چیڕۆکی دروستکردنی بەناوبانگترین باڵەخانەی دونیا

ليست هناك تعليقات


کۆشکی سپی شوێنی سەرەکی نیشتەجێبوون و کارکردنی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە و دەکەوێتە سەر شەقامی پێنسلڤانیا لە شاری واشنتۆن کە پایتەختی فەرمی ئەو ووڵاتەیە، چەند ساڵێک دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئەمەریکیەکان بەسەر ئینگلیزەکان و بە وردیش لە ساڵی 1787 دەستوری ئەمەریکا نوسرایەوە، بە پێی ئەو دەستورە دەبوایە موقاتەعەیەکی فیدرالی دەستنیشان بکرێت وەکو پایتەختی ووڵات بۆ ئەوەی لەوێوە حکومەتی فیدڕالی بەباڵەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان هەروەها دادگای باڵا کارەکانی ووڵاتی تیادا ڕاپەڕێنرێت بە مەرجێک ئەو پارچە زەویە بەشێک نەبێت لەخاکی هیچ یەکێک لە ویلایەتەکان.

یەکەم کۆنگرێسی ئەمەریکا لە بەرواری 4 ی شوباتی ساڵی 1789 بە تێکڕای دەنگ جۆرج واشنتۆن یان هەڵبژارد بە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا، لە دوای ئەوە بە هەڵبژاردنی دووەم جاری (جۆرج واشنتۆن) یشەوە تاوەکو ئێستاش هەموو سەرۆکەکانی ئەمەریکا و جێگرەکانیان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی گشتیەوە چوار ساڵ جارێک ڕاستەوخۆ لەلایەن خەڵکەوە هەڵدەبژێردرێن.

لە بەرواری 16 ی تەمموزی ساڵی 1790 بڕیار درا بە دروستکردنی موقاتەعەی کۆلۆمبیا لەسەر پانتاییەکی شێوە لەوزینەیی کە درێژی هەر لایەکی 16 کیلۆمەتر بوو بۆ ئەوەی ببێتە پایتەختی ووڵات، ناویشی لێنرا واشنتۆن وەک ڕێز لێنانێک بۆ جۆرج واشنتۆن.

لە ساڵی 1792 بڕیار درا بە دروستکردنی کۆشکێکی سەرۆکایەتی وەکو شوێنی نیشتەجێبوون و کارکردنی سەرۆکی ئەمەریکا، دیزاینی باڵەخانەکە لەلایەن ئەندازیاری ئەیرلەندی جێمس هۆبان ئامادە کرا کە ئەو کاتە وەکو کۆچبەرێک لە ئەمەریکا نیشتەجێ بوو، کارەکانیش زۆربەی لەلایەن ڕەشپێستە بە ڕەچەڵەک ئەفریقیەکان ئەنجام درا کە ئەو کاتە وەکو کۆیلە لە ئەمەریکا ژیانیان بەسەر دەبرد.

لە ساڵی 1800 کارکردن لە کۆشکی سپی تەواو بوو، جۆن ئادەمز یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا بوو کە چووە ناو کۆشکی سپی، لەو کاتەوە هەموو سەرۆکەکانی ئەمەریکا لەوێ نیشتەجێ بوون و کارەکانیشیان لەوێوە ئەنجامداوە.

لە ساڵی 1812 پاشای بەریتانیا جۆرجی چوارەم بە چیڕۆکی بەهێزبوونی ئەمەریکا و دروستکردنی پایتەختی ئەمەریکا و کۆشکی سپی دەزانێت و زۆر بەوە نیگەران دەبێت، دەووترێت ئەو کاتە وتوویەتی چۆن دەبێت ئەو قەرەجانە لەوپەڕی دونیا خاوەنی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتی خۆیان بن، ئەو ساڵە پاشای بەریتانیا بڕیار دەدات بە ناردنی لەشکرێکی گەورەی دەریاوانی بەریتانی بۆ کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەمەریکا و لە هێرشێکی کتوپڕدا ئەو لەشکرە بەشی زۆری شاری واشنتۆنی پایتەختی وێران کرد بە کۆشکی سپیشەوە کە سوتێنرا و زیانی زۆری بەرکەوت، بەڵام بەریتانیەکان دوای هێرشەکە یەکسەر کشانەوە، ئەمەریکیەکان دوای ئەوە دەستیان کرد بە چاککردنەوە و دروست کردنەوەی پایتەخت و کۆشکی سپی کرد، لە ساڵی 1817 وەکو خۆیان لێکردەوە.

لەبەر ئەوەی باڵەخانەی کۆشکی سپی لە بەردی سپی دروست کرابوو هەر لەسەرەتاوە خەڵکی واشنتۆن ناویان لێنا کۆشکە سپیەکە، بەڵام بە فەرمی ناوی کۆشکی سەرۆک بوو، لە ساڵی 1901 تیۆدۆر ڕۆزڤڵت کە سەرۆکی بیست و شەشەمینی ئەمریکا بوو ناوی باڵەخانەکەی بە فەرمی گۆڕی بۆ کۆشکی سپی.

لوقمان حەوێز/ تێکساس
پەیام

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif