وڵاتانى عه‌ره‌بى ده‌بن به‌ ژێر قه‌رزه‌وه‌‌

ليست هناك تعليقات



به‌پێى راپۆرتێكى شیكارى پێگه‌ى ئیكینۆمیست، قه‌رزه‌كانى سه‌ر وڵاتانى عه‌ره‌بى زیاتربوون و له‌ داهاتوودا قه‌رزى زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م وڵاتانه‌ كه‌ڵه‌كه‌ ده‌بێت، باس له‌وه‌ ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌ى رێژه‌یه‌كى زۆرى بوودجه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بى بۆ مووچه‌ و خه‌رجى كه‌رتى گشتى ده‌چێت، بۆیه‌ سوود له‌ قه‌رزه‌كه‌یان نابینن بۆ گه‌شه‌دان به‌ ئابورییه‌كه‌یان.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، له‌ چوارچێوه‌ى هاوكێشه‌ى زیادبوونى قه‌رزى جیهانیى له‌ زۆرێك له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بى، قه‌رزكردن هاوشانى وه‌به‌رهێنان په‌ره‌ ده‌سێنێت، په‌تاى قه‌رز زۆرینه‌ى وڵاتانى عه‌ره‌بى گرتووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام میسر له‌ هه‌موان دۆخى خراپتره‌ چونكه‌ به‌ رێژه‌یه‌كى نا ئاسایى قه‌رزه‌كانى هه‌ڵده‌كشێت.

هۆكارى سه‌ره‌كى قه‌رزاربوونى زیاترى وڵاتانى عه‌ره‌بى ناجێگیرى و دابه‌زینى نرخى نه‌وت و به‌رخۆرى ئابورییه‌كه‌یانه‌، كه‌ ئابورییه‌كى خۆبژێوى نییه‌ و پشت به‌ داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستن.

شه‌ش ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى هاریكارى كه‌نداو ژماره‌ى پێوانه‌ییان تۆمار كردووه‌ له‌ به‌رزبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى قه‌رزه‌كان، به‌ رێژه‌ى 100 ملیار دۆلارى ئه‌مریكى له‌ قه‌رزى گشتى و قه‌رزى كۆمپانیاكان، له‌ 10 مانگى یه‌كه‌مى ئه‌مساڵدا.

به‌پێى گۆڤارى ئیكۆنۆمیست، پێش بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا، حكومه‌ته‌ عه‌ره‌بییه‌كان په‌نایان برده‌ به‌ر قه‌رزى نوێ، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ڕێگه‌ى قه‌رزه‌وه‌ رووبه‌ڕووى دابه‌زینى نرخى نه‌وت و ئابورییه‌ وه‌ستاوه‌كه‌یان ببنه‌وه‌، بۆیه‌ پێشبینیكراوه‌ كه‌ قه‌رزه‌كانى سه‌ر وڵاتانى عه‌ره‌بى له‌ وڵاتانى عه‌ره‌بى ریكۆردێكى مه‌ترسیدار تۆمار بكات له‌ دوو ده‌یه‌ى داهاتوودا.

گۆڤاره‌كه‌ پێشبینى كردووه‌، رێژه‌ى قه‌رز له‌ سعودیه‌ له‌ ساڵى داهاتوو بگاته‌ سه‌دا 34 هه‌روه‌ك بۆ كوه‌یت و ئیمارات پێشبینى كردووه‌، رێژه‌ى قه‌رزه‌ نزیكه‌ى سه‌دا 37 و سه‌دا 38 بێت، هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌كردووه‌، ئه‌م وڵاتانه‌ خه‌رجى ناوه‌ندى زۆریان ئاماده‌كردووه‌، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ى سندوقى‌ سامانه‌ سیادییه‌كانیان هه‌یه‌، بۆیه‌ ژماره‌كان بۆ ئه‌مان زۆر تۆقێنه‌ر نین.

بەڵام ئاماژه‌ى به‌ چه‌ند وڵاتێكى دیكه‌ى نه‌وتیى كردووه‌، كه‌ پێشبینى ده‌كرێت رێژه‌ى قه‌رزه‌كانیان به‌رزتر بێته‌وه‌، چاوه‌ڕوانكراوه‌ كه‌ رێژه‌ى قه‌رز له‌ به‌حره‌ین بگاته‌ سه‌دا 131 له‌ ساڵى داهاتوودا، هه‌روه‌ها له‌ سه‌ڵته‌نه‌تى عومانیش رێژه‌ى قه‌رز ده‌گاته‌ سه‌دا 89 ئه‌گه‌ر بازاڕى نه‌وت هیچ ئاماژه‌یه‌كى ئیجابى پیشان نه‌دات بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخه‌كان.

بەپێی شیكاریى گۆڤارەکە، قەرزه‌كانى میسر لە ساڵی داهاتوودا بۆ سه‌دا 91 به‌رز ده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها قه‌رزه‌كانى ئوردن بە ڕێژەی سه‌دا 89 و تونس-یش سه‌دا و 86 به‌رز ده‌بێته‌وه‌.

به‌پێى شیكارییه‌كانى گۆڤاره‌كه‌، ئه‌م قه‌رزانه‌ هیچ شتێكى ئه‌وتۆ پێشكه‌ش به‌ ئابوورى وڵاتانى عه‌ره‌بى ناكات، چونكه‌ زۆربه‌ى زۆرى بوودجه‌كه‌یان بۆ بوودجه‌ى به‌كاربردن ده‌ڕوات، نمونه‌ى كوه‌یتى هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ سه‌دا 70ى بوودجه‌كه‌یان بۆ مووچه‌ و خه‌رجییه‌ گشتییه‌كانى كه‌رتى گشتى ده‌ڕوات.

ناوى عێراق له‌ ریزبه‌ندى قه‌رزارانى وڵاتانى عه‌ره‌بیدا ناوێكى دیاره‌، چونكه‌ قه‌رزه‌كانى عێراق تا ناوه‌ڕاستى ئه‌مساڵ بریتیبوون له‌ 40 ترلیۆن دینار قه‌رزى ناوخۆیى و 23 ملیار دۆلار قه‌رزى بیانى. كه‌چى عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ قه‌رزكردن و بۆ دابینكردنى مووچه‌ى ئه‌م چه‌ند مانگه‌ى ئه‌مساڵ كه‌ دابه‌شنه‌كراوه‌، داواى قه‌رز ده‌كات. بۆیه‌ش به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان عێراق تا دێت زیاتر قه‌رزار ده‌بێت.

ئه‌وه‌ى مه‌ترسیدارتره‌ رێژه‌ى پشت به‌ستنى عێراق به‌ داهاتى نه‌وت، سه‌روو سه‌دا 90 و زۆرینه‌ى ره‌هاى بوودجه‌كه‌ى بۆ خه‌رجى به‌كاربردن ده‌چێت، واته‌ بۆ مووچه‌خۆر.

ئه‌مه‌ش ماناى وایه‌ قه‌رزه‌كان سوودى ئه‌وتۆیان بۆ چاكسازى له‌ ئابوورى وڵاتانى عه‌ره‌بییدا نییه،‌ به‌ڵكو ته‌نها دۆخى ئابورییه‌ به‌رخۆره‌كه‌ راده‌گرێت، به‌و پێیه‌ى زۆربه‌ى قه‌رزه‌كان بۆ مووچه‌یه‌ و وه‌به‌رهێنانى پێناكرێت بۆیه‌ هه‌موو قه‌رزه‌كان ده‌بن به‌ پاره‌و له‌سه‌ر شانى وڵاتانى عه‌ره‌بى كۆده‌بنه‌وه‌.
ڕاپۆرتی پەیسەر پرێس




ليست هناك تعليقات

إرسال تعليق