بەسە ئیتر کوشتنی ئافرەت بوەستێنن

ليست هناك تعليقات


دکتۆرە دیلمان ئازاد حسن
-
هەمان کارەسات لەناو کۆمەڵگا دووبارە دەبێتەوە و بەبیانوی ناشرین بۆ کوشتنی ئافرەت..ئێمە لە پزیشکی دادوەری مانگانە چەندین کوشتنی نا حەقی ئافرەتان بەچاوی خۆمان دەبینین لەسەر دەستی کەسوکاریان ڕودەدات بەبێ ئەوەی کاردانەوەیەکی ئەوتۆ هەبیت لەسەر کوشتنیان.

لەکاتی ئێشکگریم بوو شەو درەنگ ئافرەتیک لەناوەراستی تەمەنیدا کە هێنرایە پزیشکی دادوەری لەلایەن پۆلیس بەپێی وتەی شایەت حاڵەکان: لەماڵی خۆی لەحەمام مێردەکەی کوشتویەتی بەبەکارهێنانی چەقۆ لەپێش چاوی منداڵەکانی کە بەراستی زۆر بە درندانە کوشتبووی و زۆر کاری تێمکرد و تەماشای ئافرەتەکەم دەکردو لەدڵی خۆم دەموت، (دەبێ رقی چ شتێک وا گەورە بێت ئەو ئافرەتە وا بەشێوەیەکی دڕندانە بکوژرێت).

ئەو ئافرەتە خاوەن منداڵە زۆر بێناز فرێدرایه‌ پزیشکی دادوەری و کەسیش نەهاتە دوای. وەکو پزیشکی دادوەری پشکنینی خۆمانمان کردو راپۆرتمان نوسی.

لێرەدا پرسیارەک دیتە ئارا، تاکەی کۆمەڵگه‌ وا بمێنێ‌و تاکەی کوشتنی ئافرەت وائاسان بێت ئەوە جگە لەکارەساتی کوشتنەکە دوای مردنیشی ئابڕۆی دەبەن و باسی دەکەن ناهیلن روحی بحەسێتەوە.

ئەی ئەو کارەساتە جەرگ برە کە لەپێش چاوی منداڵەکان ڕوودەدات دەبێت کاریگەری دەروونی ئەم مندالانە چۆن بیت و باری دەروونیان چی لێبیت. لەداهاتوو چییان لێدەرچێت.. باشە هەر هۆکارێک هەبیت هەر بیانۆیەکت هەبێت فەرمو رێگای دادگا بگرەو بڕۆ لێی جیا ببەرەوە. تۆ بۆت نەهاتووە کۆتایی بەژیانی کەسێک بێنی و منداڵ لەنازی دایکی بێبەش بکەی، ئەی باشە کە کوشتت کێشەکەت چارەسەر کرد! بەدڵنییاییەوە نەخێر بەڵکو قوڵترت کرد 

بەداخەوە بۆ کۆمەڵگایەک کە ئافرەتیک دەکوژێ زۆر بەئاسانی دەلی لەسەر شەرەف کوشتم و بەئازایش وادەلی.... دوایی بیر ناکاتەوە ئەو منداڵە بەستەزمانانە لەم کۆمەڵگایە داهاتوویان دەفەوتی بەهۆی ئەو ئابرو بردنە ئەوە جگە لە دایکیان بێبەش دەبن لەناو کۆمەڵگاش زەحمەت جێگایان دەبتەوە...ئایا ئیمەی ئافرەت قەرداری ئافرەتبوونمانین؟؟ حەزدەکەم بزانن ئەوە کاریکی نامرۆڤانەیە.

کوشتن یان توندو تیژی دژی ئافرەت ئازایەتی نییە بەلکو لوتکەی نامرۆڤایەتییە.
وەکو پزیشکیک زۆر کاری تێکردم ئەم بابەتە هەرچەندە من ئەو بابەتانە باس دەکەم بەلکو بتوانین هەندی دیاردەی ناشرینی ناو کۆمەڵگا بگۆرین ..
(هەر حالەتیک کە باسی دەکەین بەو جۆرە دەستکاری دەکەم کە نەناسریتەوە تەنها بەرچاو ڕوونی بیت بۆ کۆمەڵگایەک کە خۆم لەناوی دەژیم و منداڵەکانمان لەناوی گەورە دەبن).

پسپۆری پزیشکی دادوەری
مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی

ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق

adv/https://www.facebook.com/QaiwanGroup|https://i.postimg.cc/Nfy5msCp/Kurd-Plate-Qg-12-4.gif