ڕاگەیەندراوی کۆبونەوەی هاوبەشی یەکێتی و پارتی

ليست هناك تعليقات



کۆبونەوەی شاندی نێوان یەکێتی و پارتی لە سەرۆکایەتی هەرێم کۆتایهات و ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەسەر ئەنجامی کۆبونەوەکە بڵاوکردوە.

بەگوێرەی دەقی ڕاگەیەندراوەکە هەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەوەی‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی جددی و كرده‌یی بنێن بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی نێوانیان و هه‌موو تواناكانیان بخرێنه‌ گه‌ڕ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ و پشتیوانیی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ خزمه‌تكردنی هاووڵاتیان.


هەروەها یەکێتی و پارتی لەسەر پرسی پاراستنی سەقامگیری و ئارامی هەرێمی کوردستان کۆکبوون و ڕایانگەیاندوە پاراستنی ئەرکی هەموو لایەکە.
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌: 
كۆبونه‌وه‌ی هاوبه‌شی 
پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه ٢٠٢٠/٩/١١ له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاماده‌بونی به‌ڕێز بافڵ تاڵه‌بانی، هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبونه‌وه‌.

له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا وێڕای به‌خێرهێنان و سوپاسكردنی شاندی هه‌ردولا له‌لایه‌ن به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، تیشك خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی سیاسی به‌گشتی و بارودۆخی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و گیروگرفتانه‌ی به‌رۆكی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانیان گرتوه‌، به‌تایبه‌تی له‌ڕوی ئابوری و داراییه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی لێكه‌وته‌كانی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌، جیهان و عێراق و هه‌رێمی كوردستانی گرتوه‌ته‌وه‌. 

به‌ڕێزیان جه‌ختی له‌ گرنگیی كاری هاوبه‌شی نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌تی نێوان پارتی و یه‌كێتی كرده‌وه‌ و ئاماده‌ییی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانی نیشان دا بۆ پاڵپشتی و هاوكاریی سه‌رخستنی كاری پێكه‌وه‌یی و هه‌ماهه‌نگیی نێوان هه‌مو لایه‌نه‌كان.

دواتر شاندی هه‌ردولا گفتوگۆی ڕاشكاوانه‌ و به‌رپرسانه‌یان له‌سه‌ر كۆی پرسه‌كان كرد و دوپاتی به‌رپرسیاریه‌تیی هاوبه‌شیان به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی سیاسی و حوكمڕانی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌. هه‌ردولا كۆك بون كه‌ پێویسته‌ پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوی جددی و كرده‌یی بنێن بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی نێوانیان و هه‌مو تواناكانیان بخرێنه‌ گه‌ڕ بۆ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ و پشتیوانیی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان.

بارودۆخی ئه‌منیی هه‌رێمی كوردستان و ڕێزگرتن له‌ قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستوریی هه‌رێم ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌كه‌ بو. هه‌ردولا كۆك بون كه‌ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیریی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ركی هه‌مو لایه‌كه‌.

هه‌ردولا پشتگیریی خۆیان بۆ ئاماده‌كارییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان بۆ سه‌رخستنی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ی عێراق دوپات كرده‌وه‌ و له‌م ڕوه‌وه‌ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان نوێنه‌رانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا به‌رز هه‌ڵسه‌نگێنرا و دوپاتی به‌رده‌وامیی ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ كرایه‌وه‌.

له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌دا هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ جێبه‌جێكردنی ڕێككه‌وتنه‌ سیاسی و ئیدارییه‌كانی نێوان هه‌ردولا كرا، له‌ نێویشیاندا بابه‌تی لامه‌ركه‌زییه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان. هه‌ردولا پابه‌ندیی خۆیان دوپات كرده‌وه‌ به‌ ڕێككه‌وتنی سیاسیی نێوانیان و به‌رنامه‌ی كاری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی لامه‌ركه‌زییه‌ت له‌ هه‌رێم و شۆڕكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان و له‌ئه‌ستۆگرتنی به‌رپرسیاریه‌تیی ھاوبه‌ش و نه‌هێشتنی ڕۆتین له‌ ڕاییكردنی كاری هاوڵاتییان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌ و خزمه‌تگوزارییه‌ گشتیه‌كان. له‌م ڕوه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان به‌ ئه‌رێنی هه‌ژمار كران و دوپاتی به‌رده‌وامیی كاری هاوبه‌ش بۆ جێبه‌جێكردنی ته‌واوی ڕێككه‌وتنه‌كان كرایه‌وه‌ و میكانیزمی گونجاو له‌و ڕوه‌وه‌ بڕیاری لێدرا.

له‌ كۆتاییی كۆبونه‌وه‌كه‌دا، دوپاتی به‌رده‌وامیی كاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگی له‌ناو دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا كرایه‌وه‌ كه‌ ئامانج لێی خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان و تێپه‌ڕاندنی ئه‌و بارودۆخه‌ سه‌خته‌ی سه‌ر شانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان 
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان 
٢٠٢٠/٩/١١


ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif