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ھەیە."

دەقی خاڵەکانی فراکسیۆنی گۆڕان بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان 

1. راسپاردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە لە زووترین کات لیژنەی باڵای دانوستاندن بنێرێتە بەغدا ،رێککەوتننامەی ھەرێم و بەغدا واژۆبکەن و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەرک و واجبات و نیازپاکی بسەلمێنن بە روون و راشکاوی بە پێشاندانی ئامادەیی بە رێککەوتن لەسەر کەرتی نەوت و نیوەی داھاتی خاڵە سنوورییەکان رێکەوتنێکی گشتگیر ئەنجام بدرێت.

2. ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان نیگەرانین لە خەمساردی ھەرێمی کوردستان بەرامبەر بە دابینکردنی مووچە و بژێوی و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ خەڵکی کوردستان .

3. جەخت دەکەینەوە حکومەت دەبێت داھاتی ناوخۆیی و نەوتی و خاڵە سنوورییەکان رێکبخاتەوە تا کۆتایی بەو دۆخە قەیراناویە ناھەموارە بێت کە ھەرێمەکەمان پێوەی گیرۆدە بووە، دڵنیاین داھات رێکبخرێتەوە کێشەی مووچە چارەسەر دەبێت.

4. پەرلەمانی کوردستان شوێنی نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستانە، شوێنی گفتوگۆ و بڕیاردانە، بۆ چارەسەری گرفتەکانی خەڵک، بۆیە بە پێویستی دەزانین خەمی خەڵک و گرفتەکان لە پێشەنگی بەرنامەکانی کاری پەرلەمانی بێت و دەرفەت بە فراکسیۆنەکان بدرێت بۆ دەربرینی راو بەرنامە و کارەکانیان.

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق